خەڵکی گوندی #زەڵم# لەدایکبووی ساڵی #21-09-1981# لە شارەدێی #خورماڵ#، دانیشتووی #سلێمانی#یە، هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمە لە زمانی ئینگلیزیدا، لە ساڵی 1997 دەستی بە نووسینی هۆنراوە کردووە، لە بڵاوکراوەی هەنگاو، ڕۆژنامەی ئایندە و داهێنان، گۆڤاری ئایندەسازی هۆنراوەئ بڵاوکراوەتەوە.
هۆنراوەی ئازاد و هایکو دەنووسێت.
ئەندامی #یانەی شیعری هایکوی کوردی#یە.
زیاتر لە (15) ساڵ ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی و ڕاگەیاندنی هەیە، لە سێیەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی (گوڵعەنبەر)دا بۆ شیعر و چیروک و لێکۆڵینەوە بە لێکۆڵینەوەی (کۆمەڵگەی مەدەنی دەوڵەت و کۆمەڵگە) بەشدار بووە، پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە، لە پێنجەمین و شەشەمین و حەوتەمین فێستیڤاڵی گوڵعەنبەردا ئەندامی لیژنەی باڵا بووە، لە فێستیڤاڵەکانی (میهر و ستایش و نزا)دا ئەندامی لیژنەی باڵا بووە، ئەندامی لیژنەی ڕاگەیاندنی کۆنفرانسی بووژاندنەوەی هەورامان و گوندەکانی دەورووبەری بووە، خاوەنی بیرۆکە و ئەنجامدەری مەراسیمی بەخشینی زیاتر لە (92)کتێبی (کاروانی ژیانم) ی پ.د.موستەفا زەڵمی بووە.
3ساڵ ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەیەکی ڕادیۆیی بووە بە ناوی (بۆژین) تایبەت بە پرسەکانی ژنان.
نموونەیەک لە هۆنراوەکانی:
کچە پاییزی
کۆڵانێک لە مندا هەیە:
هێندە دێرین
ڕێگەی شاعیرانە دەگرێ،
پیاسەی ئەوین
دەمباتەوە بۆ
بەردەرگای غەم!
کتێبێک لە مندا هەیە:
خۆڵەمێشی
حەرفی عاشقانە دەگرێ،
پێناسەی ژیان
دەمباتەوە سەر
کەندەڵانی ژێر تەم!
شیعرێک لە مندا هەیە:
ئەرخەوانی
ڕەنگی برینی یار دەگرێ
تەرجەمەی عیشق
دەمباتەوە بۆ
گڵکۆی سوتماکی پەروانە شەم!
پاییزێک لە مندا هەیە:
هێندە زیز
کۆخەیاڵێکی شین دەگرێ،
ئاسۆی سپی
دەمداتە بەر
پرتەوی ون و زەردەی ماتەم!