ئەمڕۆ دووشەممە 24/2/2020 بە سەرۆکايەتيی بەڕێز نێچيرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک وەزيرانی هەرێمی کوردستان و سەرکردەی لايەنە سياسييه سەرەکييەکان، بە بەشداريی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابينەی داهاتووی حکوومەتی فيدرالی عێراق، کۆبوونەوەيەک ئەنجام درا.
کۆبوونەوەکە تايبەت بوو بە خستنەڕووی دەرەنجامەکانی سەردانی شاندی لايەنە کوردستانييەکان بۆ بەغدا و گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لايەنە سياسييە عێراقييەکان و بەڕێز محەمەد عەللاوی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو.
دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی سەردانی شاندەکە، لە ڕوانگەی پەرۆشی بۆ دۆزينەوەی چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای عێراق و بەشدارييەکی کارا لە چارەسەرکردنی کێشەکان، کۆبوونەوە گەيشتە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە:
1- کار بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک دەکەين کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای عێراقی هەبێت و کاری جددی بۆ گێڕانەوەی سەقامگيری بۆ عێراق و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات و جێگەی بڕوا و متمانەی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق بێت.
2- ئه و هەنگاوانەی تا ئێستا لەلايەن بەڕێز عەڵلاوييەوە نراون بۆ زۆرێک له لايەن و پێکهاتەکانی گەلی عێراق جێگەی دڵنيايی و متمانە نين، بۆيە داوا دەکەين کە پێويستە پێداچوونەوە بە شێوازی کار و بەرنامەکەيدا بکرێتەوە بە جۆرێک کە حکوومەتی ئايندە داخوازيی هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بهێنێتە دی.
3- داکۆکی و پێداگری لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی سەرجەم مافە دەستوورييەکانی هەرێم و ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکەينەوە، پێکهاتەکانی کوردستان و دامەزراوە فەرمييەکانی هەرێمی کوردستان، تەنها لايەنی شەرعيی بڕياردەرن لە دەستنيشانکردنی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فيدرالی لەسەر بنەمای هاوبەشيی ڕاستەقينەی نيشتمانی و هاوسەنگی و سازان.
4- ئێستا عێراق ڕووبەڕووی تەحەدياتی گەورەی ناوخۆيی و دەرەکی بووەتەوە و بە وەرچەرخانێکی مەترسيداری مێژووييدا تێدەپەڕێت، بۆيە داوا دەکەين کە پێويستە سەرکردە سياسييەکانی عێراق لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنيشن و بگەنە بڕيارێکی يەکگرتووی نيشتمانی.
5- لەپێناو هێنادی ئەم ئامانجانەدا، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لايەنە سياسييەکانی ديکەی عێراق، لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕينەوە بەردەوام دەبێت.
#24-02-2020#