بابەت: وتار
ئامادەکردنی #ڕەسوڵ بۆسکێنی#
دوای خوێندنەوەی بەسەرهاتی ژیانی، زۆر سەرسامی بەهرە و سەلیقە و وردکاری بلیمەتێک بووە، لەبەر شارەزایی و لێهاتوویی، بە بەهرەی جوانی توانیویەتی بەهێزترین پەیوەندیی نێوان هونەری شێوەکاری و ئەدەبی کوردی دروست بکات.
یەکەمین شێوەکاری کوردە بەشێوەیەکی ئەکادیمی پەیمانگای هونەره جوانەکانی خوێندووە، هێڵکاری چەندین کاری دانسقەی کێشاوە، تەنانەت دیزاینی پارەی عیراقی کردووە، زۆر کەم بەدوای پارە و سامانەوە بووە، کەچی ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە، بێگومان ئه و شایانی ئەوەیە چەندان بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لەبارهی بنووسرێ، کەچی ئه و لە گۆشەیەکی خامۆشدایە و کەمتر لەبارەی دەزانین، ئه و زاتە پڕ بەهرە و وردەکارە هونەرمەندی نیگارکێش #بەدیع باباجان#ە، بەدیع کوڕی حسین باباجان لەساڵی 1923 له شاری کەرکووک، لە گەڕەکی ئیمام قاسم له دایک بووە، دکتۆر حسین باباجانی باوکی پزیشکی نەشتەرکاربوو، له ئیستانبوڵ پزیشکی خوێند بوو، له شاری کەرکووک خانوویەکی گەورە و حەوشەیەکی فراوان و باخێکی پڕ له میوەی تێدابوو، له و ماڵەدا چەند ژوورێکی تەرخان کردبوو بۆ بینینی نەخۆش، دیوەخانێکی گەورەشی هەبوو لەلایەن دۆستان و برادەران، زۆرجار کۆڕی ئەدەبی تیا دەبەسترا، حوسەین ئەفەندی لەبەر دەستبڵاوی ڕۆژانە چی دەستبکەوتایە خەرجی دەکرد.
سەردەمی منداڵی
بەدیع باباجان لە تەمەنی 5-6 مانگیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات، لە سۆزی باوکی بێبەش بووە، به و هۆیەوە خۆی و هەردوو براکەی و دایکیان لە هەژاری و نەهامەتیدا ژیاون. هەر بە منداڵی لەناو باخچەی ماڵەکەیاندا هەستی هونەری شێوەکاری لە ناخیدا سەرهەڵدەدات، بەدرێژایی ڕۆژگار له کاغەزی ڕەنگا و ڕەنگ شێوەی گوڵ و دار، لە قوڕی سوور پەیکەری فیل و باڵندە، لەکارتۆن فڕۆکه و خانووی دروست دەکرد.
بەدیع باباجان بۆ خوێندن چۆتە سلێمانی و له ماڵی ئامۆزاکانی نیشتەجێ بووە، کاتێک دەچێتە قوتابخانەی سەرەتایی هەمان حەزو خولیای هونەریی خۆی بۆ ئەوێ دەبات، لەسەر پەڕەی دەفتەرەکەی ڕەسمی چۆلەکە و باڵندەی دەکێشا، به و هۆیەوە ڕۆژێک یەکێک لە مامۆستاکانی بە تووڕەییەوە دەست دەخاته سەر دەفتەرەکەی و بەپیسترین قوتابیی وەسف دەکات! بەدیع خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواوکردووە، پاشان گەڕاوەتەوە کەرکووک، قۆناغی ناوەندی لە کەرکووک تەواوکردووە.
یەکەم کوردە بەشێوەی ئەکادیمی هونەری خوێندووە
بەدیع باباجان له ساڵی 1945چۆتە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا، خۆی ئارەزووی ئەوەی هەبووە لە بەشی مۆسیقای کلاسیکی وەربگیرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەیزانیوە نۆتە بنووسێت، لەوبەشە وەرنەگیراوە، ناچار چۆتە بەشی وێنەکێشان و له ساڵی 1950 سەرکەوتووانە بە پلەی (امتیاز) بەشی هونەره جوانەکانی بەغدای تەواوکردووە، دواتر وەک فەرمانبەرێکی هونەری لە مساحەی گشتی بەغدا دامەزراوە، لەبەر لێهاتوویی یەکێک بووە له و هونەرمەندانەی نێردراون بۆ خولی نەخشەسازی له دەرەوەی عیراق، لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی عیراقیدا لەساڵی 1964 چوونەتە سویسرا، بەڵام تەنیا هونەرمەند بەدیع باباجان له خولەکەدا سەرکەوتووبووە. لەبەر لێهاتوویی ساڵی 1973 بە مامۆستای بەشی خۆشنووسی و زەخرەفە له پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا دامەزراوە و ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بووە.
بەدیع باباجان و بەهرە هونەرییەکانی
بەدیع باباجان لە قۆناغی پاش سەرەتایی لە پیشانگەکانی وێنەدا بەشداری دەکات، وەکو قوتابییەکی نیگارکێشی لێهاتوو دەناسرێت، بەدیعی بەهرەمەند و عەوداڵی جیهانی هونەر، خۆی وتویەتی: (له منداڵییەوە خوا منی بۆ کلاسیک خەلق کردووە، تاشتەکان به سروشتی خۆیان بگوازمەوە(.
دوای تەواوکردنی خوێندن بەدیع لە بەغدا سەرقاڵی تابلۆکێشی دەبێت، هەر جارێک تابلۆیەک دەکێشێت دۆستێک دەهات و دەیبرد، ئیدی به و هۆیەوە وازی له و پیشەیە هێنا، دواتر بۆ بژێوەی ژیان، لە شەقامی ڕەشیدی شاری بەغدا لەگەڵ خۆشنووسێکی دیکە به ناوی مەهدی جبوری نووسینگەیەکیان بەناوی (الخط العربی) بۆ هێڵکاری و خۆشنووسی کردەوە.
بەدیع خۆیشی چاوەڕێی هیچ پاداشت و نرخ وەرگرتنێکی نەکردووه، له بەرامبەر ئه و وێنە و تابلۆ هونەرییانەی کێشاویەتی، وەک دکتۆر مارف خەزنەدار نوسیویەتی: بەدیع باباجان بڕیاریدابوو هەرچی کارێکی هونەری پەیوەندی بەکوردەوە هەبێت، تا ژیانی ماوە بەخۆڕایی و بێ پارە دەیکات، لەبەر ئەوە کارە هونەرییەکانی لە نووسینگە دوو جۆر بوون. یەکێکیان داهێنانی هونەریی، ئەمەیان بێ پارە بوو، ئەویتر کاری تەمغە و مارکەی بازرگانی بۆ دەزگا و کۆمپانیا و خەڵکیتر، ئەمەشیان بۆ پارەبوو لەپێناو بژێوی ژیان و باری دارایی خێزانیی بوو.
کەسایەتی بەدیع باباجان لە مێژووی هونەری شێوەکاری کوردیدا پێگەیەکی بەرزی هەیە، دەکرێت جۆری کارەکانی ئەم هونەرمەندە له دوو جۆر ڕیزبەندی بکەین، کە یەکەمیان ئه و کارە هونەریانە بووە بێ بەرامبەر کردوونی، جۆری دووەم، ئه و کارە بازرگانیانەی بۆ بژێوی ژیانی کردوونی.
وێنە هێڵکارییەکانی مێژووی ئەدەبی کورد
بەدیع باباجان وێنە و هێڵکاری زۆر لە کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەدا کێشاوە، ساڵی 1939-1949 وەک یەکەم هەنگاو هێڵکاری و وێنەی گۆڤاری گەلاوێژی کێشاوە، ساڵی 1948-1949 لە گۆڤاری نزار بەهەمان شێوە دەستێکی باڵای هەبووە. لەساڵی1970 نەخشەی دروشمی یەکێتی نووسەرانی کورد و وێنەی بەرگی چەندین پەرتوکی کێشاوە، به درێژایی پتر لە نیو سەدە ژمارەیەکی زۆر تابلۆ و وێنەی به نرخ و نایاب و سەرنجڕاکێشی بۆ ناوەڕۆک و بەرگی زۆر له گۆڤار و کتێبە ئەدەبییە کوردییەکان کێشاوە.
لە ساڵی 1950 کە تازە بەدیع باباجان پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە، مامۆستا عەلائەدین سوجادی داوا لەبەدیع باباجان دەکات بەهێڵکاری پۆرتێتی شاعیرە کلاسیکیەکان بکێشێت، بەدیع باباجان و مامۆستا عەلائەدین وا ڕێکەوتبوون، مامۆستا عەلائەدین سوجادی پێناسەی شێوە و شکڵی شاعیرەکان بۆ باباجان بکات، ئەمیش بەپێی پێناسەی ئه و سەردەمە ی شاعیرەکە تێیدا ژیاوە هێڵکارییەکە بکێشێت، مامۆستا عەلائەدین سو جادی له نامەیەکی چەند لاپەڕەییدا بەشێوازی سیناریۆی فیلم و کێشانی وێنە بە وشە، داوا دەکات ئەم هونەرمەندە کوردە وێنەی پۆرترێتی شاعیرانی کلاسیکی کوردی بۆ بکێشێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ باسکردنی ئه و شاعیرانە لە کتێبە بەنرخەکەیدا(مێژووی ئەدەبی کوردی) وێنەی ئه و شاعیرانە دابنێت، کێشانی وێنەی شاعیرانی بەرزی کورد، کارێکی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی گرنگ بوو له دروستکردنی سیما و ئەدگاری هەڵکەوتووانی کورد لە ئەندێشەی تاکی کورد. کەسێتی شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد پانتایەکی فراوانی لە ئەندێشەی کەسێتی کورد داگیرکردووە، واتا ئه و هێڵکارییانەی لە کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی)ی عەلائەدین سوجادی بڵاوکراوەتەوە، هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ ناساندنی ئه و شاعیرانه، ئەویش له ڕێگای ئەندێشە و داهێنانەکانی هونەرمەندێکی بەسەلیقەی وەکو بەدیع باباجان کراوە، بەدیع هێڵکاری چەندین شاعیری کوردی وەک :(مەلای جەزیری، بێسارانی، خانی، نالی، سالم، مەولەوی، کوردی، بێسارانی، بابا تاهیری هەمەدانی، فەقێ تەیران، حاجی قادری کۆیی، مەحوی، سالمی سنە، ئەدەب، شێخ ڕەزای تالەبانی…هتد) کێشاوە.
لەوانەیە بیرت بۆ ئەوەبچێ بەدیع باباجان چۆن وێنەی ئه و شاعیرانەی کێشاوە؟ چۆن ڕوخسارو ئاماژە دەروونییەکانی کێشاوە، وەک وتمان کێشانی وێنەی بەشی هەرە زۆری شاعیرانی کلاسیکی کوردی لەلایەن بەدیع باباجان، زادەی بیر و ئەندێشەی زانای گەورەی کورد، مامۆستا عەلائەدین سو جادییە، مامۆستا سوجادی بەهزری خۆی لەسەر تێبینی شیعرەکانیان بەنامە شێوە و دیمەنی ڕوخساری شاعیرانی کلاسیکی کوردی بۆ بەدیع باباجان نووسیوە و ئه و پۆرترێتەکانی کێشاون، بۆ نموونە سوجادی بەم شێوەیە وەسفی شاعیرانی بۆ بەدیع باباجان کردووە:
(سالم 1800- 1866 تەمەنی 66 ساڵە، پیاوێکی لاواز بووە، باڵا بەرزبووە، ڕوومەتی پان، سمێڵی ئەستوور، لووتی درێژ، ڕیشی تاشیوە، مشکی و جامانەی بەشێوەی سلێمانییانە بەستوە. چاوی گەوره بووه، لە کۆتایی تەمەنیدا زۆر غەمبار بووە.)
(مەحوی 1830- 1904 تەمەن 74 ساڵ، پیاوێکی بەدیمەن بووە، سوور و سپی بووە، چاو گەورە و برژانگ زۆر درێژنەبووە، قەڵه و بووە، مێزەری کوردانەی لەسەر ناوە، کەوا و سەڵتە و جبەی لەبەرکردووە، لووتی بەرانی بووە، ڕیشه سپییەکەی قەڵەم نەکردووە، بە ئەندازەی دوو پەنجە دەیهێشتەوە، سەرگۆنای بەرزبووە و باڵا بەرزبووە.)
بەدیع باباجان خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی ئه و وێنانەی کتێبەکەی عەلائەدین سوجادی بەناوی (مێژووی ئەدەبی کوردی) دەڵێت:
(له ساڵانی دوایی چلەکاندا تەکلیفی لێکردم کە لە بەغدا بووین، تەرکیزی دەخسته سەر وەسفی سەر و سیمایان، بەتایبەت هی حاجی قادری کۆیی زۆر ماندووی کرد تا وەسفی سەر و سیمای دۆزیەوە، ڕۆژێک پیاوێکی زۆر بەتەمەنی دیبوو، کە خۆی حاجی قادری بە چاوی خۆی دیبوو، عەلائەدین سو جادی لە خۆشیدا وەخته بوو باڵ بگرێ، هەر لەسەر ئه و وەسفە سکێچی یەکەم و دووەمی پەیکەرەکەی حاجی قادرم کێشا).
بەدیع باباجان بەم کارەی توانی بە هێزترین پەیوەندی نێوان هونەری شێوەکاری و ئەدەبی کوردی دروست بکات، مارف خەزنەدار لە نووسینێکدا دەڵێت: ئەگەرچی له دەوروبەری جەنگی دووەمی جیهانی و پاش جەنگ بەدیع وەک هونەرمەندێکی شێوەکاری کورد ناوبانگی پەیداکردبوو، بەوەی هەندێک لە بەرهەمەکانی له ڕۆژنامه و گۆڤاری کوردی بڵاودەکردەوە. بەتایبەتی له گۆڤاری گەلاوێژ، نزار، بەڵام ناوبانگی تەواوی له سەرەتای پەنجاکاندا پەیداکرد، لەوکاتەوەی وێنەی هێڵکاری کۆمەڵێک لە شاعیرانی کلاسیکی کوردی کێشا بۆ کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی، لەسەر داوای عەلائەدین سو جادی.
یەکێکی تر له و هێڵکارییانەی بەدیع باباجان به یەکێک له کارە سەرکەوتووەکانی خۆی ناوی دەهێنا، تابلۆی شەرەفخانی بەدلیسی بووە. کە کتێبی شەرەفنامەی پێڕازاوەتەوە و ئەوپەڕی بەهرەمەندی و ئەندێشە فراوانی و وردەکاری ئەم هونەرمەندە دەردەخات.
هەژار موکریانی کاتێک له وەرگێڕانی کتێبی (شەرەفنامە) بووەوە، داوای وێنەکێشانی پۆرترێتی شەرەفخانی بەدلیسی لێکردووە و ئەویش پۆرترێتەکەی بۆ دروست کردووە، هەژار هێندەی تێکستی شەرەفنامە به و وێنەیەی شەرەفخان دڵخۆش بووە.
وێنەی ڕەنگا و ڕەنگی بۆ کتێبی ئەلف و بێی کوردی کێشاوە
سەرجەم بابەتەکانی کتێبی ئەلف و بێی کوردی مامۆستا (ئیبراهیم ئەمین باڵدار) چاپی 1957 بەشێوەیەکی کوردەواریانە هەموو وێنەکان لەلایەن بەدیع باباجانەوە کێشراون، بەچاپێکی تازە و جوان و ڕەنگا و ڕەنگ خرایە بەردەست منداڵانی کورد، لەم چاپەدا هونەرمەند چەندان وێنەی ڕەنگا و ڕەنگی بۆ دارا دوو داری دی و مێوژی مام زۆراب و دۆی دادە ڕژاوە و زۆری تر کێشاوه، له چاپی ساڵانی دواتر لاسایی وێنەکانی کراونەتەوە، بەڵام بەبی ئەوەی یەک کەس ئاماژە بەناوی بەدیع باباجان بدات.
دیزاینی دراوی عیراقی کردووە
یەکێکی تر له و کارە گرنگانەی ئەم هونەرمەندە کوردە کردوویەتی، وێنەکێشان و دیزاینی دراوی کانزایی عیراقی بووە، لە ساڵی 1967 لەلایەن بانکی مەرکەزیی عیراقەوە بانگهێشت کراوە، وەک هونەرمەندێک لەسەر ئاستی عیراق ڕاسپێراوە بۆ کێشانی نەخشەسازی دراوی عیراق، باباجان وێنه و نەخشەکانی کێشاوە خۆشنووسێکیش نووسینی سەر ئه و دراوانەی نوسیوە.
بەرهەمە هونەرییەکانی تر
ئەم هونەرمەندە تا دوا ساتەکانی ژیانی بەردەوام بووە لە هونەر و کاری هونەری و داهێنانی کردووە، کار و چالاکی ئەم هونەرمەندە لەوێنەی دیزاین و مۆرو پارە و پۆرترێت و خۆشنووسی و دیزاینی ڕیکلام، تا دەگاتە بەرگی کتێب و گۆڤار و وێنەی دەم و چاوەکان، بۆ نموونە: وێنەی سەرۆکی عێراق عەبدولکەریم قاسمی کێشاوە بە ڕەنگاو ڕەنگ و زۆر کەسایەتی تریش، نوسەر و ڕۆشنبیرانی کورد داوای وێنەی هێڵکارییان له بەدیع دەکرد بۆ بەرگی کتێب و بەرهەمە ئەدەبیەکانیان.
هەمیشە نووسەر و ڕووناکبیرانی تر سەردانیان کردووە و تێکەڵاویان لەگەڵیدا هەبووە، نووسەر و ڕووناکبیری گەلەکەمان محەمەدی مەلا کەریم، ئەم هونەرمەندە برادەری چەند ساڵەی بووە لە بەغدا، باسی بەدیع باباجانی کردووە و دەڵێت:)بەدیع مرۆڤێک بوو، ڕووخسارێکی عاریفانەی هەبوو، بە ڕیشە چەرمووەکەی لەگەڵ دوو چاوە سەوزەکەی لە ژیان و هونەری دەڕوانی. زۆرجار ڕۆژانە له بەغدا دەچووم بۆ لای بەدیع باباجان، کەمێک قسەم دەکرد و باسی هونەر و ڕۆشنبیرییمان دەکرد، به قەڵەمێکی ڕەساس خەریکی تابلۆ کێشان، یان خەریکی خۆشنووسی بوو، جارجار بەدەم قسەکانییەوە پێی دەوتم:)کاکە حەمە سەیرێکی ئەم تابلۆ تازەیەم بکە بزانم بەدڵتە؟).
محەمەدی مەلا کەریم له درێژەی وتارەکەیدا لە گۆڤاری (رەنگین)دا نووسیوێتی) سیستمی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا پاشکەوتووەکەت دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساندبووی ئۆتۆمبێلێکی سادە و بچکۆڵەت پێ بێ و بچیتە سەر کارەکەت و بگەڕێیتەوە ماڵەکەت، بەڵکو ئەوەندەیشی بۆ نە ڕەخساندبووی پاش پتر لە پەنجا ساڵ خزمەت، خانوویەکت هەبێ بەدڵێکی بێ خەمەوە شەوی تیا ڕۆژ بکەیتەوە..).
بەدیع باباجان شاعیریش بووە و چەندین شیعری بەکوردی و عەرەبی و فارسی نووسیوە. لە خۆشنوسیشدا دەستێکی باڵای هەبووە، چەند پەرتوکێکی بەخەتێکی خۆش نوسیووە. ئەندامی خۆشنووسانی عیراقی بووە، ئەم هونەرمەندە به درێژایی تەمەنی پڕ له داهێنان و کۆشش و خزمەت تا کۆچی دوایی بەئارامی و بێدەنگی، خزمەتێکی مەزنی بەهونەری نەتەوەکەی کرد.
بەدیع باباجان ڕۆژی 15ی تشرینی دووەمی ساڵی 1996 بۆ دواجار ماڵئاوایی له ژیان کردووە و له شاری بەغدا بەخاک سپێردراوە.
[1]