ئەم گۆرانییە بەرهەمی مێژوویەکی پڕ سەروەرییە و بەداخەوە کە بۆ مەبەستێکی لە و جۆرە تەنز بەکاردەهێنرێت.
شێخ ئیسماعیل شێخ میرزا، سەرۆکی تیپی شاری فۆلکلۆری کوردانی ئێزیدی لە #دهۆک# چیرۆکی ڕاستەقینەی سەروسەربردەکانی ناو گۆرانی هێدی باژۆ بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە و وتی: ڕووداوەکانی ناو ئەو گۆرانییە گوزارشت لە شەڕێکی مێژوویی دەکەن، کاتێک سوپای عوسمانییەکان پەلاماری ناوچە ئێزیدییەکانی دا و فەرمانێکی گەورەی بەسەریان هێنا و جگە لە کوشتنی چەندین کەس، ماڵو سامانیشیان بەتاڵان برد، بەڵام سێ هۆزی گەورە لەڕوویان وەستانەوە و بۆ ئێمە بووەتە جێگەی شانازی، بەڵام بەداخەوە کە ئەو گۆرانییە وەک ترێند بەم شێوەیەی ئێستا بۆ مەبەستی ناپەسەند بەکارهێنرا.
گۆرانی هێدی باژۆ هی سەردەمی خەلیل بەگە و گۆرانییەکە گوزارشت لە ڕووداوێکی تراژیدیا دەکات و لەبەر ڕۆشنایی هەزاران قەتلوعام گوتراوە، ئەم گۆرانییە لەکاتێکدا گوتراوە، کە سێ هۆزی ئێزیدی لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی عوسمانی وەستانەوە، کە ئەوکات 58 گوندی ئێزیدییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرابوون، هەموو ئەو شوێنانەش کە ناوەکانیان لەناو گۆرانییەکە ئاماژەیان پێکراوە، ئەو ناوچانەن کە سوپای عوسمانییەکان لە دژی کوڕەکانی ئیبراهیم پاشا هێرشیان دەکردە سەر، بە دیاریکراویش مێژووی سەروسەربردەکانی ناو گۆرانییەکە بۆ ساڵی 1922 دەگەڕێتەوە.
هەروەها وتی: هەرچەند مێژووی سەروسەربردەکانی ناو گۆرانییەکە زانراوە کە بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی دەستاودەستکردنی ئەو گۆرانییە لەناو دەستنووس و هونەرمەندە میللیەکان لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە، تا ئێستا خاوەنی ڕاستەقینەی ئەزو گۆرانییە نازانرێت.
وتیشی: زۆرێک لە هونەرمەندان ئەو گۆرانییەیان گوتووەتەوە، بەڵام لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە بە دەنگی قاسمێ مەیرێ گوتراوە.
هەروەها وتی: ئەم گۆرانییە دەچێتە چوارچێوەی حەیرانی لاوانەوەی ماتەمگێڕی، لە و شەڕەدا کە لە ساڵی 1922 دەستیپێکرد، دوو هۆزی ئێزیدی (هۆزی شەرقییە و هۆزی دنە) کە لە شەڕەکەدا بەشدار بوون، تا ئێستاش نزیکەی 15 گوندیان لە دەوروبەری شنگال و حەسەکە ماونەتەوە و ئێستا ئەوان ئێمە بە شێخی خۆیان دەزانن و ئەوان موریدی ئێمەن.. لە و شەڕەدا 11 کەسی ئێزیدی لە پەلامارێکی تورکەکان لەناو ئەشکەوتێک کوژران، جگە لە کوژرانی سەرکردەیەکی دیار بەناوی (خەلەفێ بشار) کە ناوی لەناو زۆربەی بڕگەکانی گۆرانییەکە ڕەنگی داوەتەوە.
وەک باسیشیکرد، ئەو کات فەرمانێکی گەورە دەرهەق بە ئێزیدییەکان ئەنجامدرا و ماڵ و موڵکیان بە تاڵان برا، بەڵام ئێمە شانازی بە و مێژووەوە دەکەین، کە توانیومانە لەڕووی نەیارانمان لەپێناو پارێزگاریکردن لە خاکەکەمان بوەستینەوە، بەڵام بەداخەوە کە بەرهەمێکی وا بەنرخ بۆ مەبەستێکی گاڵتەئامێز لە تیکیتۆک و تۆڕەکانی دیکە دەخرێنە سەر گرتە ڤیدیۆی جیاواز.
ماوەی چەند ڕۆژێکە گۆرانییەکی کوردی زاراوەی کرمانجیی سەروو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە و لەسەر زۆربەی گرتە ڤیدیۆکان دادەنرێت.
گۆرانی هێدی باژۆ گۆرانییەکی کوردی فۆلکۆرە و لەلایەن گۆرانیبێژ، ئەلیاس نەدیر وتراوەتەوە و دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانیەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا.
هێدی باژۆ گۆرانییەکی فۆلکلۆری سترانبێژی شنگالی برۆ شەرقییە کە مێژووی گۆرانییەکەی بۆ 104 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، گۆرانیەکە لەلایەن چەندین هونەرمەندی دیکەوە وتراوەتەوە، برۆ شەرقی لە تەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە گرێ جەتلێ لە ڕۆژاوای کوردستان بەخاک سپێردراوە.
هێدی باژۆ بە زاراوەی سۆرانی واتە لەسەرخۆ لێبخوڕە، ئێستا گۆرانییەکە لەسەر گرتە ڤیدیۆکانی تیک تۆک بەربڵاوە، بەتایبەتی ئەو ڤیدیۆیانەی کە دیمەنی بەفربارینی چەند ڕۆژی ڕابردووی تێدایە، بە دیاریکراویش ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە دیمەنی خلیسکانی خەڵکی تێدایە و دەستەواژەی هێدی باژۆ وەک ئامۆژگارییەکی تەنزئامێز بەکاردەهێنرێت.
ئەلیاس نەدیر لە ساڵی 1949 لەدایکبووە و لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە، لە ساڵی 1963 لەسەر دەستی هونەرمەندان وسو شێخو و قاسمی مەیرو فێری گۆرانی وتن بووە، زیاتر گرنگی بە وتنەوەی گۆرانی فۆلکۆر و مەقام دەدات، لە بەناوبانگترین مەقامەکانی (عەمێ گۆزێ، تەمەر بەگێ زری، نواخی، فاتیمە ساڵح ئاغا) ، ئێستا لە کۆمەڵگەی خەنەسۆرێ ژیان بەسەر دەبات.[1]