چوارباغ سەعید
ناوی تەواوی(چوارباغ سەعید ئەسعەد غەفوری)یە، لە(26/2/1952) لە گەڕەکی(چوارباغ)ی #کۆیە#، لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لە دایکبووە، خوشکی شەهیدان(#دکتۆر خالید سەعید# و جەوهەر سەعید)ە، خێزانی هۆشمەند عەبدولمەجید براژنی شەهید #ئازاد هەورامی# یە.
دەرچوی زانکۆی بەغدا، کۆلێژی زانست بەشی(بیرکاری)یە، ساڵی(1974) لە دواناوەندی کۆیەی کچان بە مامۆستا دامەزراوە، بەهۆی براکانیەوە دەزگای(ئەمن)ی کۆیە زۆر دژایەتی کردوون و فشاری خستوتەسەر خێزانەکەیان، لە(15/9/1976)ەوە لەسەر بیروباوەڕی سیاسی زیندانیکراوە لەگەڵ(مام سەعید ئەسعەد غەفوری و خوشکێکی) تاوەکو لە(1/1/1978)دا ئازاد کراون، لە حوزەیرانی(1978) لە شەڕی #هەکاری# دا هەردوو برای(شەهید خالید سەعید و جەوهەر سەعید) شەهید دەبن.
لە(10/9/1978)دا ژیانی هاوسەری لەگەڵ(هۆشمەند عەبدولمەجید) پێک دەهێنێت، لە بەهاری(1979) هۆشمەندی مێردی دەستگیر دەکرێت لەلایەن دەزگای ئەمنەوە تاوەکو مانگی(7)ی 1979 ئازاد دەکرێت، لە(10/12/1979) لە دواناوەندی زەهرای کچان لە شاری #هەولێر# دەستبەکار دەبێت تاوەکو ساڵی(1983)، لە(22/5/1992) هاوسەرکەی هۆشمەند کۆچی دوایی دەکات، لە(31/10/1992) دەبێتە یاریدەدەر لە دواناوەندی ڕووناکی کچان و لە(23/9/1995) دەبێتە بەڕێوەبەری دواناوەندی فریشتەی کچان.
بارودۆخە سیاسیەکان لە سەردەمی حکومەتی بەعس و کوردستان لە بەرژەوەندی مامۆستا(چوارباغ) نەبوون، لەساڵی(1963-1979) خانەوادە و باوک و خوشک و مێردەکەی زیندانیکراون و ئەشکەنجە دراون، لە ساڵی(1996) لە ماوەی شەڕی براکوژی بەهۆی بارودۆخی سیاسیەوە لە ئەرکی بەڕێوەبەری دواناوەندی فریشتەی کچان دەبەخشرێت و دەکرێتە یاریدەدەر لە دواناوەندی ڕووناکی کچان و لە(14/12/2002) دەکرێتە بەرپرسی پەرتوکخانەی ناوەندی بەهاری کچان و لەوێشەوە دەیگوازنەوە بۆ بنکەی هۆیەکانی فێرکردن لە(27/10/2005)، دوا شوێن کە خزمەتی لێکردبێت وەکو مامۆستا(قوتابخانەی سەرکەشی بنەڕەتی تێکەڵاو) بووە و لە دوای نزیکەی(40)ساڵ لە ساڵی(2013)دا خانەنشین بووە.[1]