ناونیشان: دوورگەی دایمیدی گەورە و بچووک.
(دوورگەی سبەی و دوورگەی دوێنێ).
ئامادەکردن: #حوسێن عەبدوکەریم ڕۆستەم#
دورگەکانی دایمید لە دوو دورگەی سەرەکی پێک دێن و دەکەونە ناوەڕاستی گەروی بێرێنگ کە ئالاسکا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سیبیریا لە ڕوسیا فیدراڵ لە یەک جیا دەکاتەوە.
دوورگەی دایمیدی گەورە بەزمانی فەرمی ناوچەکە پێی دەوترێت دورگەی ڕاتمانۆڤ و دوورگەی دایمیدی بچووک بەزمانی فەرمی ناوچەکە پێی دەوترێت دورگەی ئاگنالۆک.
ئەم دوو دورگەیە ئاودانن و نێشتەجێبوون و جێگیربوونی کۆمەڵەی یوپێک و ئەسکیمۆ لەم دوو دورگەیە دەگەڕێتەوە بۆ 3 هەزار ساڵ لەمەوبەر و یەکەم ئەوروپی کە گەیشتە ئەم دوو دورگەیە گەریدەی ڕوسی سیمیۆنی ديزنيۆڤ لە ساڵی 1648 بوو و لە دوای 80 ساڵ سەرلەنوێ گەریدەی دانیمارکی فیتۆس بێرێنگ لە ساڵی 1728 دوو دورگەکەی دۆزیەوە.
کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکان ئەمریکا لە ساڵی 1867 ناوچەی ئالاسکای لە ڕوسیای گڕی، دورگەی دایمیدی بچووک بەشێک بوو لە پرۆسەی گڕین و فرۆشتنەکە و دورگەی دایمیدی بچووک بوو بە بەشێک لە خاکی وڵاتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، و لەسەر ئەوە سنووری نێوان هەردوو ڵات دیاریکرا و دورگەی دایمیدی گەورە درا بە ڕوسیا.
دورگەی دایمیدی گەورە بەشێکە لە خاکی ڕوسیای فیدراڵ و دەکەوێتە ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا، و دورگەی دایمیدی بچووک بەشێکە لە خاکی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و دەکەوێتە ئەوپەڕی ڕۆژئاوای وڵاتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، دورگەی دایمیدی گەورە بە 23 کاتژمێر پێش دورگەی دایمیدی بچووک دەکەوێت بەهۆی ئەوەی کە هێڵی مێژووی نیو دەوڵەتی لە نێوان ئەو دوو دورگەیە تێپەڕ دەبێت، بۆیە بە دورگەی دایمیدی گەورە دەوترێت دورگەی سبەی و بە دورگەی دایمیدی بچووک دەوترێت دورگەی دوێنێ.
هەرچەندە ماوەی نێوان ئەم دوو دورگەیە کەمە و لە 3.8 کم زیاتر نابێت و سەرەڕای ئەوەی کە دەکەونە یەک ناوچە بەڵام دوو دورگەی سەربەخۆن و دەکەونە دوو کیشوەری جیاواز، و هێڵی مێژووی نیو دەوڵەتی و سنوری نیو دەوڵەتی نێوان ڕوسیا و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا جیایان دەکاتەوە.
جیاوزای گەورەی کات لە نێوان دوو دورگەکەدا هەیە، کاتێک کات لە دورگە ڕوسیەکە پاش نیوەڕۆ دەبێت هەروەها کات لە دورگە ئەمریکیەکەیش پاش نیوەڕۆ دەبێت، بەڵام لە دورگە ڕوسیەکە پاش نیوەڕۆی سبەی دەبێت و لە دورگە ئەمریکیەکە پاش نیوەڕۆی دوێنێ دەبێت، واتا ئەگەر ماڵت لە دورگە ڕوسیەکە بوو و پاش نیوەڕۆی 12 نيسان بڕیارت دا بچێت بۆ دورگە ئەمریکیەکە ئەوە پاش نیوەڕۆی 11 نيسان دەگەێتە دورگە ئەمریکیەکە، بۆیە دورگەی دایمیدی گەورە پێی دەوترێت دورگەی سبەی و دورگەی دایمیدی بچووک پێی دەوترێت دورگەی دوێنێ، و هۆکاری ئەم جیاوازیە گەورەیە لە کات لە نێوان ئەم دوو دورگەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ تێپەڕبوونی هێڵی مێژووی نیو دەوڵەتیي (IDL) لە نێوان ئەم دوو دورگەیە.
هێڵی مێژووی نیو دەوڵەتی، هێڵێکی خەیاڵیە لە سەر نەخشە بە ناو زەریای هێمن تێدەپەڕێت بۆ ڕێکخستنی کاتە، ئەگەر هێڵەکە بەرو ڕۆژئاوا بەپەڕینەوە ئەوە کات ڕۆژێک زیاد دەکات، و بە پێچەوانە ئەگەر هێڵەکە بەرەو ڕۆژهەڵات پەڕینەوە ئەوە ڕۆژێک بۆ دواوەوە دەگەڕینەوە واتا کات ڕۆژێک کەم دەکات.[1]