ناونیشان: کاریگەری سەهۆڵ لە پێکهێنانی زەویدا
ئامادەکردن: #فازڵ عەباس ئیبراهیم#
کردارەکانی داتاشینی سەهۆڵی لە ناوچە جەمسەرییە ساردەکان و چیا بەرزەکان بەهۆی دابارینی بەفر و کەڵەکەبوونی دەست دەکات بەجوڵان لەسەر ڕووی زەوی و لەمیانەی کردارەکانی داتاشین و نیشتنەوەی سەهۆڵدا دەبنە هۆی پێکهێنانی شێوەکانی ڕووی زەوی، وە لەوناوچانەی کەوا پلەی گەرمی لە ماوەیەکی زۆری ساڵدا نزمدەبێتەوە بۆ پلەی بەستن ئەگەری ڕوودانی ئەم دیاردەیه زیاترە.
وە سەهۆڵ تایبەتمەندی ڕەقی هەیە بەهۆی بەردەوامی کەڵەکەبوونی و بەردەوامی نزمبونەوەی پلەی گەرمیەکەیەوە، وە لە دوایدا وردەورده دەست دەکات بە جوڵان و بەشێوەیەکی هێواش دەخزێت.
ئەو شێوە زەوییانەی کە لەئەنجامی داتاشینی سەهۆڵیەوە دروست دەبن:
هاتنە خوارەوەی بارستە بەردینەکان لەلایەکانی دۆڵە سەهۆڵییەکانەوە، ئەمەش یارمەتی بارستە سەهۆڵییەکان دەدات لەکاتی جوڵەکردنیاندا کرداری داتاشینیان چالاک بێت ئەم کردارەش پێی دەوترێت(مۆرین_Morain).
پارچەپارچه بووە قەباره جیاوازەکان کە لەبنکەی سەهۆڵیەکاندا دروستدەبن هەڵدەستن بەداتاشینی لایەکانی دۆڵەکە، هەروەها بارستە سەهۆڵییەکانیش پەستانێک دروستدەکەن لەسەر بنکەی ڕێڕەوەکەیان، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی کرداری داتاشینی سەهۆڵی
زیادبوونی زبری(زبرێتی - بەرز و نزمی) لە میانەی جیاوازی لە بەرزی نێوان دۆڵەکان و ناوچەکانی دەوروبەری.
درێژبوونی چاڵی درێژکۆڵەی زەمینیی: ئەم چاڵانە دوای توانەوەی بەفرەکە و کشانەوەی پڕدەبن لەئاو، ئەگەر هاتوو ئەم چاڵانە کراوەبوون بە ئاڕاستەی دەریا و بنکەکەیان نزمتر بوو لە ئاستی ڕووی دەریا، ئەوا پڕدەبن لە ئاو و ناودەبرێن بە فیۆرد.
دروستبوونی حەلبەی سەهۆڵی(دەریاچە سەهۆڵییەکانی ناوچه شاخاوییەکان) لەم ناوچانەوە کشانەوەی سەهۆڵ دەستپێدەکات.
دروستبوونی دۆڵی هەڵواسراوی زۆرلێژ وە بەرزاییە دداندارەکان و لوتکە هەرەمییە بڵندەکان.
ئەو دیاردانەی لە ئەنجامی نیشتنەوەی سەهۆڵی درووست دەبن
سەهۆڵی کەڵەکەبووی تەنیشتەکان: بریتین لەو نیشتەنییە سەهۆڵیانەی کە بەشێوەی درێژکۆڵەیی لەلایەکانی دۆڵە سەهۆڵیەکانەوە دروستدەبن.
کەڵەکەبووی ناوەڕاست: بریتیە لەو نیشتەنییە سەهۆڵیانەی کە لەئەنجامی بەیەکگەیشتنی دوو دۆڵی سەهۆڵین دروست دەبن، بەجۆرێک نیشتەنی لایەکان لە ناوەڕاستی ڕێڕەوەکەدا کۆدەبنەوە و شێوەی کەڵەکەبوی ناوەند دروستدەکەن.
کەڵەکەبوی بنکەیی:بریتییە لەو نیشتەنییە سەهۆڵیانەی کەلە بنکەی ڕێڕەوی دۆڵە سەهۆڵیەکاندا دەمێننەوەو پاش توانەوەی سەهۆڵەکە پاشماوەکەی(ئەو مادانەی کەسەهۆڵەکە هەڵیگرتوە) لەبنکەی ڕێڕەوەکەدا دەمێننەوە.
کەڵەکەبووی کۆتایی: بریتییه لەو نیشتەنیایەی کە بارستە سەهۆلییەکان لەگەڵ خۆیاندا هەڵیانگرتووە و دوای گەڕانەوە یان توانەوەی سەهۆڵەکە، نیشتەنییەکان جێدەمێنن و ناودەبرێن به زمانەی سەهۆڵین.
سەرچاوە: دەروازەیەک بۆ زانستی جوگرافیای سروشتی.[1]