$جەماوەری بەشەرەفی کوردستان$!
ساڵێک زیاترە، بە مەبەستی بەرەیەکی بەرفراوان، کە بتوانێت، زۆرترین کەسایەتی، ڕێکخراو هێزەسیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسی کۆبکاتەوە، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە، لە پێناو پێکهێنانی ئەو بەرەیەدا، کۆششکراوە و باجێکی زۆر درا، بەڵام بە داخەوە هەتا ئەمڕۆکە نەتوانراوە تێکڕای هێز و ڕێکخراوەکانی دەرەوەی دەسەڵات و گرووپەکانی فشار و خەڵکی ناڕازی کۆبکرێتەوە.
$جەماوەری خۆڕاگری کوردستان$
قەیران و تەنگژەکانی کوردستان هێندە گەورەن کە چارەسەکردنیان بەزەحمەت کەوتووە، مخابن ئێستا باشووری کوردستان، وەک گەورەترین مۆڵگەی گەندەڵی و تاڵانی خۆی دەنوێنێت؛ حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە نێوخۆیاندا لەسەر دابەشکردنی داهات ڕێککەوتوون، بەهۆی ئەو داهاتەشەوە توانیویانە یاری بە دەنگی ناڕازی بکەن و ڕەوشەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان درێژە پێ بدەن.
هەموومان دەزانین کە خەڵکی کوردستان خەونو هیواکانیان لەسەر ڕاپەڕین و ڕزگاربوون لە داگیرکاریی هەڵچنی بوو، هیواخوزابوون کە دەسەڵاتی خۆماڵی لە پێناو بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری، ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانی، باشکردنی بژێوی دانیشتوانەکەی لێبڕاوانە و شێلگیرانە تێبکۆشێ و ماندوونەناسانە کار بکات، بەڵام مخابن خەون هیواکانیان لە گۆڕنا، خەڵکی تینیوی ئازادییان هەناسە ساردکرد، گوندەکانیان ئاوەدان نەکردەوە، بایەخیان بە بژێوی بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان نەدا؛ کەچی بۆ بەتاڵانبردن و بەفیڕۆدانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان کێبڕکێیان کرد و گەورەترین کارەساتیان بەسەر گەلی کوردستان هێنا؛ ئێستا باشووری کوردستان لە دۆخێکی یەکجار خراپدایە و لەنێو قەیران و تەنگژەدا نغرۆ بووە، بەو هۆیەوە وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەران لەبەردەم خواستێکی ڕەوای مێژوویی و ڕەوشتی دان و ڕەوشەکە وا دەخوازێت، کە هەموو هێز و تواناکان یەکبخرێن و سەنگەری دەنگی ناڕازی بەهێزتر بکرێت.
بۆ دەستپێکی ئەم هەنگاوەش #بەرەی گەل# خۆی ڕادەگەیەنێت، داوا لە نیشتیمانپەروەران و ستەملێکراوان دەکات کە دڵسۆزانە پشتگیری لێ بکەن، تا بتوانین بە هێزێکی نوێوە بە گژ، گەندەڵی، بێدادی، ستەمکاری و خراپەکاریدا بچنەوە.
$جەماوەری خۆڕاگر و ستەمدیدەی کوردستان$
بەرەی گەل، بەرەی ئێوەیە، بەرەی هەموو ئەوانەیە لە ئێستا و سیاسەتی بەڕێوەبردن ناڕازین، بەو هۆیەوە بەرەی گەل دەرگەی کراوە دەبێ و پێشوازی لە هەموو کەس و لایەنێکی نیشتمانپەرەوری ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن دەکات.
$جەماوەری بەشەرەفی کوردستان$
ئێمە دڵسۆزانە داواتان لێدەکەین، کە بەرەی گەل بە ماڵی سەرەکی و ڕاستەقینەی خۆتان بزانن، ئاوەدانتری بکەن، هێز و توانای دیکەی پێ ببەخشن، چونکە بەهێزی لەبن نەهاتووی جەماوەر دەتواندرێ سیاسەتی برسیکردن و ستەمکاری بنبڕ بکرێ، خەڵکی کوردستان لە نەهامەتی و نەداری ڕزگار بکرێت.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، کە مرۆڤەکانی خاوەنداری لە خۆیان و لە مافەکانیان بکەن. گەلە کە خۆی سەرچاوەی بڕیارە، باوەڕ و متمانەی خۆی لە گەندەڵکار و وڵاتفرۆشان بستێنێتەوە و بۆ خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدات.
#30-04-2021#
#ڕێکار ئەحمەد#
وتەبێژی بەرەی گەل
[1]