ناو: ڕەسووڵ
نازناو: کەریمی (سووتاو)
ساڵی لەدایکبوون1947
شوێنی لەدایکبوون: مەهاباد
ڕەسووڵ کەریمی ناسراو بە مامۆستا سووتاو، شاعیری جواننووس و، وەرگێڕێکی بەتوانایە، مامۆستای فیزیا.
ناوبراو ساڵی 1947ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووەو بۆ ماوەی چەند ساڵ لە قوتابخانەکانی مەهاباد و دەور و بەری وانە فیزیکی گوتووەتەوە و، ئێستاش مامۆستایەکی خانەنشینە.
ساڵی 1332 لە قوتابخانەی خەیام قۆناغی سەرەتایی خوێندنی دەست پێ کرد. ساڵی 1336 بە هۆی ئەوەی کە بابی کارمەندی ئیدارەی (دوخانیات) بوو و بۆ شاری بۆکان ڕاگوێزرا هەر لەوێش درێژەی بە خوێندن دا.
ساڵی 1345 بڕوانامەی دبلۆمی وەرگرت و دواتر لە تاقیکاری کۆنکۆڕ بۆ زانکۆی تاران لە ڕشتەی فیزیک دەرچوو کە دواتر لە سەر داوای خۆی حوکمی ڕاگواستنی بۆ زانکۆی تەورێز وەرگرت. چوونی بۆ شاری تەورێز بوو بە هەوێنی ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبیاتی ئازەری و گەورە نووسەرانێکی وەک سەمەدی بێهڕەنگی.
مامۆستا دەڵێ:
من لە سەر ئەو بڕوایەم کە فیزیک و ئەدەبیات هیچ دووریەکیان لێک نیە، بەڵکوو هەر دووکیان جوانی خەلقەت دێنە پێش چاو.
بۆ نەموونە حافز دەفەرمووێ:
(طی مکان ببین و زمان در سلوک شعر که این طفل یک شبه ڕه صد ساله میرود)
کە ئەوە هەمان تیشک هاوێژی زەمانی ئەنیشتاینە و حافز شێعری بۆ هۆنیوەتەوە. دەبێ ئەوە بزانین کە فیزیک و شێعر هەر دووکیان ڕووحی مڕۆڤ ساڕێژ دەکا. ناسینی شێعر لە چاوی فیزیکەوە زۆر لە شێعر ڕازاوەترە، چون سروشت لە شێعر گەورەترە.
مامۆستا سووتاو لە سەردەمی خوێندکاریدا لەگەڵ خانمێک ئاشنا دەبێ کە بە داخەوە بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لە دەست دەدا و هەر ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆشکی ئاواتی بڕووخێ. دوای ئەو کارەساتە نازناوی سووتاوی بۆ خۆی هەڵبژارد.
ڕەسووڵ کەریمی لە ساڵی 1362ی هەتاوی بە هاوکاری عەلی حسێنیان و مامۆستا شەریف حسین پەناهی ئەنجومەنی ئەدەبی شاری مەهابادیان دامەزراند.
بەرهەمەکانی بریتین لە:
پێنج تێنووسی شیعری کلاسیک
دوو تێنووسی تایبەت بە کارەساتە تالەکانی نەتەوەیی
سێ تێنووسی شیعری نوێ
وەرگێرانی شیعری حەیدەر بابا شەهریار لە تورکی ڕا بۆ سەر کوردی
وەرگێرانی مەم و زینی خانی لە کرمانجی ڕا بۆ سەر فارسی
وەرگێرانی چیرۆکی مناڵان
چەند شیعری فارسی شاعیران، وەکوو پەروینی ئیعتسامی , شاملوو , ئەخەوانی سالیس , ئیقباڵی لاهوری. [1][2][3]