ناونیشان: ڕێگاکانی حەقیقەت
نووسەر: #حەسەن جودی#
ڕێگاکانی حەقیقەت یەکێکە لەو کێشانەی کە مرۆڤایەتی لە سەردەمی زووەوە، واتا لەو سەردەمەی کە بۆ یەکەم جار خەریکی نیشتەجێبوون دەبێ، ئیتر گەیشتن بە حەقیقەت بۆ مرۆڤ یەکێکە لە پرسگریە سەرەکیەکان.
حەقیقەت چییە؟ بۆچی مرۆڤ سەدان هەزار ساڵ بەدوای حەقیقەتدا وێڵە؟ ئەم حەقیقەتە چییە؟ مرۆڤ دەیەوێت چی بزانێت؟ دەیەوێت لە چی تێبگات؟ لە چی دەگەڕێت لە حەقیقەتدا؟ ئەمە خولیاکانی ئینسانە. هەڵبەتە بۆ یەکەمجار کە مرۆڤ نیشتەجێ دەبێت، پرسیارەکانی سەبارەت بە سروشت، ژیان و خۆی، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی دەوروبەری پرسیاری لەلا دروست دەبێت. بۆیە مرۆڤ هەمیشە لە لێگەڕین دایە، هەمیشە پرسیاری هەبووە، هەر پرسیارێک هەزاران جار وەڵامی داوەتەوە. بەڵام هێشتا ئەو وەڵامانەی پێ قەناعەت نەبووە و بەدوای وەڵامی تردا گەڕاوە، هەر پرسیارێک هەزاران وەڵامی جیاواز جیاوازی دراوەتەوە، هەر وەڵامێکیش هەزاران پرسیاری دیکەی بەدوای خۆیدا هێناوه.
لەبەر ئەوە خولیای مرۆڤ بۆ گەشتن بە حەقیقەت یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگەکان. بۆ ئەوە باس لەو ڕێگایانە دەکەین کە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە حەقیقەت کاری لەسەر کردووە. بۆ ئەمە مرۆڤ چەندین ڕێگای دۆزیوەتەوە، بەدوای ڕێگاکاندا گەڕاوە. دیتنەوەی ڕێگاکانیش بۆ مرۆڤ کێشەیەک بووە. واتە چۆن گەیشتن بە حەقیقەت بۆ ئەو کێشەیەک بووە، خودی ڕێگاکانی گەیشتن بە حەقیقەتیش کێشە بووە. بۆیە کێشە و ڕێگاکانیش گرفتێک لە گرفتە قووڵەکانی مرۆڤن، گرفتێک لە گرفتە فەلسەفی و زهنیەکانی مرۆڤن. بۆچی مرۆڤ ئەوەندە خولیای گەیشتن بە حەقیقەت بووە؟
کاتێک کە مرۆڤ بە ڕێگادا بەرەو حەقیقەت ڕۆشتووە، ئیتر لە ڕێگادا چەندین ڕێگای دیکەی لێبۆتەوە و هەر تولەڕێیەک چەندین تولەڕێی دیکەی لێبۆتەوە و لەناو هەزاران هەزار ڕێگادا مرۆڤ تیایدا بە سەرسوڕمانی لە خۆی و لە گەردوون و سروشت و کۆمەڵگا دەڕوانێت. بۆ ئەمە زیاتر مرۆڤ پرسیارەکانی سەبارەت بە گەردوون و خۆی بووە، سەبارەت بە دیاردەکانی گەردوون، بۆ ئەو باران بۆ دەبارێ؟ پرسێکی زۆر گەورە بووە، بۆ زستان دێت و بۆ هاوین دێت و بۆ شەو و ڕۆژ دێت؟ ئەو گۆڕانی وەرزانە بۆ ئەو پرسن، بۆ ئەو هەموو ئەستێرە بە ئاسمانەوەیە؟ ئه و ئەستێرانە چین؟ چیان تیایە؟ چۆنن؟ بۆ ئاوا ڕووناکن؟ هەمووی پرس بووە بۆ ئەو، خۆی چییە؟ لەکوێوە هاتووە؟ ئەم گەردوونە لەکوێوە هاتووە؟ ئەمە چییە بروسکەیەک دێت و شتێک دەسوتێنێت و دەنگێکی گەورە دێت و دەبێتە هەورە تریشقە و، ئاژەڵێک گەورەیە و دانەیەک بچووکە و، درەختێک گەورە و درەختێک بچووک، ئەمانە هەمووی پرسن بۆ ئەو.[1]