ناونیشان: من ئاوا دەمرم
نووسەر: #تەڵعەت تاهیر#
لەسەر بەرزایی پیتی ئای، ناو دواین خواحافیزیمان بەرەو ڕابردووت خۆم فرێ دەدەم، لە کەوتنە خوارەوەم دا لە پەنجەرەی هەر ساڵێکی تەمەن دا بە حەسرەتەوە تەمەشات دەکەم، ئەو ساتەی یەکترمان ناسی و تۆ چایەکی تاڵت بە لەتێک پاقلاوە خواردەوە و منیش بۆ هەتا هەتایە جیاوازی نێوان پەنجەت و زنودی ستم بزر کرد، ئەوکاتەی بەناوی فێرکردنی زمانی عەرەبیەوە ڕستەی سەر ئاوێنەی سایەقم پێ حونجە دەکردی کە دەڵێ (ئاگەداربە مەودای دووری ناو ئاوێنەکە ڕاستەقینە نیە) بێ ئەوەی پرسیاریش بکەی دەمگوت واتا (کەسانێک هەن دووریش دیاربن هەر نزیکتن) ئەو ساڵەی خوازبێنیت هاتوو بەشەرمەوە پەرداخێک ئاوت بۆ کەسێک بردوو من نەبووم، ئەو ساڵەی خۆت ناسی و یەکەم سوراوت بەدزی باوکتەوە تاقی کردەوە، بەردەبمەوە و بەردبمەوە لە مێژووت دا بەردەبمەوە هەتا لە ڕۆژی لە دایکبوونت لەناوەڕاستی بەخچە بچووکەکەی بەردەم ماڵتان بەر عەرز دەکەوم و نزیک ئەو کەسانەی بۆ دۆزینەوەی ناوێکی خۆش بۆ تۆ کۆبوونەتەوە، دەمرم..!
دەست جوڵاندنم لە سڕینەوەی پەنجەرەش، هەر بەخەیاڵی سڵاوێکە لەتۆ..!
وەکو نابینایەک کە بە پەنجە پیتەکانی وشەی سەبوری دەخوێنێتەوە بەناو ئەو نووسینانە دەسوڕێمەوە بڵاویان دەکاتەوە، تەنانەت لەو دیو مانای نوکتەکانیش بەدوای ئەو خۆشیەدا دەگەڕێم کە غەریبیم بکا..!
ڕۆیشت و هەندێ قسەشم لایە تەنیا بۆ ئەو دەشێن، هەر دەڵێی ئەو مراویە بەستەزمانەم کاتێ ئاو لە زستانان دەیبەستێت نازانی بێچووەکانی بۆ کوێ ببات..!
لە هەموو شتێک ڕازیم، هەتا ئەو ساتەی بیرم دەکەوێتەوە تۆم نماوە، یەکسەر هەست بە ڕەقی خۆم دەکەم وەکو ئەو پارچە پەتەی لە ملی خنکاوێکدا بە ئاگا دێتەوە کە ئیتر نابێتە ملوانکە..!
بێ ئەوەی کەس بزانێت هەر یەکەمان شتێک هەیە ئەزیەتمان دەدا، هەیە زستانان بە بۆنی شێلمی سەر عارەبانەیەک کە کاتی خۆی بە تەمەنی گەنجێتی تاڵی شێلمەکانی شیرین کردوە، هەیە بە دیمەنی سینی پاقلاوەی سەر سەری منداڵێک کە کاتی خۆی ئەویش لێی ڕژاوە و تازە بۆ هەتا هەتایە ژیانی بۆ پاک ناکرێتەوە، هەیە بە بینینی عەموودێک کەس شعوری ئەوەی نیە جارێک تەنها جارێک فەرمووی دانیشتنی لێ بکا، وەک چۆن جاران خۆی بەرامبەر دەرگای ئازیزەکەی دەوەستا و دەوەستا، منیش هەمیشە بینینی دار خاکەناز ئەزیەتم دەدا باوکم بیر دەکەوێتەوە کاتێک کرێکاری دەکرد بەدڵ حەزم لێبوو بمرم و ببمە خاکەناز، گەورە بووم و نەبوومە ئەو کەسەی دەمەوێ و تۆشم نما، ئیتر خۆشبەختانە حەزەکەم هاتە دی..![1]