ناو: حوسێن
نازناو: عەبدوڵڵازادە
ساڵی لەدایکبوون: 1923
ڕۆژی کۆچی دوایی: 26/11/1988
شوێنی لەدایکبوون: ئاوایی کانی تۆماری بۆکان
شوێنی کۆچی دوایی: تاران
هونەرمەند مەلاحوسێن، لەساڵی (1302) ی هەتاوی بەرامبەر بە (1923) ی زاینی، لە ئاوایی (کانی تۆمار) ی سەربەشاری (بۆکان) لەئامێزی خانەوادەیەکی ئایندار و مەلا لەدایکبووە، باوکی هونەرمەند (مەلا) بووە، کەتەمەنی دەگاتە ئەو ئاستەی بخرێتە بەرخوێندن، باوکی دەینێریتە (حوجرە) لەمزگەوت، وانەی ئاینی بخوێنێ و لەدواڕۆژدا ببێ بە مەلا، بەڵام ئەو هەست و هۆشیی زیاتر بۆلای حەزو ئارەزووی خۆی دەڕوات ئەویش گۆرانی و مۆسیقایە، هونەرمەند مەلاحوسێن هەرلەمنداڵییەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەیت و بەندی کوردی، لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیەی ئەوی تێدا ژیاوە لێوان لێوبووە لە هونەری ڕەسەنی گۆرانی و حەیران و بەستەی ناوازەی کوردی، لەلایەکی دیکەوە لەبەرئەوەی کوڕە مەلا بووەو باوکی بەهۆی مەلایەتییەکەیەوە گوند و دێهاتەکانی ناوچەی موکریان گەڕاوەو ئەوەش کاریگەری لەسەر هونەرمەند داناوەو لەهەر دەڤەرە گۆرانی و بەستەی فۆلکلۆری فێربووە و کردوویەتیە توێشووی کارە هونەرییەکانی، هونەرمەندی میللی ئیبراهیمی قادری بەوشێوەیە یادەوەرییە شیرینەکانی سەردەمی منداڵی خۆیی و هونەرمەند مەلاحوسێن دەگێڕێتەوە(هەر لەمنداڵیمانەوە ئارەزوومان لەکەیف و بەزمی هونەریی کردووە و هەمیشە بەدەوری کاری هونەرییەوە ئاڵابووین، زۆرجاران پێکەوە لەئاهەنگی شەوانەی ماڵان تا درەنگانی شەو پێکەوە گۆرانیمان گوتووە و دڵی میوان و ئامادەبوانمان خۆشکردووە)
هونەرمەند مەلا حوسێن لەتەمەنی (30) ساڵیدا، ساڵی (1953) ژیانی هاوسەری پێکدێنێ، لەهەمان ساڵدا شوێنی نیشتەجێ بوونی دەگۆڕێت و دەگوازێتەوە بۆ گوندی (ئیندرقاش) کە (15) کیلۆمەتر لەشاری مەهابادەوە دوورە، (گوندی ئیند ڕقاش سەربەشاروێرانی مەهابادە، هەرچەندە گوندێکی بچووکە بەڵام تایبەتمەندیەکی سەیری هەیە، ئەویش ئەوەیە زۆر دەنگبێژی بەتوانا و دەنگخۆش و ژەنیاری چاکی تێداهەڵکەوتووە، یەکێک لەو دەنگخۆشانە وەک (حاجی حەمەدەڕەش) یەکێک بووە لەدەنگخۆشەکانی ناوچەی موکریان، لە سەردەمی هونەرمەندی گەورە (سەیدعەلی ئەسغەری کوردستانی)، کاک سەعیدی ماملێ و حاجی حەمەدەڕەش لە موکریان و هونەرمەند سەیدعەلی ئەسغەری کوردستان لە ئەردەڵان، هونەرمەند مەلا حوسێن لەیەکێک لەگۆرانییەکانی ناوی ئیندەرقاش دێنێ و دەڵێ :
ڕێحانەی دەم ئاشیە جەژنەیەو چەن خۆشیە
یاڕە بی بەخێرێتەوە، مەنیج ئیندرقاشییە)
کاتێک هونەرمەند مەلاحوسێن لەگوندی ئیندرقاش نیشتەجێ دەبێت و زیاتر بەهونەری ناوچەکە ئاشنا دەبێت، ئەویش هەرلەتەمەنی منداڵییەوە دەستبەرداری فەقێیایەتی بووە و بەدوای کەیف و سەفا و هونەری گۆرانی کەوتووەو، لەخۆڕادیووە کە دەنگی خۆشەو دەتوانێ بەدەنگە خۆشەکەی دڵی دەوروبەر و گوێگران خۆش بکات، لێرەوە دەبێتە دەستپێکی کاری هونەری هونەرمەند مەلاحوسێن واتە ساڵی (1953).لەڕێی هونەرەکەیەوە تێکەڵاو بە دیوەخانی ماڵە ئاغاکان و دەوڵەمەندەکان و هەوادارانی کەیف وسەفا دەبێت و گۆرانی دەخوێنێ هونەرمەند مەلاحوسێن لەکاتی ئاخاوتن و دەمودوودا، زمانی باش گۆی نەکردووە، واتە زمانی گرتوویەتی و بەزەحمەت وشەکانی لەزار هاتوونەتە دەر، بەڵام خۆش بەختانە ئەم هونەرمەندە شارەزا و لێهاتووە لەچڕینی بەستەی شادی دا، لەکاتی گۆرانی خوێندنداهیچ گرفتێکی نەبووە و زۆر بەباشی و ڕە وانی وشەکانی گەیاندۆتە گوێی بیسەر و گوێگر، ئەوەش بەهرەیەکە کەپەروەردگار پێی بەخشیوە،
(مەلاحوسێن لە گوتنەوەی گۆرانییە گشتەکاندا زۆر شارەزا بووە، ئەو کە لە قسەکردندا زمانی دەگیرا و وشەکانی جوان بۆ نەدەهاتە سەر زمان بەڵام لە کاتی چڕینی گۆرانیدا هیچ گرفتێکی نەبوو، ئەوە بەو مانایەش نییە کە لە گوتنەوە گۆرانییەکانی تردا شارەزا نەبووبێ بەڵکوو لە هەرچەشنە جۆری گۆرانی گوتندا مامۆستا بوو، خەزێنەیەک بوو لە وشە و هەڵبەستی کوردی)
هونەرمەند لەنێو خەڵکیدا دەناسرێت و کەسێکی دەنگخۆش و خاوەن کەسایەتیەکی سەنگین و قسە خۆش و دەم بەخەندەو متمانەپێکراوخۆشەویستی گشت خەڵک بووه و، پەیوەندی زۆری لەگەڵ خەڵک دا پەیداکردووە، لەبەرئەوەی گوندی ئیندرقاش نزیکی شاری مەهاباد بووە، هونەرمەند دەچێتە شاری مەهابادو، لەوشارەدا بەخزمەتی هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) دەگات و پێوەندی برایانەو هاوڕێیانەو هونەرییانەی لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەدا پەیدا دەکات تا دواساتەکانی ژیانی.
لەگەڵ هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و حەسەن زیرەک و ئیبراهیمی قادری) دوای ئاشنابوون بەیەک و ئەوانیش دەزانن کە مەلاحوسێن هونەرمەندێکی دەنگخۆشە و خاوەنی دەنگێکی بەرزە و شارەزایی زۆریی هەیە له بواری فۆلکلۆردا، پێکەوە کاری هونەری ئەنجام دەدەن.
هونەرمەند مەلا حوسێن بە یەکێک لە هونەرمەندە شایی و زەماوەندگێڕەکانی کوردەواری ناسراوە، لە گۆرانییەکانیدا جوانترین بەندە فۆلکلۆرییەکانی خوێندووە، هونەرمەند میوانێکی بەئەمەکی سەر سفره و خوانی فۆلکلۆرە دەوڵەمەندەکەی ناوچەکەی خۆی بووە، هەرچی لەکۆڕی بەزم و شایی و زەماوەندا بە زاری دا هاتبێت نەیوتۆتەوە، هونەرە بەرز و دەوڵەمەندەکەی بۆتە قوتابخانەیەک لەوشەی پاراو بۆ هونەرمەندان و دەنگبێژانی دوای خۆی، واتە هونەرمەند مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە بەپێشەنگی هونەرمەندانی میللی دەژمێردرێت،
کەسایەتیەک بووە هەمیشە بەحورمەتەوە لەهونەرەکەی خۆی ڕوانیوە و بۆتە خۆشەویستی هونەرمەندان بەگشتی و بەتایبەت گەورە هونەرمەند (محەمەدی ماملێ) لە مەجلیس و دیوەخانەکاندا هونەرمەند محەمەدی ماملێ هەمیشە بەشانازییەوە نێوی بردووە.
لەساڵی (1962) کاتێک ڕادیۆی کوردی کرماشان دادەمەزرێت، هونەرمەند چەندجارێک لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆی کرماشانەوە بانگهێشت دەکرێت و چەند بەرهەمێک تۆماردەکات، دوای زیاتر دەرکەوتنی و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی لەڕێی ئاهەنگ و ڕادیۆوە، هونەرمەند مەلا حوسێن بەشداری تەواوی فیستڤاڵی شارەکانی ئێران وەک (شیراز، شەهاباد و کرماشان) لەتەک هونەرمەندانی گەورە(محەمەدی ماملێ، قالە مەڕە، عەزیز شارۆخ، ڕە سوڵی نادری) دەکات.
لەساڵی (1963) هونەرمەند مەلاحوسێن به یاوەری هونەرمەندان (حەسەن زیرەک، محەمەدی ماملێ و هاشمی فیدایی) لەڕادیۆی تاران بەهاوکاری ئۆرکێسترای ئازەری گۆرانی تۆماردەکات.
هەرکاتێک چووبێتە هەرکۆڕ و شایی و زەماوەندێکەوە، بە عەشقێکی بێ وێنەوە بەدەنگە خۆش و بەیت و بەندە جوان و سەنگینەکانی زەماوەندەکەی پڕجۆش و خرۆشتر کردووە، هونەرمەندێکی بە ئاگابووە لەکاتی چڕینی گۆرانیدا و هەروەهالە دەوروبەرەکەی، زۆر حەزی به دڵگەرمیی کیژ و کوڕانی شایگێڕ کردووە کە بەجوانی ڕیزی ڕەشبەڵەک ڕێکبخەن، ئەگەر چۆپی کێش لە ڕیتمی شێوازی هەڵپەڕکێ لایدا و شێواندی، هونەرمەند زۆر وەستایانە و لێزانە بەبەند هوشیاری کردۆتەوە، گوایە زۆرجاران هونەرمەند مەلاحوسێن چۆپی کێشی تایبەت بەخۆی بردۆتە سەر داوەت و زەماوەندەکان، لەوسەردەمەدا لەناوچەی موکریان زۆر گرنگی بە شێوازەکانی هەڵپەڕکێ (سێ پێی، ڕۆینە، چەلەپایی و گەڕانەوە) دراوه و، هونەرمەند مەلا حوسێن بەم کارەی مەبەستی بووە گەنجەکان ئەو هونەرە ڕە سەنەی میللەتەکەیان فەرامۆش نەکەن و بەبایەخەوە لەو هونەرە بڕوانن، هونەرمەند بەو شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ هونەرەکەی زیاتر سەرنج و هۆشی خەڵکی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە و خەڵک بەتامەزرۆیی و بەعەشقێکەوە بەشداربوون لەئاهەنگەکانی هونەرمەند مەلاحوسێن.
لەساڵی (1971) کە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد دادەمەزرێت، مەلاحوسێن لەگەڵ هونەرمەندانی هاوڕێی و هونەرمەندانی ناوچەکە دەبنە هەوێنی زیاتر سەرکەوتنی ئەو ڕادیۆیەوە، بەکار و چالاکییە هونەرییەکانیان گڕ و تینێکی بەرزی هونەری دەبەخشنە گوێگران و بیسەرانی ڕادیۆی مەهاباد، مەلاحوسێن چەندین بەرهەم لەو ڕادیۆیە تۆماردەکات، ئەو گۆرانیانە بۆتە مایەی خۆشیی و شادی و خەمڕە وێنی خەڵکی کورد.کارو تێکۆشانی هونەری مەلا حوسێن لەگەڵ هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) بەردەوام دەبێت، لەو ئاهەنگانەدا بەردەوام ئاوازی نوێی چڕیوە، چونکە لێزان و لێهاتوو شارەزا بووە له هونەرەکەیدا و هەموو کات خۆشیی و شادی و چێژی بەخشیوه،
لەساڵی (1979) بەبۆنەی (شەوی یەڵدا) وە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد، بەرنامەیەکی قەشەنگ و لێوانلێو لە دەنگی ڕە سەن و پڕچێژی کوردەواری پێشکەش بە بیسەران و گوێگرە خۆشەویستەکانی دەکات، لەو بەرنامەیەدا هونەرمەندی دەنگخۆش و شانۆکار (سەید ڕەحیمی قوڕەیشی) پێشکەشکاری ئەو بەرنامە ڕەنگینە بووە، هونەرمەندانی وەک (محەمەدی ماملێ، مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە، عەزیز شارۆخ) بەدەنگە خۆش و پاراوە کوردییەکەیان گۆرانی پێشکەش دەکەن، بەهاوکاری هونەرمەندانی ژەنیار (ڕەشیدخانی فەیزنەژاد، لەوسەردەمەدا سەرۆکی بەشی مۆسیقای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد بووە، بەئامێری ڤیۆلۆن، محەمەد دانش_ ئامێری عوود، بەهمەنی مەتڵوب _ ئامێری تار، فاروقی مەتین_ ئامێری سەنتوور، حوسێنی ڕەهبەر _ ئامێری زەڕەب، هەروەها بە ئامادەبوونی هونەرمەندی شانۆکار و قسەخۆش و خۆش مەشرەب (بیوک خانباغی).
دیارترین لە گۆرانییەکانی هونەرمەند مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە کە بەتەنیا و لەگەڵ هونەرمەندان خوێندویەتی، کە هەریەکەیان گەوهەرێکن و لەخانەی ئەرشیفی مۆسیقا و گۆرانی میللی دا پێگەیەکی بەرزی هونەرییان هەیە، کۆی گۆرانییەکانی بە (103) لە (11) کاسێتدائەژمارکراوە، گۆرانییەکانی هونەرمەند: (کوڵەنجەکەی مۆرە، گریانم دێ _ لەگەڵ هونەرمەند محەمەدی ماملێ، کۆڵوانەسوور، دەنکە دەنکەی باران، گیان و گیانەکەم، خرینگە، هەستە بابڕۆین بۆداوەتێ، جەلسە، لانکۆڵەکەی، هەی خەجیلەو خانم، جوانە جوانە، سەردەمەکەی خارایە، زاوالەبوکێ مەدە، دەوەرە وەرە ڕووبەخاڵ، ئۆخەی چت کرد گوڵەکەم، خەمخۆری نازەنینم، یارەکەم مەلازادەیە، کەتانە، جوانی جوانی، ئەی دکتۆر، ئەسمەران دولبەران، نازنازدارە، ئاخ مەلەک بۆ وادەکەیت _ لەگەڵ هونەرمەند ئیبراهیمی قادری، دەڕژێ دەڕژێ و سێوە لاسوورە و دەسماڵێ _ لەگەڵ هونەرمەند محەمەدی ماملێ).
هونەرمەند مەلاحوسێن جیا لەوەی هونەرمەندێکی دەنگخۆش و لێزان و بلیمەت بووە لە خوێندنی گۆرانیدا، گوایە شارەزایی لەژەنینی ئامێری مۆسیقاشدا هەبووە، لەوبارەیەوە، هونەرمەند و مامۆستا وریا ئەحمەد نوسیویەتی (هونەرمەند مەلاحوسێن دەستی ژەنینی ئامێری (شمشاڵ) ی هەبووە، گەلێ جار پێشبڕکێی شمشاڵژەنینی لەگەڵ شمشاڵژەنی بەنێوبانگی کوردستان (قالەمەڕە) دا کردووە، هەروەها لەئامێری(دەف) ی دەروێشی دا وەستابووە، ئەم دەفژەنینەش لەخزمەت (شێخ عوسمانی بیارە) دا فێربووە و هەر لەگەڵ ئەویش دا دووجار بۆ (حەج) چووە)
لەدوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەساڵی (1979)، هونەرمەند مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە، لەکۆتایی ئەوساڵەدا بەخۆیی و خانەوادەکەی شاری مەهاباد بەجێ دێڵێ و ڕوودەکاتە شاری (تاران) لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لەوکاتەوە ئەم بولبولە خۆشخوانە، خاوەن ئەو هونەرە خۆڕسکە بێ خەوشە لەکۆڕو بەزمی هونەری دووردەکەوێتەوە، لەشاری تاران درێژە بەژیانی تایبەتی خۆی دەدات، بەڵام بەداخەوە دوای (9) ساڵ ژیان دوور لە نیشتمان و زێدەکەی، لەڕۆژی شەممە لەڕێکەوتی (26/11/1988) لەتەمەنی (65) ساڵیدا، بەهۆی جەڵتەی دڵ، ژیانئاوایی لە هونەر و شاری مەهاباد و دۆستان و ئازیزانی دەکات، تەرمی ئەو هونەرمەندە کۆڕ و شایی و زەماوەندگێڕە دەگەڕێننەوە شارە جوانەکەی مەهاباد و لەگۆڕستانی شاری مەهاباد بەخاکی پیرۆزی کوردستانی دەسپێرن.لەماوەی (26) ساڵی تێکۆشانی هونەریدا هونەرمەند مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە، کۆمەڵێک گۆرانی شاد وناوازەی بۆ بەجێهێشتووین و بەهونەر و دەنگەکەی هەمیشە لەکۆڕی شادیدا ئارامیی و بەختەوەریمان پێ دەبەخشێت، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی و، سڵاو لەمێژووی هونەری هونەرمەند مەلاحوسێن و یاد و یادەوەرییە هونەرییەکانی هەموو کات بەرزو بەڕێزبێت.
جەمالی دەلاک 19/4/2022 هەولێر.[1]