ناونیشانی بابەت: نەخۆشی دەردە شاهانە
ناوی ئامادەکار: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
جۆرێکە لە هەوکردنی جومگەکان بەهۆی زیادبوونی ترشەڵۆکی یوریک (uric acid) لە لەشدا، کەبریتی یە لە پاشماوەی پیورین (purin) کەبەشێکی زۆربەی ئەو خواردنانەی ئێمە دەیخۆین لەوە پێکهاتووە، زیادبوونی کریستاڵی یوریک ئەسید لە جومگەکاندا دەبێتە هۆی هەوکردن و داخورانیان کە دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر لە جومگەکاندا، وە هەروەها کاریگەری هەیە بۆ درووستبوونی بەردی گورچیلە وگیرانی بۆریەکانی بەم کریستاڵانە و دەبێتە هۆی سستی گورچیلەکان.
$نیشانەکانی:$
لەپڕ تووشبوون بە نەقرەس دەبێتە هۆی:
1- ئازارێکی زۆر لە جومگە تووشبووەکە بە دوایدا تووشی ئاوسان و گەرم داهاتن و سووربوونەوە دەبێت، لەگەڵ ئازار لەکاتی دەست لێدانی دا، زیاتر جومگە بچوکەکان تووشی ئەم حاڵەتە دەبن بە تایبەتی جومگەی پەنجە گەورەی قاچ.
ئەو جومگانەی تر کە ئەگەری تووشبونیان هەیە وەکو:
ئەنیشک، ئەژنۆ، مەچەک، پەنجەکان..هتد..
لەهەندێ کەسدا ئازارەکە ئەمەندە زۆرەو کتوپڕە کە بە بەرکەوتنی پێخەفیش ئازار بۆ جومگەکە زیاد دەکات، ئەم جۆرە ئازارە کتوپڕانە لەوانەیە چەند کاتژمێرێک بۆ چەند ڕۆژێک بخایەنێت و بە بەکارهێنانی دەرمان یان بەبێ دەرمانیش نەمێنن، لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا لەوانەیە چەند هەفتەیەک بخایەنێت، بەڵام لەوانەیە لە ماوەی مانگەکەدا دوو سێ جار ئازاری بۆ بێت.
$کێن ئەوانەی تووشیان دەبێت؟$
1- پیاو زیاتر لە ئافرەت.
2- پێست ڕەش زیاتر لە پێست سپی.
3- لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات بەتایبەتی ئەوانەی لە سەروو 70 ساڵیەوەن.
4- لەئافرەت دا زیاتر لە دوای وەستانی سووڕی مانگانە ڕوودەدات.
5- لە ڕێگای بۆماوە: ئەگەر خێزانەکەت نەخۆشی نەقرەس یان هەبوو، ئەوە ڕێژەی تووشبوونت بەم نەخۆشیە زیاد ئەکات بۆ لە 20٪.
$هۆکارەکانی:$
1- کێشی زیاد، بەتایبەتی لە مرۆڤی گەنجدا.
2- بەکارهێنانی ماددە کحولیەکان بەڕێژەی مامناوەند بۆ زۆر.
3- بەرزی پەستانی خوێن.
4- سستی گورچیلەکان.
5- بەکارهێنانی هەندێک دەرمان، یاخود هەندێک نەخۆشی ڕێژەی یوریک ئەسید زیاد دەکەن لە خوێندا.
6- سستی ڕژێنی دەرەقی و کەمی دەردانی هۆرمۆنی تایرۆکسین (hypothyrodism).
$دەستنیشانکردنی:$
پشکنینی خوێن دەکرێت بۆ زانینی ڕێژەی یوریک ئەسید لە خوێندا، هەندێک جار پشکنینی شلەی ناو جومگەکە دەکرێت، ئەویش بە دەرهێنانی بڕێک لێی بەهۆی سرنجی پاکژی تایبەت، وە لەتاقیگەدا پشکنینی بۆ دەکرێت ئەگەر کریستالی یوریک ئەسید هەبوو لە ناویدا ئەوە مانای ئەوەیە ئەو نەخۆشە دەردەشاهانەی هەیە.
$چۆن خۆمان بپارێزین لە نەخۆشی دەردەشاهانە؟$
1- خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی زۆر یاریدەدەرە بۆ ئەوەی تووشی ئازاری کتوپڕی ئەم نەخۆشیە نەبین وەهەروەها کاری گورچیلەکان باش دەکات و ناهێڵێت تووشی بەردی گورچیلە بین لەنەخۆشێکدا خۆی نەقرەسی هەبێت.
2- خۆت بە دوور بگرە لە خواردنەوە ئەلکهولیەکان.
3- کێشت دابەزێنە.
4- ڕێکخستنی خواردن: لەو خواردنانە دوور بکەوەرەوە کە ماددەی یوریک ئەسید زیاد ئەکەن لە خوێندا، ئەویش ئەو خواردنانەن کە ماددەی پیورینیان تیادایە وەکو: گۆشتی سوور، جگەر، گورچیلەکان، مۆخی مێشک، هەروەها گوێچکە ماسی، ماسی تونە، لولپێچ، پاقلەمەنیەکان، قارچک، سەوزە گەڵا تۆخەکانی وەکو سپێناغ، شێلم، برۆکلی، کەلەرم..توێژینەوەکان دەڵێن گۆشتی ئاژەڵ و خواردنە ئاویەکان بە گشتی زیادی ئەکەن بەڵام خواردنی شیرەمەنیەکان کەمتری دەکەن.
$چارەسەرکردن:$
1- بەکارهێنانی هەندێ دەرمانی تایبەت ئەویش دوو جۆرە:
- ئازار شکێنەکان: بۆ کەم کردنەوەی ئازار و هەوکردنی جومگەکان وەکو (ڤوڵتارین، پرۆفین، ناپرۆکسین) هەندێک جار (کولچسین) یاخود (ستیرۆید) ەکان بەکار دەهێنرێت.
- هەندێک لەو دەرمانانەی ڕێژەی یوریک ئەسید دائەبەزێنن وەکو (ئەلۆپرینۆڵ، فیبۆکۆستات، لیسینوراد، پرۆبینسید)..
توێژینەوەکان بەردەوامن لەسەر نەخۆشی نەقرەس، زاناکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پرۆتینی ئاژەڵی ڕێژەی تووشبوون بەم نەخۆشیە زیاد دەکات.[1]