ڕونکردنەوەیەک لە (ملازم عومەر)ەوە لەبارەی پەیوەندیەکانی (دکتۆر قاسملۆ) و #مام جەلال# و کاک #نەوشیروان مستەفا#
له سایتی ئاوێنه بابەتێکم خوێندەوە لەسەر خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروان کە گوایە دەستیان هەبووە لە تیرۆر کردنی (شەهید قاسملۆ) و هاوڕێکانی دا.
بەر لە هەموو شت، پێم ناخۆشبوو لە سایتی ئاوێنە کە خاوەنی ڕێز و جێگەی متمانەی خەڵکە، ئەو هەواڵە چەواشەکەرە بڵاوبێتەوە، بابەتەکە سەر لەبەری ناڕاستە و بەندە وەک شایەتحاڵێکی ئەو مێژووە بە ئەرکی خۆمی ئەزانم ڕونکردنەوەی لەسەر بدەم.
لە دڵمەوە خەفەتبارم کە (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لە ژیاندا نەماون، هەتا بەرگری لە خۆیان بکەن و بە بەڵگەی زیندوو وەڵامی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانە بدەنەوە. من بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆمی دەزانم کە وەک شایەتحاڵێک و وەک ئەوەی ئاگاداری ڕوداوەکەم، لەڕێی ئەم ڕونکردنەوەیەوە وەڵامی ئەو هەواڵە ناڕاست و هەڵبەستراوە بدەمەوە بۆ مێژوو.
مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە هاوڕێی زۆر نزیکی شەهید دکتۆر قاسملۆ بووین. بەندە زۆر سەرسام بووم بە توانا و زیرەکی و لێهاتوویی دکتۆر قاسملۆ کە دکتۆرای لە زانستی ئابوریدا هەبوو، بەڵام شارەزایی لە زۆربەی بوارەکاندا هەبوو، بەتایبەتی ئەدەب و هونەری کوردی. پەیوەندیمان بە جۆرێک بوو، کە ساڵی 1985 لەسەر ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بەندە دەستم لە کارکێشایەوە، بەڕێز مام جەلال دکتۆر قاسملۆی ڕاسپاردبوو کە قسەم لەگەڵدا بکات بۆ کارکردنەوە لەگەڵ یەکێتی.
لە کۆتایی ساڵی 1982 دا، کە هێرشی گەورە کرایە سەر حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران، لە حزبی دیموکرات، مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن زادە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی ئێران بوو هات بۆ لامان بۆ ناوزەنگ، داوای یارمەتی و هێزی لێکردین، خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە وەکو بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری لەگەڵیدا کۆبوینەوە.
ڕاستەوخۆ مام جەلال فەرمانیدا کە هێز کۆبکەینەوە و بەندە وەکو بەرپرسی هێزەکانی یەکێتی چووم بۆ هاوکاری حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. بە هێزێکی 2 هەزار کەسی بەشداری شەڕەکانمان کرد، ئەو بەڕێزانەی کە لە ناو حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە ژیاندا ماون، شایەتحاڵی ئەو ڕوداوەن. تەنانەت کە شەڕەکان توند بوون، مام جەلال هاتە دیوی کوردستانی ئێران لەگەڵ شەهید دکتۆر قاسملۆ پێکەوە سەرپەرشتی شەڕەکانیان دەکرد.
سەبارەت بەشەهیدکردنی (دکتۆر قاسملۆ) لە ساڵی 1989 دوای ئەنفالەکان، ئەو زەمەنە (کاک نەوشیروان) لە دەرەوەی وڵات بوو؛ هیچ ئاگای لە گفتوگۆی حزبی دیموکراتی ئێران نەبوو، (کاک نەوشیروان) ئەو کات لە فەرەنسا بوو. (شەهید قاسملۆ) لە پاریس کاک نەوشیروانی دیبو و پێی وتبوو ماوەیەک لە پاریس بمێنەرەوە لە ڕێگەی (دکتۆر کەنداڵ)ەوە ئیقامەی فەرەنسات بۆ وەردەگرم. واتە کاک نەوشیروان دوربوو لە گفتوگۆکانی نێوان دەوڵەتی ئێران و دیموکرات.
(بەرێز مام جەلال) لەسەر داوای دەوڵەتی ئێران کەوتە نێوان دەوڵەت و حیزبی دیموکراتی ئێرانەوە. جەولەی یەکەمی گفتوگۆکەیان لە ڤێنای پایتەختی نەمسا لە ماڵی (کاک خەبات کەریم مەعروف) دەستی پێکرد؛ مام جالال، کاک خەبات و چەند کادرێکی ئەو زەمانەی (ی.ن.ک) ڕاسپارد لە چەند ژوورێک دانیشن بە دەمانچەوە بۆ پاراستنی (دکتۆر قاسملۆ).
کاتێک (مام جالال) گەڕایەوە بۆ کوردستان، ئەو زەمانە لە قاسمە ڕەش بووین لەسەر سنوری عێراق و ئێران، باسی گفتوگۆکانی بۆ مەکتەبی سیاسی گێڕایەوە؛ مام جەلال وتی وەفدی ئێرانی گەڕاونەتەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆکانیان بە بەرپرسانی سەروو خۆیان بڵێن.
دوای ئەوە، (مام جالال) لە ڕێگەی ئێرانەوە بە نیازی سەفەربوو بۆ دەرەوەی وڵات. (مام جەلال) پێش ڕۆشتنی بۆ ئێران، نامەی بۆ (د.قاسملۆ) نوسی کە ئەو زەمەنە بارەگاکانیان لە بناری قەندیل بوو، بۆی نوسیبوو لە تاران بەرپرسانی ئێرانی دەبینم و قسەیان لەگەڵ دەکەم لەسەر دانیشتنی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێوە و نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران کەی و لەکوێ دەست پێبکاتەوە. بۆ (دکتۆر قاسملۆ)ی نوسیبوو، کات و شوێنی کۆبونەوەکە بە بروسکە بۆ (ملازم عومەر) دەنێرم و ئەویش بە نامە جەنابتی لێ ئاگادار دەکاتەوە.
نوسینگەی تارانی (ی.ن.ک) جیهازی ڕاکاڵی لێ بوو. دوای ماوەیەک لە سەفەرەکەی، (مام جەلال) بروسکەی بۆ کردم، نوسیبووی کەوا ئێرانیەکان (بە تایبەت سوپای پاسداران کە سەرقاڵی گفتوگۆکان بوون) وتویانە هەرکات بە تەواوی گەیشتینە ڕێکەوتن، ئەوکات دەیخەینە بەردەست (ئیمام خومەینی)؛ کە ئەو فتوای لەسەردا ئیتر ئیتلاعات و هیچ لایەنێک ناتوانن لە دژی بوەستنەوە.
پاش ماوەیەک، سوپای پاسداران بە مام جەلالیان وتبوو کە هەندێک کادری یەکێتی لە شاری #سەردەشت# بڵاویان کردۆتەوە کە وا حیزبی دیموکراتی ئێران بە نێوەند گیری (ی.ن.ک) خەریکن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران ڕێک دەکەون؛ ئیتلاعات پێیان زانیوە و کارەکەیان لێتێکداوین، ئێستا هیچ ئامادەییەکمان نییە بۆ دانیشتنی گەڕی دووەەم. مام جەلال بە بروسکە ئەمانەی بە من گەیاند، تەنانەت وتی ئەمەش بۆ د.قاسملۆ بنووسە کە ئێرانیەکان بە ڕاستیانە، یان دەیانەوێ ئێمە (واتە مام جەلال و (ی.ن.ک) لە دانوستانەکان دوورخەنەوە. من هەموو پەیامەکەی (مام جەلال)م بە نامە وەک خۆی بۆ (د.قاسملۆ) نارد.
دوایی دەرکەوت ئێرانیەکان بە (د.قاسملۆ)یان ڕاگەیاندبوو کە ئێمە سوپاسی (ی.ن.ک) و مام جەلال دەکەین کە ئێمەیان بە یەک گەیاند؛ بەڵام ئێمە هەردوو لامان ئێرانین و پێویستمان بە نێوەندگیری نەماوە. پێشبینیەکەی مام جەلال ڕاست دەرچوو کە وا ئێرانیەکان ویستویانە مام جەلال و (ی.ن.ک) لە نێوەندگیری دوورخەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی پیلانی تیرۆرکردنی (د.قاسملۆ) جێبەجێبکەن.
دەرکەوت جەولەی دووەمی دانیشتنەکەیان بەبێ ئاگاداری مام جەلال و یەکێتی، لە ماڵی (شەهید فازیلی مەلا مەحمود) بوو، جگە لە (د.قاسملۆ، و د.فازیل)، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتیشیان شەهید کردوو و چوونە ڕیزی شەهیدانی کورد و کوردستانەوە. بەداخەوە شەهیدبونی دکتۆر قاسملۆ گورزێکی کوشندەی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ناوچەکە و بەتایبەتی یەکێتی دا لەو سەردەمەدا.
پاش شەهیدکردنی دکتۆر قاسملۆ، خێزانەکەی کە خەڵکی چیک بوو، دوو کچیشی لێی هەبوو، لە دادگا شایەتیدا و وتی کە وەسیەتی بۆ ئێمە کردوە کە ئەو پارانەی لە بانک هەیەتی، هی خۆی نیە، هی حزبی دیموکراتە و دەبێت تەسلیمی حزب بکرێتەوە. تەنانەت کتێبخانەکەی خۆیشی لە وەسێتنامەکەیدا پێشکەشی حزی دیموکرات کردبوو.
$تێبینی:$ چەندین نامەی دەستخەتی سەردەمی پێشمەرگایەتیم لای خۆم پاراستووە. لێرەدا هەندێکی کە پەیوەندیدارە بە پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و دیموکرات، بەتایبەتی هاوکاری سەربازی یەکێتی بۆ دیموکرات لە کۆتایی ساڵی 1982 دا بڵاودەکەمەوە.
نامەی 1 بۆ 4 (دکتۆر قاسملو-سکرتێری حزبی دیموکراتی ئێران).
نامەی 5 بۆ 8 (دکتۆر سادقی شەرەفکەندی جێگری دکتۆر قاسملو بوو، پاش شەهیدبوونی دکتۆر قاسملو، دکتۆر سادق بوو بە سکرتێر هەتا ساڵی 1992 کە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا شەهید کرا. دکتۆر سادق ناوە حزبیەکەی سەعید بوو، دکتۆرای لە فەڕەنسا خوێندبوو لە کیمیادا، برای هەژاری شاعیر بوو).
نامەی 9 بۆ 14 (سەرکردەکانی تری حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران).
نامەی 15 بۆ 26 (نامەکانی مام جەلال لە بارەی هاوکاری سەربازی یەکێتی بۆ دیموکرات).
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=423916&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خویندنەوەی نامەکان=KTML_Link_External_End=
عومەر عەبدوڵڵا محەمەد (ناسراو بە ملازم عومەر)[1]
19-07-2022