باده
---
ساقی! گوزەرا شەو؛ به فداتم! وەره دێره
دڵ تەنگه، درەنگه؛ وەره سا باده بگێڕه!
تا تۆ بی و مەی بێ؛ من و دڵ لێره خەمۆشین
هەردوو بەتەماتین؛ وەره مەی بێره بنۆشین!
تینوویه دەمێکه چەمەنی باخی ئەوینم
ئەم باخه بدێره! وەره مەی بێنه سەرینم!
ویستوومه که تەنیا بم و لەم سووچه بمێنم
دیسانەوه ئەم باری خەمه، کەوتووه شوێنم
دەستی خەمەکەم بگره؛ له مەیخانه بەدەر که
ڕێگای مەده ئێره! وەره لەو مەسته حەزەر که
نا نا! لێ گەڕێ! باکوو بمێنێتەوه گیانه
ئەم کۆتره وەیلانه، دڵی گرتووه لانه
بۆ مەی نیه؛ ساقی! که پەنا دێنمه ئێره!
هەرکەس به شەرابی خەمی جانانەیێ تێره
من هەمدەمی بادەم؛ که خەمی سینه بەبا دەم
دەستم بگره گیانە وەره بسپێره به بادەم
ساقی! گوزەرا شەو؛ به فداتم! وەره دێره
دڵ تەنگه، درەنگه؛ وەره سا باده بگێڕه
#شەریف حسێن پەناهی#
#ملوانکەی شین# [1]