مەزارگەی پیر قەرەچێوار
نوسینی: #میهراکۆ زەنگەنە#
مەرقەدی پیری (قەرە چێوار) بنیاتنراوە لە لایەن (شێخ محێدين) ی برای (شێخ حەسەن قەرەچێوار)، بەڵام گومەزی لەسەر نەبووە و ڕوخاوە، دواتر ساڵی (1930) جارێکی تر دروست کراوەتەوە، مەرقەدی شێخ حەسەن بەشێوەی ئەو گومەزەی کەئێستا هەیە و پارێزراوە، ساڵی 1936 دەستی پێکراوە و چوار ساڵی خایاندووە، ساڵی 1940 تەواوبووە، ڕەوانشاد (وەستاخەلیل) وەستای بووە، کە زۆر شارەزابووە لەو سەردەمەدا.
ئەم مەرقەدە لە شارەدێی (#قادر کەرەم#) ە لە بنەماڵەی (شێخ حەسەنی قەرە چێوار) ە، ئەم بنەماڵەیە لەساداتی بەرزنجەن، بە شێخ حەسەن ناسراوە، لە ساڵی 1841 لەدایک بووە، کە پیری قەرەچێوار بووە، شێخێکی زۆر چاک و نوورانی بووە، خەریکی تەریقەت و دینداری بووە، تەنانەت پارەشی بەدەستییەوە نەگرتووە ئەوندە زاتێکی موبارەک بووە، خۆشەویست بووە لای هەموو هۆزەکانی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی هۆزی زەنگەنە، زۆر خۆشیان ویستووە و ڕێزیان گرتووە و ئەوەندەی بۆیان کرابێ هاوکاریان کردووە
شێخ حەسەن مرۆڤێکی دادپەروەر بووە، هەموو ژیانی تەرخان کردووە بۆ خوا پەرستی و خەڵوەتکێشان و ئیرشادی کردووە، بە دەیان و هەزاران مورید و دەروێشی هەبووە لە ساڵی 1904 کۆچی دواییکردوە، گڵکۆی پیرۆزی لە قادر کەرەمە، ساڵانی پێش ئەنفال لە زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکانەوە، بە هەزاران دەروێش و مورید سەردانی مەرقەدی پیرۆزیان کردووە.
شێخ حەسەن بەر لەوەی بێتە قادرکەرەم، لە گوندی (قەرە چێوار) ژیاوە، دوای ئەوەی شێخانی تاڵەبانی لە گوندی (دێڕەشە) شێخ حسێنی برای دەکوژن، ئەویش لە گوندی (قەرەچێوار) ەوە، تەکیە و شۆرباخانەکەی دەگوازێتەوە بۆ قادر کەرەم.
لەوێ سەر لەنوێ تەکییە و شۆرباخانە و مزگەوت دروست دەکات، بۆ دامەزراندنی تەکیەکەی خەڵکی قادر کەرەم زۆر هاوکاریان کردووە، لەگەڵ هاتنی ئەم زاتە پیرۆزە بۆ (قادر کەرەم) ئەم گوندە زۆر زوو گەشە دەکات.
زۆربەی هەرە زۆری خەلیفە و دەروێشە بەناوبانگەکانی لە هۆزی زەنگەنە بوونە لەوانە:
1. دەروێش عالی خانی دووەم، خەڵکی دێی سپی سەر بووە.
2. دێوانە ئەحمەد، خەڵکی دێی تەپە سپی بووە.
3. فەرەج ئەحمەد حەسەن، خەڵکی دێی برایم غوڵام بووە.
4. دەروێش عالی خان لوقمان مەحموود، خەڵکی دێی بەگزادە بووە.
5. دەروێش قادر، ناسراوە بە (قالە قژە) خەڵکی دێی قەیتول بووە.
6. دەروێش عەبدوولکەریم، لەبەر خۆشەویستی شێخ حەسەن پێی ووتوە (عەولکە سەر ڕەش) بە دەروێشەکانی ووتوە وەکو (عەولکە سەر ڕەش) تەقوا بکەن.
ئەم بەڕێزانەی کە لە سەرەوە ناویان هاتووە بەشێکی کەمن لە پیاوە خواپەرستەکانی زەنگەنە کە لەگەڵ پیری قەرەچێواردا خوا پەرستیان کردووە، شارەدێی قادرکەرەم لەدوای هاتنی خوالێخۆشبوو شێخ حەسەنی قەرەچێوار زۆر گەشەی کردووە، لەگەڵ ماڵی مام ئاغا کەلە خانەدانەکانی بنەماڵەی میرنشینی سۆران بون تێکەڵی زۆریان دەبێت، تەنانەت هونەرمەند حەسەن گەرمیانی کەلەبنەماڵەی میری سۆرانە، دایەخانی کچە گەورەی پیری قەرەچێوار ناوی لێناوە بەناوی شێخ حەسەنی باوکیەوە.
لەگەڵ ماڵی مام ئاغا و پێکەوە قادرکەرەم دەکەنە جێگایەکی پڕ بایەخ و شارستانیەت و داب و نەریتە جوانەکانی گەرمیان، پاشانیش دەبێتە قەزا و ناحیە، یەکێکە لە شارۆچکە خۆش و بەناوبانگەکانی دەڤەری گەرمیان.
کە بە سەدان وهەزاران ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و هونەرمەندی بەناوبانگی تیادا هەڵکەوتوە،
خاوەنی چەندین شۆرش گێڕو شەهیدوئەنفالە.
ئەم کورتە باسە لە کتێبی (میرنشینەکەی زەنگەنە و میرسمایل)
چەندزانیاریەکیش لەهەردوو بنەماڵەی پیری قەرەچێوار و ماڵی مام ئاغا (خاڵەحوسێن) م بەسوپاسەوە وەرگیراوە[1]