تامەزرۆ
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
من کە مەحکوومی نەمانم پڕ بە دڵ مانم دەوێ
نیوەنووزەم تاکوو ماوە هێزی هەستانم دەوێ
ڕەوڕەوەی بەختم شکاوە و دواهەناسەی ژینمە
بۆ ئەوەی نەمرم، بمێنم ئەم چەلەش قانم دەوێ
وشکەسوێمە و سووری هاوینە و گەوەی سەختم لە پێش
ئاوی ڕوونی کانیاوی بەر بنارانم دەوێ
ئەو دڵەی بژوێن بوو ئێستێ، شۆرەکاتە، قاقڕە
تا دەمێ ئۆخژنی بێتێ، ڕێژنەبارانم دەوێ
ویست و داخوازم وەدی نایە لە پاوانی خەما
کۆڕی یارانم دەوێ، کوا شاری مارانم دەوێ؟
چیدی ئەستێ و بەردی تیروتانە بۆ من لێک مەدەن
بۆچی سەرکۆنەم دەکەن؟ ئینسانم و ژیانم دەوێ
بێ ئەوەی خۆشی ببینم ژینی دیلیم بردە سەر
پاشی مەرگم، دەوری تەرمم، گەرمەدیلانم دەوێ
(تاریک و ڕوون)ێ بەرەو (ئاسۆ) وەڕێ کەوتم کە چی،
دیم (هەواری خاڵی) بۆیە (سووڕی دەوران)م دەوێ
(سازی ناساز)ە دڵم (تاوانی بێهێزی)ی منە
سەردەمی مردن بڕست و هێز و هەتوانم دەوێ
دڵ شکا، دەنگی بڕا، هاوارە لەم ڕۆژە ڕەشە
هاودڵێکی دەردەداری یەکدڵ و گیانم دەوێ
گوڵانی 1987 - #مەهاباد# - بە دەنگی سەید خالید ئیمامی [1]