لە بیرەوەری 31ساڵەی (تەرحیل) ڕاگواستنیدا ڕێپۆرتێکی جیۆسیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەی کەندێناوەیە.
لەسەر خواستی چەند کەسێک بەمەبەستی ئامادەکردنی نامەی ماستەرنامەی خوێندنی باڵا لەسەر ناوچە ساغنەبۆوەکان و (تەرحیل) و (تەعریب) بڵاومان کردەوە.
ئامادەکردنی: نافیع و #عەدنان حاجی کاکە#
لە پێش پڕۆسەی ڕزگارکردنەوەی ناوچەکە لەساڵی 2003 لە گۆڤاری هەفتەنامەی گوڵاندا بڵاوکراوەتەوە...
تەعریبکردنی کوردستان و ڕاگواستنی کورد لە شارەکانی #کەرکووک# و #خانەقین# و مەخموور و کەندێناوه و شێخان و شەنگال و زومار و بەدره و جەسان و...هتد
سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەی حکومەتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراق، تاڵانکردن وسوتاندن و جێنشینکردنی عەشایەری عەرەبە لە کوردستان لە سەردەمی پادشایەتی و کۆماری دا بەردەوام بووە، ئەو سیاسەتە بۆگەنە بە ئاشکرا لە کاردابووە، پاش کودەتاکەی ساڵی 1963ش سیاسەتێکی خراپتر هاتە کایەوە سەرەڕای چەندان شاڵاوی ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزیی لە کوردستاندا. لێرەدا لاپەرەیەکی ڕەشی ئەو سیاسەتە لە یەکێک لە ناوچەکانی کوردستان هەڵ دەدەینەوە کە وا دەمێکە ڕژێمەکان مرخی خۆیانیان لێ خۆشکردبوو لە ئەنجامدا بە عەرەبیان کرد، ئەویش شارۆچکەی #دیبەگە#یە، بنکەی شارەدێی کەندێناوە لە دەشتی #هەولێر#:
بواری جوگرافی:
دیبەگە دەکەوێتە خوارووی خۆرئاوای شاری هەولێر بە دووری چل و دوو (42کم) لە چوارڕیانی موسڵ – کەرکووک، هەولێر-مەخموور لە خوارووی هێڵی پانی (36)پلەو هێڵەکانی درێژی (43-44) پلەدا لای باکوری زورگەزراوە (ئاوان) بەرزییەکەی (540متر) لای باشووری چیای قەرەچوغ بەرزاییەکەی (800مترە) لای خۆرهەڵاتی زێی گچکه و لای خۆرئاوای زێی گەورە، دەشتێکی پان و بەرین و بەرزایی ئاستی ڕووی دەریایی (275) مەترە، ڕووبەرەکەشی (740)کم2، یان (6999) دۆنم زەوی کشتوکاڵی تەخت و خاکێکی ڕەش و قاوەیی بەپیت و بە بڕشت...
کەندێکی گەورەی بە ناوەڕاست دا درێژ دەبێتەوە کە دوو ئاراستە وەردەگرێت، بە درێژایی نزیکەی (40)کم بەره و زێی گچکە و درێژی نزیکەی (20)کم بەره و زێی گەورە... بۆیە بەو ناوچەیە گوتراوە کەندێناوە... لە هەر گوندێک، ناوی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ ئەو دۆڵ و شێوو نەوراییانەی لەو کەندە دەکەنە وە. وەکو کەندی گەورە: کەندی خڕە بەردان. کەندێ کفران. کەندێ بزن دزی... هتد. ئاووهەوای پتر گەرمەسێرە زستانی سارده و... بەهار و پاییزی کورتن بەگشتی بارانی مامناوەندی یە.. خاکەکەی 95-100% بە کەڵکە بۆ کشتوکاڵ بەتایبەتی گەنم و جۆ... و ماددەی ئۆرگانی باشه و کانیاوێکی زۆری لە ئاقارەکەی دا هەیە ئاوی نزیکه و سەر عاردە. لەبەر ئەوەی کەوتۆتە نێوان هەردوو زێی گەورە و گچکە، بۆیە لە زووەوە بە ناوچەی دوو زێیان ناوی هاتووە، واتە ئەو دەشتەی کەوتۆتە نێوان دوو ڕووباران.
بواری ئابوری :
خاکی کەندێناوە بۆ گەنم و جۆ زۆر بە بەرەکەته و هەر لە کۆنەوە بەوە بەناوبانگە سەرەڕای نیسک و نۆک و پاقلەو بێستانی گندۆره و شفتی و هەموو بابەتە سەوزەیەک... گەنم و جۆی ئەو دەڤەرە لە ساڵی هاتدا بەشی هەموو کوردستان دەکات و لەگەڵ گەنمی ناوچەی قەراجیش بەشی هەموو عێراق دەکات و خواردنی گەنمەکە بەپێزە.
مەڕ و ماڵات و گاوگۆڵی لێ بەخێودەکرێت و سەرکەوتووە، پەلەوەر قاز و مراوی و مریشک و عەلەشیشی زۆرە، ماست و پەنیری بەناوبانگە قەدپاڵی قەرەچوغ و لاپاڵی زورگەزرا و لەوەڕگا و پاوانی زۆرە، گیانەوەری کێوی وەکو مامز، کەروێشک، کەمتیار، سیخوڕ، ژووشک و باڵندەی کێوی وەکو کەو لە بناری قەرەچوغ و سوێسکەیەکی زۆر لە بناری زورگەزراو هەیە، تەنانەت دڕندەی وەکو گورگی زۆربووە، ڕاوە ماسییەکی زۆری هەیە بەتایبەتی بۆ ئەو گوندانەی کە دەکەونە دەوری هەریەکە لە زێیەکان... زورگەزراو کانیاوی هەیە زۆربەیان هەمیشەیی ئاوی هەبووە وەکو پونگینە، سەگەوان، شاخاو، عەمباراو تک تکۆک، کەندی کۆتران، زیخمار، داودەرەش، حەسەناغە.
سەبارەت بە هەندێک لەو کانیانە بە زورگەزراو گوتراوە (ئاوان) کە سەبارەت بە ڕێنوسی کۆن بووەتە (ئاڤان، ئاڤانە)... ماددەی کلسی زۆر لە قەرەچوغ هەیە، کە لە کۆنەوە چەندان کارگەی گەچ لەو ناوە هەیە.
بواری مێژوویی:
چەندان ئاسەواری کۆنی هەیه و کەلوپەلی تاسوڵقەیی زۆری لێدۆزراوەتەوە، بەڵکو ئەشکەوتی گەوره و عاسی هەیه و چەندان جار پشکێنراوە ئاسەوارەکانی کاولە کەنداڵ، غەرابەی شێخی چۆلی، کەندی حەمەجادری، گردی ئێسکان... واپیشان دەدەن مێژووی ئاوەدانیی ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە سەردەمی سۆمەرییەکان، پاشماوەی مەنجەران لە قەرەچوغ کە چەند ئاسەوارێکی قایمی سوپاییە دەگەرێنەوە بۆ سەردەمی ئاشوریەکان و هێرشەکانی ئەسکەندەری گەورە، چەند مەزارێکیش هەن وادەگەیەنن ئەو ناوچەیە بەربەرەکانی لەشکرەکانی ئیسلامی کردبێت و کوژراوەکان نزرگەیان بووەتە پیاوچاک و بەهاران خەڵک چ بۆ سەیران و چ بۆ زیارەتی سەردانیان دەکەن.
قسەی هەموو پیر و ڕیش سپیانی دیبەگە وا دەگەیەنن دیبەگە کاتی خۆی گەردیەکان ئاوەدانیان کردۆتەوە، بەڵام سەبارەت بە فاکتەرەکانی هاتوچۆکردن. بواری بۆ گونجاوە چەندان عەشیرەتی دیکە لەو شارۆچکەیە جێگیر ببن. سەبارەت بەبوونی کانیاوی زۆر و ئاوی بیری دەست هەڵێنجی مەڕداران ڕوویان تێکردووە... بەدوای ئاو و لەوەڕگادا، ململانێی هەردوو دەوڵەتی عوسمانلی و فارسی ئەو ناوچەیەی گرتۆتەوە سەبارەت بە کاریگەریە لەسەر میرنشینە کوردیەکان و ئەوانیش لەسەر عەشیرەتەکان فەرمانی پاشای کۆرە لە دیبەگە ڕەت بووە و گەیشتۆتە گەیاره و شەڕگات لەسەر ڕووباری دیجلە. کەندێناوە مەرزی ململانێی هەردوو میرنشینی #سۆران# و بابل بووە... ئەوەش ئەگەری شەڕی عەشایەری بووە، گەردی بڵباس لەو دەڤەرە لێکیان داوە گەردی سەر بە سۆران و بلباسیش سەر بە بابان. لە ئەنجامدا بڵباسیش گەیشتونەتە ئەو ناوە، زۆر خێزانیان نەگەراوەتەوە.
دیبەگە ساڵی (1928/4/14) دەبێتە بنکەی ناحیەی کەندێناوه و هەموو دەزگاو فەرمانگەکانی پێویستی ئەو کاتی لێدەکرێتەوە، قشڵەی دیبەگە، کە بەرێوەبەرایەتی ناحیە و بنکەی پۆلیس بووە، بنکەی تەندروستی، فەرمانگەی پۆسته و بروسکە، فەرمانگەی ڕەگەزنامه و باری کەسێتی، دارایی، فەرمانگەی شارەوانی و خزمەتگوزاری قوتابخانە ساڵی 1936 کراوەتەوە، شایانی باسە پێشتر لە 1931 قوتابخانە لە مزگەوتی دیبەگە بۆ یەکەمجار کراوەتەوە.
بواری ستراتیژی:
لەبەر ئەوەی شارۆچکەی دیبەگە کاروانسەرای نێوان موسڵ و کەرکووک بووە لە لایەک و هەستکردن بەبونی کانگایەکی لەبن نەهاتووی نەوت لە لایەکی دیکەوە بۆیە دیبەگە هەر لەسەر دەمی عوسمانیەکانەوە گرنگی تایبەتی خۆی هەبووە. بە تایبەتی دوای بیرکردنەوەی ئەوەی هێڵێکی ئاسنی لە ئاستانەوە بچێت بۆ کەنداو، پاشان بۆ مۆرکردنی هێڵی ئاسنینی بەرلین، ئاستانە بەغداد، لەنێوان سوڵتان عەبدولحمید و ئەڵمانیا لە ساڵی 1898، کە ئەو ڕێگەیە بە سنووری شارەوانی دیبەگە ڕەتدەبێت دەستی بەکارکرد و نزیکی کۆتایی بوو ئێستاش ئاسەوارەکەی بە جادەی بەردێ ناسراوه و ماوە.
ساڵی 1902 سوڵتان حەمید بە فیتی وەزیری مالیەی عوسمانلی ئەندازیارێکی ئەرمەنی ڕەسەن و ڕەگەزنامەی ئینگلیزی (نۆبار گالۆست گوڵبەنگیان) ئەو ناوچانەی لە ویلایەتی بەغدا و ویلایەتی موسڵ کە نەوتی هەبوو دەخاتە سەر میلاکی تایبەتی خۆی. بۆیە کەندێناوە دەبێتە موڵک و تاپۆی سوڵتان و بەناوی (سەنیە)ی دەکات، گوایە ئەوە ژنی سوڵتان خۆی بووە. هەر بۆیەشە لە زورگەزراو بەرەو باکوور بە (سەنیە) ناسراوە وە بەرەو باکوریش بە (موڵکیە) کە ئەوانیش موڵکی دەوڵەت بوونە، ئەگەرچی پاشان سوڵتان لەسەر تەخت قاودرا و سوڵتان محەمەد ڕەشادی برای دانیشتووە بڕیارەکانی حەمید لە ساڵی 1909 ڕەت کردەوە سەبارەت بە تاپۆکردنی ئەو ناوچانەی نەوتی تێدایە بۆ خەزێنەی تایبەتی خۆی. بەڵام ناوی (سەنیە) بۆ کەندێناوه و قەراج، (موڵکیە)ش بۆ قوشتەپە هەرماوە، لە بواری سەربازییەوە ئەو ناوچەیە گرنگ بووە بۆ حکومەتی عێراقی کەوا نزیکن لە سنووری عەرەبان لەسەر ڕووباری دیجلە. کورد لەبەری خۆرهەڵات و عەرەب لەبەری خۆرئاوا، ئینجا گرینگترین شت کە هەمیشە چاوی تەماعکارنی کۆرە کردووە کانگای نەوتی ژێرزەمینی کەندێناوەیە.
ئینگلیز سەبارەت بەو نەوتە زۆرەمان زۆر ناحەقی لێکردینە حەق و زۆر حەقیشی کردە ناحەق. توانی پەیمانی سیڤەری پێ هەڵوەشێنێتەوە لۆزانەکانی پێ مۆربکات و لەگەڵ دوژمنی سەرسەختی کورد و لەگەڵ هەموو ناحەزانی خۆی لەسەر پشکە نەوتەکانی کوردستان ڕێکبکەون. کە ئەو کانگایەی کەندێناوه و کەرکووک گرینگترینیانە. ئەگەرچی کەندێناوە سەربە هەولێر بووە بەڵام ژێر زەوی یەکەی لەبەر ئەو بوارە ستراتیژیانەی نەوت خرایە سەر کەرکووک و بەناوی کەرکووکیش بووە ئێستاش وا چەندان کێڵگەی نەوتی تێدایه و بەردەوام دەردەهێنرێت و حکومەتی بەغدا دەست لە نەوتی یەدەگی ناوچەکانی دیکەی خۆی نادات و کێڵگەی خورمەڵە. مەلحەوالی، سەربەشاخ...هتد.
کە ئەوەش ئەگەری بە عەرەبکردنی یەکجارەکی ناوچەکەیه و ئەمرۆکەش لەسەر هەواڵەکانی جیهان هەست دەکەین. هێشتا کەسانی واهەن باس لە نەوتی ئەو ناوچانە دەکات و هەرلە خەیاڵی حەمید و سەنیەدان.
بواری کۆمەڵایەتی:
کەندێناوە چەندان عەشیرەتی گەورەی لێیە هەندێکیان گوندی تایبەتیان هەیە و چەندان عەشیرەتی دیکەش هەنە بەشێوەی تاک تاک یان کۆمەڵ، لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە بڵاوبوونەتەوە.
مامەسێنی-سیان- گەردی- شێروانی-بڵباس لەک- سنجاوی-ساڵەیی- گەڵاڵی-ئۆمەربل_ ئۆرمزیار_ زێد بەگی_ نانەکەلی_ ئاری کوتکی_ شوان وشێخ بزێنی_ بندیان، بۆری، بابۆکی..هتد، هەروەها چ لە دیبەگه و چ لە گوندەکانی چەند ماڵە شێخ و سەیدێکی بەرزنجەیی تێدابڵاوە.
ئەو ناوچەیە پێکهاتەیەکی عەشیرەتگەرایی هەیە، سەبارەت بەوەش باوەڕی باو و کۆنینە فاکتەری دواکەوتوویی ناوچەکە بووە، بەر لە جەنگی یەکەمی جیهانی و چەندان جار عەشایەری عەرەبانی مەڕدار، بەدوای ئاو و لەوەڕگا هاتوونەتە ئەو نێوە.
لەو بارەیەوە کاک عەبدوڵا حەمەسەوەر خەڵکی دیبەگەیه و دەڵێت: گەردییەکان ناچار بووینە بەرگری لە دیبەگه و ئاقارەکەی بکەن و لەگەڵ عەرەبان بکەونە شەڕ و لە ناوچەکە وەدەریان بنێن و لە قەرەچوغ ئاودیویان بکەن، لە قەراجیش برایم ئاغەی باییزی لێیان بدات و لە ڕووباری دیجلە بیانپەرێنێتەوە.
بواری ئیداری:
پێش ئەوەی دیبەگە ببێتە بنکەی ناحیەی کەندێناوە لە ساڵی 1928 لەدەست حوکمڕانیەتی عەشیرەتی گەردییەوە بووە، ناوە ناوەش عەشیرەتی دیکە هەبووە بەتایبەتی بێوەیی... زەوی وزاری دیبەگە سەنی بووە بە دەست ئەو کەسانەبووە کە ئاوەدانیان کردۆتەوە ئەوانەی لە زووە وە هاتبوون گەردی سەبارەت بەکێشەیەکی تایبەتی نێوان خۆیان لەگەڵ بێوەیی تێک دەچن و بۆیە گەردیەکان (حەمەسادق) دێنن لە قوشتەپە کە ئەو کاتە عەشیرەتەکەیان لە شاری (دزە)ی ئێران ئاوەرەی ئەو ناوە بوونە... بەو جۆرە حەمەسادق دەبێتە برا گەوره و پاشانیش ڕەسوڵ ئاغای کوڕی ئینجا سلێمان ئاغا و حەسەن ئاغای کوڕی... بێگومان تا ئەوکاتەش زەوی هەر هی ئەو خەڵکەی دیبەگە بوو کە بەنێویان هێناوه و خزمەتیان کردووە، پاشان سەبارەت بە دەرچوون و هاتنی خەڵک بۆ ناو دیبەگە وردە وردە زەوی لەلایەن ئاغا دەستی بەسەر داگیراو بە پێی سەرانە دراوەتە خەڵکی تازە هاتووە.
ئەوەی لێرە سەرنج ڕادەکێشێ ناوچەی دزەییاتی ناوەکەی لە ناوچەی (دووزییان) یاخود (دوورووباران) وەها هاتووە نەک لە بنەماڵەی (دزە)یی ئێران کە زۆر کەس بە هەڵە بۆی چوونە ناوی دووزێیان و دووزێیەتی زۆر کۆنتر لە هاتنی برا گەورەی دزەییەکان کە ئەوانەی دیبلەگه و کەندێناوە (مامەخولە)یان پێدەڵێن.
سەبارەت بە زەوی و زاری ناوچەکه و تاپۆکردنی چاومان کەوتە بەریش سپی دیبەگە حاجی حەسەن مام وسو.
بۆمان کەوتە قسان وتی: ساڵی 1930 بەسەرەوەی سیستەمی تەسویە تاپۆکردن لەناوا دەست پێدەکات کە ئینگلیز خۆی ئەم کارەی دەکرد و زەویەکانی دیبەگەی بخاتە سەر ناوی خاوەنەکانیان کە ئەوە لە مێژووی دیبەگە بە تەوسیە (تەسویە) بەناوبانگە، یان سەردەمی سوێند خواردن.. سەبارەت بە ساغکردنەوی خاوەنی ڕاستەقینەی زەوی لە دیوەخانی سلێمان ئاغا خەڵکیان سوێند داوە.
مەبەستی ئینگلیز لە تاپۆکردنی دیارە بۆ پتر جێ خۆشکردنی جێی پێی خۆی و پێدانی هومێدێک بە هەندێک لە پیاوەکانی خۆی بەوەی زەویان لەسەر تاپۆ بکات هەمووشی سەبارەت بە گرنگی ناوچەکە بوو لەبەر کانگەکانی نەوتی زۆری بۆ ئەوەی جۆرێک لە ئارامی دەسەڵاتی توندتر پەیدابکات بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکانی لە دیببەگه و کەندێناوە بۆ دەست بەکاربوونی پرۆژەکانی نەوتی ناوچەکە. ئاسەواری گۆمی ئینگلیزان –بەنگەرە- تەیارە خانە وە هەر لە دیبەگە ماوە. بەم جۆرە تاپۆکردن و دۆزینەوی خاوەنی ڕاستەقینەی زەوی و کێشه و هەرەکی زۆر و توندی بینیوە کە بۆ خەڵکی ناوچەکە بووە بە مێژوو.
بە خۆشی یان بە ناخۆشی. بە چاو لێ سۆرکردنەوه و گەفکردن ئاغا زەوی داوا کردووە. جووتیارەکان یان خەڵکی دیبەگە پێیان نەبووە. ئاغا و پیاوانی، ماڵ بە ماڵ بەشه و بەدزی دەگەرێن بۆ لێسەندنی زەوی لە جووتیاران و پێ مۆرکردن و تەنازول لێکردن. ئەوەش بۆتە ئەگەری ناخۆشی و ئاژاوە بەڵکو چەند کەسێک عەرد و زەویان نەدایە. هەبوو یاخی بوو دوژمنکاری ئاغای کرد... لێرەدا هەبوو لاگیری ئاغای دەکرد.
بواری ڕۆشنبیری:
لەبەر ئەوەی دیبەگە بنەمایەکی عەشایەری بوو بیروباوەری باو و کۆنینە ڕۆڵی داڕنی (سلبی) بینی لە بڵاوبوونەوەی خوێندەواری ڕۆشنبیری.
یەکەم قوتابخانە لە ساڵی 1931 لە مزگەوتی دیبەگە دامەزرا ئەوە لەکاتێکدا فەقێیان و سیستەمی ئەو بابەتە خویێندنەی لە دیبەگە هەر هەبووە. ئینجا ساڵی 1936 یەکەم قوتابخانە دامەزرا، لەسەرەتادا قوتابخانەکان ئاوەدان نەبوون پاشان وردەوردە خەڵک منداڵی خۆی ناردووە. تا چەند مامۆستایەک لە خەڵکی دیبەگە پەیدابووە ئەوان کاریان هەبووە لە ناردنی منداڵان بۆ قوتابخانە. بەو جۆرە قوتابخانەکە لە دیبەگە بووە ئاسایی و قوتابخانەی سەرەتایی کچان دامەزرا و پاشان قوتابخانەی ناوەندی و ئینجا دواناوەندی و تاوای لێهات لەگەڵ قوتابخانەی دواناوەندی دیبەگەی کوڕان کچیش دەوامیان دەکرد، بەڵام بەگشتی باری ڕۆشنبیری ناوچەکه و دیبەگە دواکەوتوو بوو، هاندان نەبووە. مامۆستا یاسین بەکر گرنگی دا بە وەرزش و جوڵانەوەی دێدەوانی. مامۆستا (مەحموود) کە ئێستا هونەرمەنده و ئەکتەرە مامۆستا بوو لە دواناوەندی دیبەگە لە ساڵەکانی (1970) زۆر گرنگی دەدا بە هونەری شێوەکاری بە ڕاستی کاریگەری هەبوو لەسەرمان. ئەو بۆ یەکەم جار باسی کرد کە هونەر چییە، مۆسیقا چییە، بەڵام تاکە ئامرازێک نەبوو بیبینین، مخابن سەد مخابن ئەو مامۆستایەیان بە گواستنەوەدا، بەبێ ئەوەی بیر لە چالاکیەکانی بکرێتەوە، دواناوەندی دیبەگە قوتابیانی هەموو گوندەکانی کەندێناوە وە تەنانەت شەمامک و قەراجیش دەوامیان لێ دەکرد ئەگەرچی مەڵبەندی لاوانی لێ بوو، بەڵام هیچ ڕۆڵێکی نەبوو لە بواری ڕۆشنبیری.
شوێنێکی دیکەمان (یانەی فەرمانبەران) تەنیا بەناو یانە بوو کە لەسەردەمی مامۆستا جەمال بابان کە ئەو کاتە واتە ساڵانی پەنجاکان دامەزرێنرا و هەموو فەرمانبەرانی ئەو ناوە مامۆستاکان و دکتۆر و بەڕێوەبەری ناحیە و وانەبێژی و هەموو مووچە خۆرێک فەرمانبەری میری لێ کۆدەبۆوە بە مفوەزی پۆلیسەوە، کە ئەوکات کتیبخانه و ڕۆژنامه و گۆڤاری بۆ دەهات و تەنانەت شوێنیکیش بوو بۆ ململانیی فیکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو سەردەمە و لەو بوارانە یەک شت هەبوو برێک چاوی خەڵکی ڕوون کردەوە بە شانۆگەری کردن و ئەویش پاش (11)ی ئاداری ساڵی 1970 وە لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بۆنە نەتەوەییەکان و حیزبیەکان... ئەو کاتی شێرزاد پۆلیس ڕؤڵێکی باشی بینی لەوەی خەڵک بزانن شانۆ کاریگەری چییە، بە پێشکەشکردنی چەندان شانۆ لە بواری گۆرانی ئەم ناوچەیە (کەندێناوە) زادەی حەیرانە لە هەموو کوردستان و حەیرانبێژی ناوداری لێ یە، وەکو عوسمان حەیران، حەسەن حەیران و...هتد هەروەهاش لە بواری لاوک چڕیندا شارەزایی بێ وێنەیان هەبووە.
بواری ڕامیاری:
دامەزراندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە ساڵی 1946 وە پاڵدانی خەڵک بەره و ئەو حیزبە نوێیەی ئیدی خەبات کردنی حیزبایەتی شانبەشانی کوردایەتی دەستی پێکرد، شانەی سەرەتایی لە بناری قەرەچوغ لە گوندی دارەخورما دامەزرا و بووە بنکەیەکی کاریگەر لەو دەڤەره و لە ساڵی 1962 دەستی بەچالاکی کرد، سەبارەت بە عەشیرەتگەری و دەروێشگەری و پاش کەوتوویی بواری ڕۆشنبیری و هەژاری خەڵکەکە بە شێوەیەکی گشتی، ئەنجا پەیدابوونی بیرباوەڕی کۆمۆنیزمی بەڵێنی دڵخۆشکەره و قوتارکردنی خەڵک لە هەژاری و دواکەوتوویی، زۆربەی ئەو دەروێش و خەلیفانەی بە بەڵێنی شێخەکان خزمەتکاری تەکیه و تەریقەت بوون هەڵگەرانەوه و پاڵیاندایە پاڵ حزبی شیوعی و بە بیرۆکەی چینایەتی لە ناوچەکە پەیدابوو، برێک هۆشی نەتەوەیی جوڵاندەوە و نەورۆز لە ساڵانی پاش (1948) دەگیراوە هەرچەندە حکومەتی مەرکەزی قەدەغەی کردبوو، ئینجا پاشان ڕاپەرینی جووتیارانی دەشتی هەولێر و پاش 1958ی هەرای شەعب.
لە ساڵی 1963 پێکدادان ڕوویدا و لە ئەنجالمدا ئەو ناوچەیە سوتێنراو هەمووی تاڵانکراو بە ماڵ و مەڕوماڵ گەنم و جۆ کە لە مێژووی ناوچەکە بە هەرای حەرەس قەومی ناسراوە، ئیدی لەو ڕۆژەوە ئەو ناوچەیە نەحەساوەتەوە و هەڵاتن و گەرانەوە ماڵ دانان و تاڵانکردنەوە تا بە یەکجارەکی تاڵانکراو دەربارەی ئەو ڕاگواستنە کاک عەزیز عەلی ئەحمەد کە برینپێچی نەخۆشخانەی دیبەگە بووه و خەڵکی دیبەگەیە دەڵێت:
لە 20/8/1988 تەبلیغ کران دیبەگە چۆڵ بکەن بەبێ ئەوەی دەست لە خانووەکانیان بدەن و کلیل ڕادەست بکەن، ئەوکات ئاماری دانیشتووانی ناو دیبەگە (9000) کەس بووە لە (1225) ماڵدا، دانیشتووانی(41) گوندەکەش (30000) کەس بووە ئەوە جگە لە (32) گوندی کە پێشتر بە عەرەب کرابوو ئەوەبوو کە خانووەکانیان وەکو خۆی بەجیهێشت و کلیلی خانووەکانیشیان لێسەندرا، خەڵکەکەیان بردە سەر عەردێکی ڕەقوتەق لە تەنیشت بنکەی ناحیەی خەبات و هەندێکیش بەره و دارەتوو چوون، بەو جۆرە خەڵکی بێ دەسەڵات ما سێبەر و کەپر و قوژبنەک بۆ خۆیان دروست بکەن، هەموو فەرمانگه و دەزگاکانی حکومەتیش لە دیبەگە کێشرانەوە مەخموور و هەولێر.
بەم جۆرە ڕژێم کۆتایی بە ژیانی بنکەی ناحیەی کەندێناوە هێناوە (دیبەگە) هێناو کردیە سەربازگه و ئینجا پاشان عەرەبی هێنایە سەر زەوی وزار و موڵکی تاپۆی کوردانی بەسەر دابەش کردن، چەندان بیری بۆ لێدان، ئەگەرچی لە مێژووی دیبەگە حکومەتەکانی بە هەموویان تەنیا یەک بیری ئیرتوازیان بۆ دیبەگە لێدابوو، بەڵام ئەمڕۆ هەمان حکومەتە چەندان بیری بۆ چەند ماڵێکی عەرەب لێداوە، بەو جۆرە دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو دەڤەرە لە هەموو مافیێکی خۆیان بیبەش کراون و ئێستاش لە کۆمەڵگایەکی زۆرەملێ لە سمێڵ و ڕدێنانن ناوچەی کەندێناوەش هەندێکی خراوەتە سەر موسڵ و سەر کەرکووک، بۆ پتر ئاگاداری جوڵانەوەی سیاسی و ڕۆڵی ئەو ناوچەیە لە شۆرشی ئەیلولدا، سەردانی بەرێز خورشید شێرەمان کرد کە ئەو کاتە، بریکاری وەزارەتی ئەوقاف، وەکوو ئەوەی بەرێزیان دانیشتووی دیبەگە بووە تا ساڵی 1957 و هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و خەباتێکی بێ وچان بووە کاریگەری لەسەر ناوچەکەی خۆی هەبووە بەرێزی گوتی: پاش دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 1946 یەکەم شانەی پارتی لە مەرکەزی ناحیەی دیبەگە پێکهات و پاش 14ی تەموزی 1958 تەنزیمی حیزبەکە ئاشکراکرا، بەخێرایی پەرەی سەند و تەقینەوەی یەکەم مەفرەزەی شۆرشی کوردستان لە ئەندامانی یەکەم شانە کە پێکهاتوو یەکەم زەڕبەی پێشمەرگە کە وەشێندرا ئەوەبوو مەرکەزی ئیداری ناحیەی دیبەگەیان سوتاند و هەر لە ساڵی 1962 هەمان مەفرەزە لە ڕێگای دیبەگە-دوبز لە ئوتومبێلەکەی پۆلیسی حیمایەی نەوتیان دا جێبەک و سێ پۆلیسیان گرت، پاش کۆدەتای (8)ی شوبات بەعس گفتوگۆی دەست پێکرد و بوارێک بۆ خەڵک پەیدابوو تەنزیمەکە لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازی لێکراو بۆ ئیستیعابی جەماوەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە گوندی دارەخورما لە بناری قەرەچوغ دانرا و هەندەی پێ نەچوو زۆر کەسایەتی پەیوەندیان پێوەکرد وەک ئەحمەد حەمەدەمین ئەندامێکی پارتی بوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچەکە بوو تا ژمارەی گەیشتە نزیکەی (200) چەکدار، پاش نەمانی گفتوگۆ ڕژێم هێرشی کردەسەرناوچەکه و لە دارەخورما بووە شەڕو ناوچەکەیان تاڵانکرد و سوتاندیان و ورەی خەڵکەکەی ڕووخاندبوو، پاشان ڕژێم بە بەرنامەیەکی دیاریکراو لە #08-09-1963# دەستی بە چۆڵکردن و تاڵانکردن وسوتاندن کرد کە بەهەرای حەرەس قەومی ناسراوه و عەشایەری عارەبی لەگەڵدابوو گوندەکانی مامەسێنی و سیانان دەرکران و (عەواس) سەرۆکی عەشیرەتی (تەی) لەو ناوە دانیشت و خەڵکەکەش پەرگەندەبوون، ئەو دەڤەرە قەدەغەکراو ناونرا (مەنتیقەی موححەڕەمە) ئەو پیلانەی کە بەعس بۆ بە عەرەبکردن کردی هەر لە ساڵی 1966-1967 نیازی هەبوو.
رژێم ویستی جادەیەک ڕابکێشێ لە زێی گەورەوە بۆ زێی گچکه و ناوچەکە لەت بکات بۆ ئەوەی کورد لە باکوری ئەو جادەیە نەپەڕنەوە خوارێ کە عارەبی لێ جێنشین کردبوو ئیدی ئەو کاتی جوڵانەوەی کوردی بەرەنگاری ئەوە بۆوە و زۆر بە توندی وەستا و بڕیاردرا لەسەر ئەوە شەڕ بکرێت و نەتەوەیە کگرتووەکانیان لێ ئاگادارکردەوە، بەو جۆرە ئەو پرۆژەیەی ڕژێم نیازی بوو ڕاگیرا، ئەو بارە ماوە تا ساڵی 1970 و ڕێکەوتننامەی 11ی ئازار، بە بروسکەیەک بۆ ماوەی (24) کاتژمێر نە عەواس و نەعەشیرەتەکەی ما، خەڵکەکە ئەنجا گەرانەوە جێگای خۆیان.
هەروەها بەڕێزی سەبارەت بە بەعەرەبکردنی یەکجارەکی و ئاخنینی ئەو خەڵکەی دەشتی هەولێر لە کۆمەڵگا زۆرەملێکاندا کە بێکار و بێ پیشەن و عارد و بەردیان وا عارەب خێر و بەرەکەتی دەخۆن و ناوچەکەش بەیەکجاری بە عەرەبکراوە بۆ دانیشتووانە ڕەسەنەکەشی شتێکی وا نەکراوە گووتی: پێموایە غەدرێکی زۆر لە خەڵکی کەندێناوه و قەراجی کراوە، کە ئاوارە بووینە ئاوارە هەر ئاوارەیە چ ئاوارەیەک لە کەرکووک بێتە ئێرە یان ئەوانەی کەندێناوه و قەراج هەردوولا کوردن و هەردوولا حکومەت دەریکردوونە، چونکە هەردوولا لەسەر ماڵ وموڵکی خۆیان دەرکراون سەروەت و سامانیان چووە ئەو ناتوانێ بچێتەوە ناوچەکەی خۆی خەڵکی کەندێناوه و قەراجیش ناتوانن بچنەوە ناوچەکەی خۆیان، یەکێک لەوبەری زێی لە دوبزی دەرکراوە یەکێکیش لەبەرەکەی دی لە پەلکانەی دەرکراوە هەردوولایان دوو کیلۆمەتر لە زێیەکەوە دوورن بۆ ئەوەیان ئاوارەبێت و بۆ ئەوەیان ئاوارە نەبێت و هیچ حیسابی ئاوارەیی بۆ نەکرێت لەبەر ئەوە ئەوەی بە مافەکی زۆر شەرعی دەزانم داوادەکەم زەروورییە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نەزەر ئیعتیباری وەربگرێ و چاوێک بە وەدا بخشێنێ و بە مەزلووم و مەغدووریان دەزانم.
سەبارەت بە بەعەرەبکردنی (29) گوندی کەندێناوە گوندی سەرگەرانی سەر بە ناحیەی کەندبێناوە بەرێز مامۆستا سامی عەلی ئیبراهیم ئاغا کە سەرۆکی عەشیرەتی مامەسێنی بوو دەڵێت: لە ساڵی 1963 بە سەرەوە بە عەرەبکردنی ناوچه و گوندەکانمان زۆربە ئاشکرا دەستی پێکرد کە وا ڕژێمی بەغدا تاقە کوردێکی نەهێشت و زەوییەکانیشمانی دابەشکردە سەر عەرەبەکان بە هەنجەتی پاراستنی بیرەنەوتەکان، پاش تاڵانکردن و سوتاندنی عەشیرەتی شەمەڕ نیشتەجێ بوون، پاشان ئەوانە لادران عشیرەتی دیکە هێنا تا ساڵی 1975 ئینجا دووبارە عەشیرەتی شەمەڕ هاتنەوە لەسەرەتادا (29) گوندیان دابری بوو دوای بووە (33)، گوندەکەی ئێمە (سەرگەڕ) یان بۆ کردنە ناحیەی (قودس) و ئەو (33) گوندەیان بۆ خستنە سەر ئیدارەی کەرکووک، کە هەر هەموو گوندەکان بە ناحیەی دیبەگە بوون، ئینجا بە ناوی (مەعزول ئیداری) ناوچەی نەوتی ئەو ناوچەیە تەسلیم بە قیادەی حیمایەی نەوت کران.
تاکو ساڵی (1988) بە یەکجارەکی هەموو کەندێناوە زەوی یەکانی دابەشکرا بەسەر عەشایەری عەرەبی، لە بەرایی داواکرا (تەصحیح قەومیە) بکەین و خۆمان بکەینە عەرەب و ناوی عەشیرەتەکەشمان بکەینە (ئەبولحەمدان) هەروەها هەوڵدرا موڵک و گوندەکانمان بکڕن.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس کاوە نادر سەبارەت بە سیاسەتی بەعەرەبکردن دەڵێت: بەعەرەبکردن چەندین پرۆسەی جۆراوجۆری لەخۆی گرتووە هەر لە ڕاگواستنی زۆرەملێ و بەعەرەب دانانی هەندێک لە عەشیرەتی کوردی ڕەسەن و سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی (تەصحیح قەومیە) و گواستنەوەی فەرمانبەرانی کورد بۆ ناوچە عەرەب نشیبنەکان ودامەزراندنی فەرمانبەرانی ڕەگەز پەرستی عەرەب لە شوێنیان و گۆڕینی ناوی شوێنە تایبەتی و گشتییەکانی بۆ ئەو ناوە عەرەبیانەی کە ڕەگەزپەرستی و خۆ بەزلزانینی لێ دەچێتەوە سەرەنجام هەموو ناوچەکە بە چەند (موستەوتەن)ە عەرەبیانەی تەنیووە وەک عەدنانییە (گوندی (مەلاقەرە) قەریەی عاکوب (گوندی سێچارە) و (قودس) سەرگەڕان تەلئەلحەیال (گردە شینە) و ئەلریسالە (گاوەرە) سەیف ئەلقائید(دیبەگە).. هتد.
هەر لە کۆمەڵگای خەبات چاومان کەوت بە کاک قادر ئیبراهیم ئەستی (ئێستا کۆچی دوایی کردووە و لە ژیاندا نەماوە) نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە ئەنجومەنی شارەوانی کۆمەڵگای خەبات دەرهەق بەعەرەبکردنی ناوچەکه و ڕۆژانی بە عەرەبکردنەوە بۆی گێڕاینەوە: لە پاش ئەوەی هەموو گوندەکانی کەندێناوە لەلایەن ڕژێمەوە بە دینامێت ڕووخێندران ودانیشتووانەکانی ڕاپێچی دارەتوو بنەسڵاوه و تۆپزاوه و جەدیدە کران بێ هیچ پەناگەیەک بەبێ نان و ئاو، ئینجا لە ڕۆژی 21/8/1988 ئێمەی خەڵکی دیبەگەیان تەبلیغ کرد کەوا دەبێ لە ماوەی 24 کاتژمێر دیبەگە چۆڵ بکەین ودەست لە خانووەکان نەدەین و کلیلەکانیان لەسەر بەجێ بهێڵین، بەو جۆرە بۆ بەیانی خەڵکەکە کلیلیان لێ سەندرا و دەرکراین و ئێمەیان لە گۆرەپانێکی نزیک شارۆچکەی خەبات لە سەرعاردێکی ڕەق و ڕووت دابەزاند، نە نان، نە ئاو نەسێبەر پێشتر بۆ زەمینە خۆشکردنی بە عەربکردن دەزگاکانی هەواڵگری ڕژێم زۆر زۆر بێ ڕەحمانە کردەوەی دوژمنکارانەیان دەکرد ئاژاوەیان بە ناوی کوردەوە دەناوە، هەر خۆیان بە (جەیشی شەعبی) عەشایەری عەرەبیان دەکوشت و پاشان بڵاویان دەکردەوە ئەوە کورد وادەکەن زۆر جاران ئەمنی خۆیان جلی کوردییان لەبەر کردووە بۆ ئەم کارانە، بۆ ئەوەی وا لەهەندێ عەشایەری عەرەب بکەن کورد بکوژن و کێشە بنێنەوە بەو جۆرە حکومەت هەتنجەتی بۆ خۆی دەکرد نائارامی خولقاند و بۆ جێبەجێ کردنی مەرامەکانی.
لەپاش ڕاپەرین ئێمە لێرەین و وەکو ئاوارەیەک هیچ حیسابمان بۆ نەکراوە، تەنانەت پێشمان ناگوترێ ئاوارە، سەبارەت بەو سەردانەی ڕێکخراوەکانی (UN)مان کردووە لە عەنکاوە ئەوەبوو چەند لافیتەیەکیشمان نووسی و بە کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی، چەند ئافرەتێکمان لەگەڵدابوو ئەوانیش قسەیان بۆ کردن بەڵام بێسوود بوو داواش دەکەین و دووبارەی دەکەینەوە چارەیەکمان بکەن لە ڕێگای (UN) بەڵکو هەوڵێکی جدی گەرانەوەمان بۆ بدرێت وەهێڵی (36) فراوان بکرێت و ناوچەکانمان بۆ بگەرێتەوه و بچینەوە سەر موڵک و گوندی خۆمان، بەراستی ئێمەی کەندێناوە هەر لە سەرەتاکانی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕاپەرینی شۆرشی کوردستان و لە 1961 تا ئێستا هەمیشە زەرەرمەندین وچەندان جار تاڵان کراوین و ئاوارە بووینەوه و ئارامیمان نەبووە تا ئەوە بە یەکجاری دەرکراین، بۆ یە لە حکومەتی هەرێم داوادەکەین چاوێک بەو بارە ناهەموارەماندا بگەرێننەوە، هەقە ئێمە هەموو زیانەکانمان قەرەبۆ بکرێتەوە، جا لەهەر ڕێگایەک بێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر گەرانەوە مانە بۆ سەر موڵک و گوندی خۆمان.
هەروەها حەسەن ڕەشید و عوسمان یونس و حاجی عارف معروف (خوایان لێخۆشبیت کۆچی دواییان کردووە) پلکە سێوێ عەڵا حەمشین (ئیستا تووشی جەڵتە بووە) نازم سدیق تایەر هاودەنگن لەگەڵ قسەکانی کاک قادر ئیبراهیمی ئەنجومەن هەموویان چەند جارێک زەرەرمەند بوونە و تاڵانکراون و بە ئاواتی ئەو ڕۆژەن ئەگەر شتێکیان بۆ بکرێت ئەوە بە پێیانیش بێت دەچینەوە، بە جۆرێک سێوێ خان دەیگوت مردن لەسەر موڵکی خۆم خۆشترە لە ژیانی ئاوارەیی، خواردنی دڕک و دار و نانەڕەقەی دیبەگەم پێ باشترە لە هەموو شتێکی ئێرە هەمووشیان داوایەکی هەمیشەییان هەیە تەنها گەرانەوەیە بۆ سەر خاک و زێدی خۆیان، بەهیواشن ئەگەر لە ڕێگای (UN) و بە هیممەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرەبۆ بکرێنەوە لەسەر ئەوە بەرنامەی واهەن بەناوی نەوتەوە، هەروەها سەبارەت بە نوێترین هەواڵی کەندێناوە، سەردانی لێژنەی ناوچەی مەخموورمان کرد و لەگەڵ کاک نەریمان و کاک کرێکار دوایین، بەرێز نەریمان مەلا عەزیز ئەکاتە لێپرسراوی ناوچە کە لە چەند قسەیەکدا وتی ڕژێم بەگەرمی ئاسانکاری بۆ عەشایەرە عەرەبەکان دەکات بە مەبەستی هاندانیان بۆ مانەوەیان و دامەزراندنیان لەسەر خاکی کورد لە دیبەگە یاخود بڵێین کەندێناوە هەموو پێداویستی عەرەبەکان ئامادە دەکات وەک ئامراز و ئامێری کشتوکاڵی و دانەوێڵه و پەینی کیمیاوی و تەنها لە کەندێناوە (45) بیری ئیرتوازی لێداوه و ئامێر و ئاو پڕژێنی دابەشکردووە عەشیرەتەکانیش بریتین لە لهێب، حەدیدی، سومبس، سەبعاوی، جعیش، جبور، تائی، شلیلە، جمیلە، چەندانی دیکەش، سەبارەت بە خراپی گوزۆرانی ئاوارەکانی ئەو دەڤەرە داوا دەکەین حیسابێکمان بۆ بکرێت وەکوو هەموو ئاوارەکانی دیکەی کوردستان و کۆمەڵگایەکی نیشتەنییان (موجەمەع سەکەنی) یان بۆ بکرێتەوە بە دروستکردنی ژمارەیەک خانوو بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە لە کۆمەڵگا زۆرەملێکاندا یارمەتی نەدراون و تا ڕۆژی دەرکردنیان لە 21/8 /1988 لە کەندێناوە بوونە، چونکە زۆرن ئەوانەی ئەو کات ماڵ و ژنیان نەبووه و لەگەڵ ماڵی باوک بووینە بەڵام ئێستا بە کرێچیەتی یان لە قوژبنێک دەگوزەرێنن.
(دزە) گوندێکە یان ناوچەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان [1]