لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک بەردەگۆڕ یان #گۆڕدەخمە# هەن، کە لە سەردەمی #ماد#ەکان تا #ساسانییەکان# وەکوو گۆڕستان بەکار هاتوون، ناسراوترین ئەو بەردەگۆڕانە بریتین لە: بەردەگۆڕی کەلی داوود، #فەقەرەگا# و #کەرەفتوو#.
مێژووی دروستکردنی بەردەگۆڕ یان گۆڕدەخمەکان بۆ سەردەمێک دەگەڕێتەو، ە کە ئایینی فەرمیی کوردستان، میترایی، یان #زەردەشتی#ی بووە و تەرمەکانیان لەسەر بەرزایی لەناو ئەو گۆڕانە داناوە، تا باڵندە و ئاژەڵاکان بیانخۆن. سەرچاوەی ئەمجۆرە گۆڕانە بۆ شارستانیەتی ئورارتوو لەپاڵ دەریاچەی #وان#ی باکووری کوردستان دەگەڕێتەوە. بەردەگۆڕ ژوورێکی لە بەرد دروستکراو بووە، بۆ دانانی تەرمێک یان چەند تەرمێک لەسەر کێو و بەرزاییەکان و شوێنی پێویستیشی بووە بۆ بەڕێوەبردنی نەریت و ڕێوڕەسمی ناشتنی مردووەکان.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەراورد بە پارچەکانی دیکەی کوردستان، زیاترین بەردەگۆڕی لەخۆ گرتووە، وەکوو گۆڕدەخمەی تەپۆڵکەی #حەسەنلوو#ی نزیک #نەغەدە#، فەقەرەگای #مەهاباد#، کەرەفتوو نزیک لە شاری #دیواندەرە#، گۆڕدەخمەی دەربەندی #سەحنە# و گۆڕدەخمەی کەلی داوودی سەرپێڵی زەهاو. #قزقاپان# ناسراوترین گۆڕدەخمەی باشووری کوردستانە لە سنووری سلێمانی.
باکووری کوردستانیش ژمارەیەک گۆڕ دەخمەی هەیە، کە زیاترینیان دەکەونە سنووری وان.
بیناسازیی بەردەگۆڕەکان وەکوویەکن، واتا لەسەرەوە نەخشیان لەسەر هەڵکەنراوە و لەخوارەوە هیچ نەخشێکیان لەسەر نییە، بەڵام بەشێک لە بەردەگۆڕەکان کۆڵەکەی بەردینیشیان بۆ دروست کراوە.
دووکانی داوود یان کەلی داوود، بەردەگۆڕێکی مێژووییە بۆ ناشتنی مردووەکان و لەسەردەمی مادەکان دروست کراوە. ئەم بەردەگۆڕە سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاوە و 100 کیلۆمەتر لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوورە. ئەم بەردەگۆڕە تەرمی دوایین پاشای مادەکان (ئیشتوویگۆ)ی لەخۆ گرتووە. هەندێ لە مێژوونووسانیش دەڵێن؛ کەلی داوود گۆڕی زەحاکە و لەخوار گۆڕدەخمەکە نەخشی نەوەی زەحاک هەڵکەندراوە، کە خەریکی نزا و پاڕانەوەیە بۆ باپیری. بۆ #یارسان#ەکان کە زیاترین دانیشتوانی ئەو دەڤەرەن، گۆڕدەخمەکە شوێنێکی پیرۆزە و ڕۆژانی نەورۆز وەکوو سەری ساڵی کوردی سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و ڕێوڕەسمی تایبەتیان بۆ ئەو شوێنە هەیە، چونکوو شوێنەکە بە هی یەکێک لە پیرەکانی یارسان دەزانن. ئەم بەردەگۆڕە زیاتر لە 95 مەتر پانە، 6مەتر بەرزە و لەبەرەوە 7 مەتر درێژە. پێنج ڕەفە و تاقچەی هەیە و 12مەتر لە ئاستی زەوی بەرزە و دەستگەیشتن پێی سەختە، بۆیە تا ڕادەیەکی زۆر وەکوو خۆی ماوە.
تائێستاش لە هەندێ شوێنی کوردستان، هەندێ ماڵبات مردووەکانیان لەناو گۆڕدەخمەی تایبەت بە ماڵباتەکەیان دەنێژن، کە لحکی پێ دەڵێن.
بەردەگۆڕ، یان گۆڕدەخمەی فەقەرەگا، یەکێکە لە شوێنەوارەکانی سەردەمی مادەکان، کە پاڵی داوە بە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دروستکردنی بەردەگۆڕ لە سەردەمی مادەکان باو بووە و پێیان وابووە؛ بە دانانی مردوو لەناو ئەو بەردەگۆڕانە، تەرمەکان دەبنە خۆراکی باڵندەکان و لەو ڕێیەوە ناهێڵن خاک و ژینگە پیس ببێ.
یەکێکی دیکە لە ناسراوترین بەردەگۆڕەکان، دەکەوێتە پارێزگای سنە و نزیکە لە شاری دیواندەرە، کە بە کەرەفتوو ناسراوە. هەندێ کەس پێیان وایە؛ گۆڕی هیرکوڵ، پاڵەوانی ئەفسانەیی یۆنان لەناو ئەم بەردەگۆڕەدایە.
کەرەفتوو شوێنی ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەکان بووە، کەلوپەل و کەرەستەی سەردەمی ئەشکانییەکان، مادەکان و ساسانییەکانی تێدا دۆزراوەتەوە. تەنیا ئەشکەوتی چوار نهۆمی جیهانە، کە بە بینای سروشتی بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ ناوبانگی دەرکردووە. ئەو کەسانەی هەزاران ساڵ بەر لەئێستا لەناو ئەم ئەشکەوتەدا ژیاون، چەندین ژووری گەورە، داڵان، ڕێڕەو، زیندان، چێشتخانە، ژووری کۆبوونەوە، گۆڕستان، پەناگە، پەیژە، دەروازە و پەنجەرەیان دروست کردووە. ئەم ئەشکەوتە بەجۆرێک دروست کراوە، کە لە زستاندا گەرمە و لە هاویندا فێنکە. لە سەردەمی مادەکان، پەرستگە، شوێنەژیان، قەڵای بەرگری و ناوەندی حوکمڕانی بووە. سەرجەم ژوورەکانی ناو ئەشکەوتەکە لە ڕێگەی چەند داڵان و ڕێڕەوێکەوە پێکەوە گرێ دراون و سەرجەمیشیان پەنجەرەیان هەیە و چەندین نهۆمی لەخۆ گرتووە. نهۆمی یەکەمی ئەشکەوتەکە لە ڕێی ڕێڕەوێکی 12مەتری، کە 2مەتر بەرزە و 4مەتر پانە، بە نهۆمی دووەمەوە گرێ دراوە و ژوورێکی 120مەتریی چوارگۆشەی لەخۆ گرتووە. نهۆمی سێیەم لە چوار ژوور پێکهاتووە. داڵانی سروشتی ناو ئەشکەوتەکە 600مەترە و لە مەترێکەوە بۆ 12 مەتر بەرزە.
لە زمانی کوردیدا وشەی کەرەف بە مانای پەرستگەیە و وشەی توو لە تاو و هەتاو گیراوە و کەرەفتوو بە مانای پەرستگەی خۆرە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]