#هەمەدان#، شارێکی پڕ لە شوێنەوار و شکۆی سەردەمانی ڕابردووە، کە لە سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، لەسەر دەستی #دیاکۆ#، پاشای کوردستانی کەونارا دامەزراوە. کاتی خۆی ناوی (#هەگمەتانە#) بووە و یەکەمین پایتەخت و یەکەمین شانشینی #ماد#ەکان بووە. ئەم شارە لە سەردەمی هەخامەنشی، ئەشکانی، #ساسانی#، ئالی بووە. لەسەر بەردەنووسەکانی سەردەمی #ئاشوورییەکان# ناوی ئەم شارە بە (ئامادانە)، واتا شاری مادەکان هاتووە؛ چونکە ئاشوورییەکان بە مادەکان، دەیانگوت (ئامادا).
یەکێک لە شوێنە دیارەکانی شاری هەمەدان، شوێنێکە بەناوی گەنجنامە، کە لەسەر دووبەردەنووس هەڵکەنراوە و مێژووی بۆ سەردەمی داریووش و خەشایارشای هەخامەنشی دەگەڕێتەوە. هەرکام لەم بەردەنووسانە 20 دێڕیان بە زمانی عیلامی و بابلی نوێ لەخۆ گرتووە.
ئەم بەردەنووسانە بە جەنگنامە و بەردەنووسی ئەڵوەنیش ناسراون، هەریەکێکیان نزیکەی 3مەترە لە 2مەتر و 30 سەنتیمەتریش قووڵن و بە خەتی بزماری لەسەریان نووسراوە: #ئەهوورەمەزدا# یەزدانێکی مەزنە، ئەم زەوییەی ئافراندووە، ئاسمانی ئافراندووە و خەڵکی ئافراندووە، تا لە خۆشیدا بن. گەنجنامە لە سەردەمی هەخامەنشییەکاندا ڕێگای هیگمەتانەی بە بابلەوە گرێداوە و لەو سەردەمەدا وەکوو ڕێگایەکی پیرۆز سەیریان کردووە.
(بەردەشێر)، یەکێک لە گۆڕەپانە ناسراوەکانی شاری هەمەدانە، کە تێیدا بەردەشێرێکی سەردەمی مادەکان وەک خۆی لەسەر تەپۆڵکەیەک دانراوە. ئەمە یەکەمین دەروازەی شار بووە، کە عەرەبەکان کاتی داگیرکردنی کوردستانی ئەو سەردەمە، (#باب الاسد#)یان پێگوتووە. مێژووی دروستکردنی ئەم بەردەشێرە بۆ سەردەمی مادەکان دەگەڕێتەوە، کە لەو سەردەمەدا لەبەردەم دەروازەی شارەگەورەکان دوو بەردەشێریان دادەنا.
(پشتە) یان (تەپۆڵکەی مێژوویی هەمەدان) یەکێکە لە ناسراوترین و گرنگترین شوێنەوارەکانی جیهان. ئەم تەپۆڵکەیە گەورەترین تەپۆڵکەی مێژووییە لە کوردستان و ئێران، شارێکی مێژووی، ی کە هێشتا دەنگی سوارچاکانی لەشکەری دیاکۆ لەناو کۆڵانەکانی ئەم شارە هەست پێدەکەی، بەشێکە لە شاری هیگمەتانەی پایتەختی مادەکان. ڕۆژگارێک دیاکۆ، ئیمپراتۆری کوردستان بەدەم پیاسەکردن بەناو ئەم کۆڵانانەدا بیری لە فراوانکردنی سنوورەکانی کوردستان کردووەتەوە.
کۆڵانەکانی ئەم شارە مێژووییە لەو سەردەمەدا بەردچن کراون و بۆڕی لە گڵێنە دروستکراو بۆ ڕاکشانی ئاو بۆ ماڵەکان دابین کراوە، خانووەکانی بە خشتی چوارگۆشە دروست کراون و دەیان کەلوپەلی زێڕین لە کاتی دۆزینەوەی ئەم شارە لەژێر خاک هێنراونەتەدەر.
گۆزەی زیوین، جام و کەوچکی زێڕین و ژمارەیەک کەلوپەلی تایبەت بە ئەردەشێری پاپەکان، ئەو پاشا کوردەی کتێبی ئاڤێستای کۆکردەوە، لەناو ئەم شارەدا دۆزراوەتەوە. دیوار و کۆڵانەکانی گەڕەکێکی دیکەی ئەم شارە مێژووییە لە لایەن شوێنەوارناسان وەکوو خۆی نۆژەن کراوەتەوە، تا ئەو کەسانەی سەردانی ئەم شوێنەوارە دەکەن، لەگەڵ بیناسازی و شێوازی ماڵ و کۆڵانەکانی ئەو سەردەمەدا ئاشنا بن.
لەناو شاری هەمەدان گەورەترین گۆڕەپان و بەرزترین بورجەکان بۆ ڕێزگرتنە لە یادی شاعیر و کەسایەتییەکانیان. گۆڕی (#باباتاهیری هەمەدانی#) بورجێکی هەشت پاڵووە، بە بەرزیی 25 مەتر لە بەردی گرانێت دروست کراوە و کەوتووەتە ناو گۆڕەپانێک، کە ڕووبەرەکەی نزیکەی نۆ هەزار مەتری چوارگۆشەیە.
باوەتایەری هەمەدانی لە سەدەی 11یەم، لە سەردەمی سەلجووقیدا ژیاوە و یەکێکە لە کۆنترین شاعیرەکانی کوردستان، کە بە زاراوەی لەکی و لوڕی شیعری هۆنیوەتەوە و لە شیعرەکانیدا خۆی بە (لەک) ناساندووە و عاشقی ژنێک بووە بەناوی فاتیمە:
مە دەروێشم، لەکم، ئەعجاز دیرم
مە دووسی چووی خوشین دەمساز دیرم
مە مەعشووقی وە نام فاتیمە لوڕ
سنەوبەر قامەت و پڕناز دیرم
دەروێشی و سۆفیگەری وای لە باوەتایەر کردووە، تا بە گۆشەگیری و بە دوور لە کۆمەڵگە بژی، ئەگەرچی جیا لە شیعر کتێبی دیکەشی هەیە، کە ناسراوترینیان کتێبی (#سەرەنجامە#)، بەڵام لەبارەی ژیانییەوە کەمترین زانیاریی هەیە، ئەم شاعیرە کوردە لە تەمەنی 85 ساڵی لە شاری هەمەدان کۆچی دوایی کردووە.
گۆڕی (#بووعەلی سینا#)، فەیلەسووف، زانا و پزیشکی ناسراوی ئێران، شوێنەوارێکی دیکەی شاری هەمەدانە، کە شێوازی بیناسازییەکەی تێکەڵەیەکە لە بیناسازیی بەرلەئیسلام و بیناسازی دوای ئیسلام، دروستکردنی بورج، باخچە، حەوز و بەردی کوێستانەکانی ئەڵوەن، بەشی سەرەکیی ئەم گۆڕەیە. بە هێمای 12زانستی بووعەلی سینا، دوازدە کۆڵەکەی بەرزی بەردین بە بەرزیی 21 مەتر لەسەر گۆڕەکەی دروست کراون.
بووعەلی سینا یەکێک لە زانا ناسراوەکانی جیهانە لە زانستی ئەستێرەناسی، کیمیا، جوگرافیا، فەلسەفە و پزیشکی، کە چەندین کتێبی لە بواری جوراوجۆر نووسیوە. کتێبی قانوون یەکێکە لەو کتێبانەی، کە مامۆستا #هەژار موکریانی# لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و بەر لە مامۆستا هەژار لەبەر سەختی و ئاڵۆزیی نووسینی کتێبەکە؛ هیچ وەرگێڕێک زاتی ئەوەی نەبووە خۆی لە قەرەی ئەو وەرگێڕانە بدا. دواجار بووعەلی سینا لە ساڵی 1037ی زایینی لە شاری هەمەدان کۆچی دوایی دەکات و لەم شوێنە دەینێژن، کە بووەتە هێمایەک بۆ ئەم شارە.
گەرماوی قەڵا، شوێنەوارێکی دیکەی هەمەدانە، کە وەکوو مۆزەخانە بەکاردێ. گەرماوێکی نموونەیی و گەورە، کە خاوەن بیناسازیی تایبەت بەخۆیەتی و لە دوو بەشی گەرماوی سارد و گەرم دروست بووە. ئەم گەرماوە بە گەرماوی حاجی محەمەد سەعیدیش ناسراوە، کەوتووەتە ناو یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی هەمەدان، بەناوی گەڕەکی قەڵا و لەسەر ڕووبەری 1500مەتری دووجا دروست کراوە. بیناسازییەکەی پێکهاتەیەکە لە بیناسازیی ئێرانی و ئیسلامی و لەسەر چەندین کۆڵەکەی بەردین بنیات نراوە. چەند ساڵێکە ئەم گەرماوە بووە بە مۆزەخانە و ژیان و کولتووری خەڵکی هەمەدان تیایدا نمایش دەکرێن.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]