پێکەوەژیانی ئایینەکان لە دەڤەری بارزان بۆ مێژووێکی کۆن دەگەڕێتەوە، بەتایبەتیش لەگەڵ مەسیحییەکانی دەڤەرەکە، کە خاوەن کڵێسەی تایبەتی خۆیانن و لەگەڵ موسڵمان و پێکهاتەکانی دیکەش پەیوەندییان لەوپەڕی بەهێزی دایە، ئەوەی لێکیان جیا دەکاتەوە، تەنیا ئاییەنەکەیانە.
ڕێبەر بارزانی، چالاکوانی دیاری ناحیەی شێروان مەزن، لە سنووری قەزای #مێرگەسۆر# لە دەڤەری بارزان، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان لە کوردستان بەگشتی و لە دەڤەری بارزان بەتایبەتی زور بەهێزن، ئەو پەیوەندی و پێکەوەژیانەش بۆ مێژووێکی کۆن و سەردەمی باب و باپیرانمان دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە، ئەم شوێنەی ئێمە تێیدا نیشتەجێین، هاوسنوورە لەگەڵ گوندی بێدیال، کە گوندی مەسیحییانە، ئەوەی ئێمە و ئەوان لێک جیادەکاتەوە، تەنیا ئایینە پیرۆزەکانە، ئەگەرنا وەک برا پێکەوە دەژین و لە خۆشی و نەخۆشییەکان لەگەڵ یەکترداین، هەردوولا دەستی هاوکاری بو یەکتری درێژ دەکەین، ئەوەش نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانە لە دەڤەری بارزان.
گوتیشی: هەموو پێکهاتەکانی دەڤەرەکە پابەندن بە ڕێبازی بارزانی، ئەویش پێکەوەژیان و خۆشەویستی و یەکسانی و دادپەرەوەرییە لە سەرجەم بوارەکاندا، ئەو شێوازە پێکەوەژیانەش سیمایەکی جوانی بە دەڤەرەکەمان بەخشیوە.
ئیڤان جانی، مامۆستای زانکۆ و چالاکوانی ئاشووری، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە (باسکورد)ی گوت: ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پێکەوەژیان بەرز دەنرخێنین، هەروەک لە چەند بۆنەیەک پڕ بە زمان باسی ڕۆڵی گرنگی ئاشوورییەکانی کرد، لەبەردەم چاوی هەموو جیهان، لە ڕێکەوتی 18ی حوزەیرانی 2022، کاتێک سەرۆک بارزانی وتارێکی بە بۆنەی ڕێوڕەسمی ناساندنی زنجیرەیەک کتێبی پڕۆژەی دۆکیۆمێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان لە هەولێر پێشکەش کرد و لەنێویدا ئەم ڕاستییەی درکاند، کە شێخ عەبدولسەلام بارزانی، زۆر لەپێش سەردەمی خۆیەوە بووە، چ لەو چاکسازییانەی کردوونی، چ لە بیروبۆچوونی لەبارەی نەتەوە و ئایین و پێکەوەژیان، هەروەها کاتێک سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پاتریارکییەی کڵێسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە شاری هەولێر بەشدار بوو، هەر لە کاتی دیدارەکەی لەگەڵ گەورەپیاوانی ئایینی کڵێسەی ئاشووری، بەگرنگییەوە باسی لەو پەیوەندییە مێژووییە برایانە و دۆستانە کرد، کە لەنێوان شێخەکانی بارزان و پاتریارکەکان و سەرکردەی هۆزە ئاشوورییەکاندا هەبووە.
ئاماژەی بەوەش کرد: سەرۆک بارزانی بۆ مێژوو سەلماندوویەتی، کە شێخەکانی بارزان، چەتری پاراستن و داکۆکیکردنن لە مافی گشت نەتەوە و ئایینەکان، بەتایبەتی ئاشوورییەکان، کە مێژووێکی پڕ خەبات و قوربانیدانیان لەگەڵ بارزانییەکاندا هەبووە، بۆیە لەبەرامبەر ئەمەدا، دەبێت ئاشوورییەکانیش ئەم هەڵوێستە پڕ شانازییە لەیاد نەکەن و هەمیشە لەهەو ڵی ئەوەدابن، کە پەیوەندییەکانیان لەسەر گشت ئاستەکاندا لەگەڵ برا کوردەکان و بەتایبەتیش بارزانییەکان، کە یەکەم و دوایین هاوپەیمانی ڕاستەقینەیانن، پتەوتر بکەن و ئەو پەیامە بە هەموو جوانییەکانی بگەیەننە دەست نەوەکانی ئاییندە.
د. عەڕەفات کەرەم ستوونی، لە لاپەڕەکانی 87- 88 پەرتووکی (ژیانی ئایینی لە نەهرێ بۆ بارزان) لە وەرگێڕانی (رەفیق مەلا کەرم هەرکی) ئەوەی خستووەتە ڕوو: سەرچاوە و بەڵگە لەسەر هەبوونی مەسیحییەکان لە کوردستان زۆرن، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر مەسیحییەکانی بارزان، لەو گوندەدا کڵێسەیەکی ناودار هەبوو، بریتی بوو لە (مەریەمەی عەزرا)، هەروەها پەرتووکی (العهد الجدید) (قرا ئات طقسیة من الانجیل)، کە دانەرەکەی قەشە یوسف کوڕی قەشە گۆرگیس کوڕی قەشە ئیسرائیل کوڕی قەشە هورمزد ئەڵقوشی بوو، کە (شونی کچی ئوشعنی و دایکەکەی نەسرەت) ئەم پەرتووکەیان لەم کڵێسەیە لە بارزان کڕیبوو.
روهبان و قەشەکانی بارزان: - قەشە داود کوڕی شەماس یوحنانی بارزانی، خاوەنی پەرتووکی (العهد الجدید) (قرا ئات طقسیة من الانجیل) - قەشە یەعقووب کوڕی شەماس کانوون کوڕە برای مزۆ (هورمز) کوڕی ئیبراهیمی بارزانی، خاوەنی تەفسیری (سفر الروئیا)یە. - قەشە یەعقووب کوڕی قەشە کانوونی بارزانی، ئال نەجار، کە بەشسێکی ئینجیلی مەتای بە زمانی کوردی نووسیوە، هەروەها دانەری پەرتوکی (طقس القداس)ە.
- قەشە داوودی بارزانی، دانەری زۆر لە پێوە هەڵکێشان و پێگوتنی غەمگینی (تەراتیل و موراسی)، کە لە بیت زیاترە. گومان لەوە دانییە، کە ئەو نموونەی زانایانی موسوڵمان و هەریەکە لە حاخاماتی جوولەکە و ئەحبار و ڕوهبان، هەروەها قەشەی مەسیحییەکان لە بارزان، بەڵگەن لەسەر ئەوەی، کە بارزان لە مێژوودا مەڵبەندی زانست و زانیاری بووە. بەگوێرەی بڵاوبوونەوەی زانست و زانیاری لە هەموو ئاراستە و ڕێبازی ئایینی و مەزهەبییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، نەبووەتە هۆی ڕکابەریی تائیفی و ئایینی لە بارزان، بەڵکو بەدرێژایی مێژوو بەردەوام وەک بیرێکی هەڵقوڵاوی شۆڕش و ڕاپەرین بووە، لە هەموولایەوە دژی ستەم و دیکتاتۆریەت و چەوساندنەوە بووە، لەو گوندەدا چەندین سەرکردە و ڕابەری شۆڕش ناویان لە مێژوودا ماوە.
ئامادەکردنی: سارا سەردار
[1]