ناونیشانی بابەت: ئەشکەوتی گوندک.. ئەشکەوتێکی کۆن و دیمەنێکی ناوازە و سەرنجڕاکێش
ئامادەکردنی: محەمەد هەسنانی
(ئەشکەوتی گوندک) دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای #گوندی گوندک#، بەدووریی 20 کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای شارۆچکەی #ئاکرێ# دوورە و دیمەنی نا وازەو سەرنجڕاکێشی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەی بابەتی هەڵکەندراوی سەر ئەشکەوتەکە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی #سۆمەرییەکان#.
ئومێد قادر، لێکۆڵەر و مامۆستای مێژوو، بە (باسکورد) ڕاگەیاند: لە سنووری قەزای ئاکرێ چەندین شوێنەوار و ئەشکەوت و قەڵا و ناوچەی شاخاوی سەرنجڕاکێش هەن، یەکێک لەوانەش بریتییە لە ئەشکەوتی گوندک، کە کەتووەتە ڕۆژاوای قەزای ئاکرێ، کە چەند دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و هەڵکەندراوی لەسەر دیوارەکانی نەخشێندراوە.
ئەشکەوتەکە 50م بەرز دەبێت و دەروازەکەی 50م پان دەبێت، دوو پەیکەری مرۆڤ و هەندێک ئاژەڵ لەسەر دیواری دەرەوەی ئەشکەوتەکە هەڵکۆڵدراون، بەهەمان شێوە، پەیکەرێک لە ژوورەوە هەڵکۆڵدراوە، ئەوەش لە ڕووی شوێنەوارییەوە بایەخێکی زۆری هەیە.
گوتیشی: ئەم ئەشکەوتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتری شوێنەوارناسان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ئەشکەوتانە لە کۆنەوە پەناگەیەک بوونە بۆ مرۆڤایەتی و ژیانیان تێدا بەسەر بردراوە، هەروەها لە سەردەمی شۆڕشە کوردییەکانیش ئەم جۆرە ئەشکەوتانە زۆر سوودیان بۆ پێشمەرگە هەبووە و ئەرکە زیاتر پارێزگارییان لێبکرێت.
هەروەها لە ئەکاونتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور، زانیاری لەبارەی ئەم ئەشکەوتە خراوەتە ڕوو و تیادا هاتووە: ”ئەشکەوتی گوندک دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای گوندی گوندک، بەدووریی 20 کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای شارۆچکەی ئاکرێ، لەم ئەشکەوتەدا سێ داتاشراو هەیە، لە هەڵکەندراوی یەکەم پیاوێک بەپێوە وەستاوە، تەنوورەیەکی درێژی تا سەر ئەژنۆی لەبەردایە، بەڵام بەشی سەرەوەی ڕووتە، پیاوەکە لە دۆخی جووڵەدایە، ڕمێکی لە پشتی بزنەکێوییەک داوە، خەریکە لەسەر دەم دەکەوێت. لە هەڵکەندراوی دووەمدا، کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر هەڵکەندراوی یەکەم، لەلای ڕاستەوە دوو پیاو سەری ئاژەڵێکیان گرتووە، پێدەچێت بیانەوێت بیکوژن، لەپشتیانەوە کەسێکی دیکە وەستاوە و ڕووی لە پێشەوەیە، هەردوو دەستیشی بەرز کردووەتەوە و دیمەنی سەرنجڕاکێشی هەیە. لەدوای ئەویشەوە ژنێک و پیاوێک بەرانبەر یەکتر لەسەر کورسی دانیشتوون و هەریەکەیان پشتی منداڵێکی بچووکی گرتووە، کە لەسەر مێزێکن و دەستیان لە ملی یەکتر کردووە. لەدوای ئەوانیشەوە ژن و پیاوێک خەریکن دێنە لای ئەوان و پیاوەکە منداڵێکی بچووکی لەباوەشدایە. کۆی ئەم دوو هەڵکەندراوە، باسی ڕاوکردنی ئاژەڵ و کەژاوەی دەربڕینی خۆشی و شادی دەکات.“
هەر لە ئەکاونتەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور سەبارەت بە هەڵکەندراوی سێیەمدا هاتووە: ”لە هەڵکەندراوی سێیەمدا کەسێک لەسەر کورسی دانیشتووە و کڵاوێکی شاخداری لەسەرە، بە دەستی چەپی خواردن دەداتە بزنێک، کە هەردوو دەستی خستووەتە سەر ئەژنۆی ئەو پیاوە، لە پشتیان ئاژەڵێکی دڕندە دەردەکەوێت، لە پێشیشیان ئاژەڵێکی دیکە خەریکی شیردانە بە بەچکەکەی و ئافرەتێک چاودێرییان دەکات، بەشێوەیەکی گشتی، ئەم بەشە باسی ئەوە دەکات، چۆن ئاژەڵە کێوییەکان لە دڕندە بپارێزین. بەگوێرەی بابەتی هەڵکەندراوەکە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان 2900 -2371 پێش زایین.[1]