ناو: ئاراس
نازناو: دکتۆر ئاراس
ناوی باوک: حەسۆ میرخان غەزالی
ساڵی لەدایکبوون: 1968
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
پزیشک و سیاسەتمەدار ئاراس حسۆ میرخان
غەزالی، ناسراو بە (دکتۆر ئاراس) ، نوێنەری کۆنگرەکانی یازدەیەم (1993) و دوازدەیەم (1999) بووە و ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی #پارتی دیموکراتی کوردستان# هەڵبژێردراوە.
ساڵی 1968 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی 1993 بەکالۆریۆس و ساڵی 1996 ماستەر و ساڵی 1998 دکتۆرای دەرمانسازیی لە زانکۆی ئەسفەهان لە وڵاتی ئێران وەرگرتووە. ساڵی 2009 ماستەری کارگێڕیی لە زانکۆی لوبنانی-فڕەنسی لە #هەولێر# بەدەستهێناوە. ساڵانی (2000-2001) لە کابینەی چوارەمدا بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە و ساڵانی (2002-2011) بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێری و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. شارەزایی لە زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی و ئینگلیزیدا هەیە.
$خەباتنامە$
ئاراس حەسۆ میرخان ساڵی 1975 لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی ئێران بووە. ساڵی 1982 پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و ساڵی 1988 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە و لە داستانی خواکوڕک بەشداریی کردووە.
ساڵی 1995 بووەتە فەرماندەی بەتالیۆنی شەهید عەلی حەسۆ و لە شەڕی بەرگریی #قەسرێ# لە سنووری پارێزگای هەولێر بریندار بووە. ساڵی 1997 لە شەڕی بەرگری لە هەرێمی کوردستان لە دەڤەری ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بۆ جاری دووەم بریندار بووە. ساڵی 2014 بەشداریی شەڕی دژ بە هێزەکانی داعشی لە بەرەی #گوێڕ#-#مەخمور# لە سنووری پارێزگای هەولێر کردووە.
لە ماوەی کارکردنیدا لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین ئەرک و بەرپرسیاریەتی وەرگرتووە، وەکو: بەرپرسی لێژنەی ناوچەی زانکۆی سەر بە مەکتەبی سیاسی لەنێوان قوتابیانی پەنابەری زانکۆ و پەیمانگاکانی ئێران (1990) ، جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمەرگە (1998-2000) ، ئەندام مەکتەب لە مەکتەبی سەرۆک (2000-2010). بەرپرسی لقی شازدەی دەوروبەری هەولێر (2011-2017) ، بەرپرسی دەزگای وەبەرهێنان پارتی (2020) و...هتد
نوێنەری کۆنگرەکانی یازدەیەم (1993) و دوازدەیەم (1999) بووە و ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. [1]