ناونیشانی پەرتووک: چیرۆکەکانی مەسنەوی
نووسەر: محەمەد قاسم زادە
وەرگێڕ: #بەرزان محەمەد#
بڵاوکەرەوە: ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە
بابەت: چیرۆکی عیرفانی
ساڵی چاپ: 2018
ژمارەی چاپ: یەکەم
$لە پێشەکیی پەڕتووکەکەوە:$
مەسنەوی مەعنەویی مەولانا بێشک گەورەترین دانراوی عیرفانیی فارسییە و لە سەدەی حەوتەمی کۆچییەوە تا هەنووکە بووەتە جێی مشتومڕی ئەدیبان و عاریفانی ئێرانی و غەیرە ئێرانی و شۆرەتی ئەم بەرهەمە ساڵانێکە لە بازنەی کەسانی پسپۆڕ چووەتە دەرێ و خوێنەرانی ئاساییش ڕوویان لە خوێندنەوەی کردووە.
ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم بەرهەمە بوونەتە هۆی ئەوەی، کە هەر کەسێک خۆی تێدا ببینێتەوە، بەڵام لەم نێوانەدا هەنێک کێشە و گرفت ڕوو لە خوێنەرانی نەشارەزا دەکەن و دەبنە کۆسپ و لەمپەر بۆیان. شێوازی چیرۆکخوانیی مەولانا، کە دەتوانین بڵێین لەژێر کاریگەریی چیرۆکخوانیی هندیدایە، تەوەری چیرۆکەکە جێدەهێڵێت و بە گێڕانەوە و تێهەڵکێشکردنی چەند چیرۆکێکی جۆراوجۆر لەناو یەکتردا، لە زەمینەیەکدا چەندین چیرۆک دەخاتە ڕوو، کە بە شێوەیەکی گریمانەیی پەیوەستن پێکەوە. هەندێ جار تەوەری سەرەکی جێدەهێڵێت و دوای ماوەیەکی زۆر، چیرۆکێکی تر تەوەرە سەرەکییەکەمان وەبیر دەهێنێتەوە و مەولانا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەری. ڕەنگە جێهێشتنی تەوەری سەرەکی و بازدانی یەک لە دوای یەک لە چیرۆکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، چەشنی چیرۆکەکانی کەلیلە و دمنە، کێشە لە دەرک و تێگەیشتنی چیرۆکەکەدا درووست نەکات، وەلێ سەرەڕای ئەو بازدانانە، ئەگەر لەم نێوانەدا ڕەچاوی ئامۆژگارییە جۆراوجۆرەکانی مەولانا بکەین، بەدڵنیاییەوە گرفت و لەمپەر لە تێگەیشتنی چیرۆکەکەدا درووست دەکەن.
مەسنەویی مەولانا پێچەوانەی گشت شاکارەکانی ئەدەبیاتی عیرفانی، پەڕتووکێکە بە شێوازێکی تایبەتیی باو دەستی پێ نەکردووە، لەم ڕووەوە چەشنی بەرهەمەکانی سەنایی، عەتتار، سەعدی و ئەوانی دیکە بە باسی یەکتاپەرستی و وەسپ و سەنای زاتی حەق دەست پێ ناکات، بەش بەش نییە و پۆلێن نەکراوە و بیر و زەینی سەمەرە و بێقەراری مەولانا دەستنیشانی ئەوە دەکات، کە هەر ساتێک ڕێڕەوی چیرۆکەکە دەبێت چۆن بێ و بە چ ئاڕاستەیەکدا بڕوات. هەر چیرۆکێک، دەرچەیەکە بۆ چیرۆکی دواتر و ئیدی بەم شێوەیە چیرۆکەکان یەک لە دوای یەک دێن. ئەم شێواز و ڕێبازەش بووە هۆی ئەوەی، کە هۆنینەوە و هەڵبەستنی ئەم بەرهەمە کاتێکی دوورودرێژی بوێ و دواجاریش بە نەخۆش کەوتن و مردنی مەولانا بە نیوەچڵی مایەوە. گەر خوێنەرێک سەروکاری لەگەڵ عیرفاندا نەبێت و ئاشنا نەبێ پێی، یان دەست و پەنجەی لەگەڵ ئاماژە و کینایە ئەدەبییەکاندا نەرم نەکردبێت، بەدڵنیاییەوە لە هەمبەر مەسنەویی مەولانادا دۆشدادەمێنێ، لەم ڕووەوە وا پێویست دەکات ئەم بەرهەمە بە شێوەی دیکە پۆلێن بکرێت و ڕێک بخرێ بۆ ئەوەی ئەو جۆرە خوێنەرانەش سوودی لێ وەربگرن. لە ئێستادا فێرکاری و خوێندن وای لێهاتووە، کە قوتابییەکان زۆربەی کاتەکانیان بۆ وانە تایبەتییەکانیان تەرخان دەکەن و وەکوو جاران، ئەدەبیاتی فارسی پانتاییەکی بەرچاو لە دەرسەکانیان پێکناهێنێت. تەنانەت خودی قوتابیانی کۆلێژی ئەدەبیاتی فارسییش سەرباری چەندین ساڵ خوێندن لەو بەشەدا و تەواوکردنی، کەچی هیچ بەرهەمێکی ئەدەبی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و کامڵ لە خشتەی وانەکانیاندا نییە، مەگەر ئەوەی خۆیان خولیای ئەوەیان لەسەردا بووبێت لەدەرەوەی پرۆگرامی خوێندن بەدواداچوونیان کردبێت و خوێندبێتیانەوە.
هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی، کە ئێمە بچینە سۆراغی مەسنەوی و پۆلێنکردن و ڕێکخستنی بە شێوەیەکی دیکە، تا خوێنەری سادە و تەنانەت زۆرێکیش لە قوتابیانی ئەدەبیاتی فارسی کەڵکی لێ وەربگرن. بەم تەرزە، ئێمە دەقی چیرۆکەکانمان بە تەواوەتی هێناوە و تەوەرە سەرەکییەکەشیمان وەک خۆی پاراستووە. لەم پۆلێنکردنەدا، ئیتر گێڕانەوەی چیرۆک لەناو چیرۆکدا، نە جێی دەبۆوە و نە واتایەکیشی دەدا بەدەستەوە، بۆیە چیرۆکەکان سەربەخۆیانە و بە شێوەیەکی جیا لە یەکتری دێن. ئیدی لەم ڕووەوە پەڕتووکی چیرۆکەکانی مەسنەوی، بوو بە پەڕتووکێکی کورتەچیرۆک.
لە پۆلێنکردن و ڕێکخستنی ئەم پەڕتووکەدا، پشتمان بە ساغکردنەوەکەی پرۆفیسۆر نیکڵسۆنی ئینگلیزی بەستووە. لە کۆتایی هەر چیرۆکێکدا، لێکدانەوەیەکی کورت و پوخت سەبارەت بە دیدگای مەولانا و مەبەستی ئەو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا هاتووە، بۆ ئەوەی خوێنەر لەوە تێبگات، کە بۆچی مەولانا وەها چیرۆکێکی لە مەسنەویدا باس کردووە. لەم لێکدانەوانەدا بەزۆری سوودم لە پەڕتووکێکی بەنرخی مامۆستای کۆچکردووم، دکتۆر عەبدولحسێن زەڕین کوب وەرگرتووە بەناوی زەریا لە گۆزەیەکدا، کە پەڕتووکێکی جیاوازە و ڕەنگە تاقە پەڕتووکێکی بەنرخ و ناوازەش بێت لە لێکدانەوەی چیرۆکەکانی مەسنەویی مەولانادا. زۆر سوودم لەو پەڕتووکە وەرگرت و ئەگەر بمویستایە ئاماژەی پێبکەم دەبوایە لە کۆتایی هەر چیرۆکێکدا بموتایە بگەڕێنەوە بۆ پەڕتووکی زەریا لە گۆزەیەکدا، ئیدی من بۆ خۆپاراستن لە دووبارەبوونەوە خۆم لێ بوارد و لەم پێشەکییەدا خۆم بە قەرزارباری پەڕتووکەکە دەزانم، هەروەها لە هەمبەر ئەو بەرچاوڕوونی و سوودانەی لە وانەکانی دکتۆر زەڕین کوب و پەڕتووکەکەیەوە وەرمگرتن، ئەم پەڕتووکە پێشکەش دەکەم بە گیانی ئەو مامۆستا پایەبەرزە و یاد و بیرەوەریی بەرز دەنرخێنم. [1]