ناو: سیامەند
ناوی باوک: ئەحمەد
-رۆژی لەدایکبوون: #17-12-1977#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
سیامەند ئەحمەد محەمەد، ساڵی 1977 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. ئەو هەر لە منداڵییەوە هەندێک بەهرەی خواپێداوی هەبووە کە دواتر لە ژیانی وەرزشی و بەتایبەت شاخەوانیدا سوودی لێبینیوە. کە هەمیشە خولیای سرووشت و جوانییە خواکردەکان بووە، ساڵی 2001 کە هێشتا شاخەوانی وەک وەرزش لە کوردستانی ئێمەدا هیچ باسی نەبوو، بیری گەڕان بە شاخەکاندا لە مێشک و زەینیدا گەڵاڵە دەبێت و لەو ساتەوە تێکەڵ بەم بوارە دەبێ و بەشی زۆری کاتەکانی بۆ ئەم چالاکییە تەرخان دەکات.
سەرەتا بەهۆی نەبوونی گرووپی شاخەوانی و نەناسراوی ئەم چالاکییەوە، خۆی و چەند هاوڕێیەکی گەشتیان دەکرد.
ساڵی 2014 و لەگەڵ درووستبوونی یەکەم گرووپی شاخەوانی لەم هەرێمەدا سیامەند و هاوڕێکانی تێکەڵ بەم گرووپە دەبن و دڵسۆزانە کاریان لەگەڵ دەکەن. بەڵام هەر زوو هەست دەکەن ئەم وەرزشە ساوایە پێویستی بەکاری زیاتر و لەخۆبردوویی زیاترە، بۆیە خۆی و هاوڕێکانی گرووپێکی شاخەوانی بەناوی دەستەی شاخەوانی لوتکە بنیات دەنێن و بڕیار دەدەن کارەکانیان لە بواری تەکنیکیدا چڕ بکەنەوە.
لەم گرووپە تازەدا سیامەند و هاوڕێی دێرین و نزیکی واتە #هەوراز حەمە ڕەزا# هەوڵێکی خۆڕسکانە و عاشقانە دەدەن تا لە ڕووی تەکنیکییەوە خۆیان پەروەردە بکەن و ئەم بۆشاییە لە شاخەوانی هەرێمدا پڕ بکەنەوە.
بەهۆی ئەوەی کە کەرەستە تەکنییەکانی بواری شاخەوانی لە هەرێمی کوردستاندا دەست نەدەکەوتن و سیامەند و هەورازی ڕەحمەتیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خۆشەویستی و هۆگرییان بۆ ئەم بوارە زیاتر دەبوو، ناچار بەهرە خواپێداوەکەی دەخاتەگەڕ و دەست دەکات بە درووستکردنی کەرەستە پێویستەکانی ئەم بوارە.
لەچوارچێوەی بەرنامەکانی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستاندا چەندین خولی شاخەوانی بینیوە و لە هەموویاندا سەرکەوتوو بووە. بەهۆی دڵسۆزی و هەست بە بەرپرسیارێتی کردن لەم بوارەدا و لەو کاتەدا کە ئیتر توانرا دەستی بە کەرەستە ستاندەردەکان بگات، لەسەر ئەرکی خۆی هەموو کەرەستە تەکنیکییە پێویستەکان دەکڕێ و بەردەوامیش خەریکی ڕاهێنان دەبێ.
دەتوانین بڵێین لە ئێستادا ئەو مامۆستایەکی ئەزموونیی شارەزای بواری تەکنیکییە لە هەرێمی کوردستاندا.
سیامەند بە هاوکاری هەوراز چەند ڕێڕەوێکی بەردەوامی بۆ ڕاهێنانی خۆیان و فێر کردنی فێرخوازان درووست کردووە،
پاش گیان لەدەستدانی هەوراز، سیامەند لە کارەکەی سارد نابێتەوە و بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەو بەڵێنەی لەگەڵ هەوراز پێکەوە دابوویان و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی زیاتر و بۆ ئاسوودە بوونی ڕۆحی هەورازی جوانەمەرگ، زانستیانەتر کاری لەم بوارەدا کردووە و چەندین ڕێڕەوی دیکەی بەردەوانی درووست کردووە کە دەکرێت وەک قوتابخانەی بەردەوانی سەیر بکرێن و سوودیان لێوەرگیرێت.
ساڵی 2022 وەک نوێنەری “دەستەی شاخەوانی لوتکە” لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرپەرشتیارانی پێکهاتە شاخەوانیەکانی دیکەدا کاریان کرد بۆ ئەوەی شاخەوانەکان لە چوارچێوەی چەترێکی گشتگیردا کۆبکەنەوە، دواجار بەرهەمی هەوڵەکانیان ئەوە بوو کە «تۆڕی شاخەوانیی کوردستان» درووستبوو.
سیامەند لە یەکەم کۆنگرەی «تۆڕی شاخەوانی کوردستاندا» لەگەڵ شەش شاخەوانی دیکەدا وەک ئەندامی «ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری»، «تۆڕی شاخەوانی کوردستان» هەڵبژێردران.
سیامەند لە ئێستادا 2023 وێڕای کار و چالاکییەکانی خۆی لە بواری شاخەوانیدا، وەک سەرپەرشتیاری بەشی چالاکییەکانی «تۆڕی شاخەوانی کوردستان» کار دەکات بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە ئەزموونی دەوڵەمەندی چەندین ساڵەی خۆی بگوازێتەوە بۆ شاخەوانەکانی دیکە.[1]