ناونیشانی بابەت: مۆزەخانەیەکی کەلوپەلی کولتووری و بەڵگەی جینۆسایدی کورد لە گوندی بازێی #بارزان# کراوەتەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
نووسەر و چالاکوانێک لە گوندی بازێی دەڤەری بارزان موزەخانەیەکی لە ماڵەکەیدا کردووەتەوە و چەندین کەلوپەلی کولتووری و بەڵگەی جینۆسایدی کوردی تیدا کۆ کردووەتەوە، بەمەش ڕۆژانە قوتابییان و ڕۆشنبیران بۆ دەسکەوتنی سەرچاوە و ڕاپۆرت و کۆکردنەوەی زانیاری ڕووی تێ دەکەن.
ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی، نووسەر و چالاک و بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدانی بارزان و مۆنۆمێنتی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: لە مۆزەخانەکەی ماڵەکەم چەندین یادەوەری و کەلوپەلی جینۆساید و کەلتووری کوردیم کۆ کردوونەتەوە، ئەوەش وای کردووە کە ببێتە جێگەی خواست و سەرنجی نووسەران و ڕۆشنبیرانی دەڤەرەکە و شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، تەنانەت زۆربەی جار مامۆستا و قوتابییان بە مەبەستی توێژینەوە و ڕاپۆرت سەردانمان دەکەن.
وتیشی: لە کاتی سەردانیکردنی ئەو کەسانە و چاوخشاندنەوەیان بە کەلوپەلە کولتووری و یادەوەرییەکانی مۆزەخانەکەماندا دەست دەکەم بە ناساندنی کەرەستە کەلەپوورییەکان و باسی خەبات و قوربانیدان و مێژوو و شارستانیەتی دەڤەری بارزان بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی.
ئاماژەی بەوەش دا: دەستکەوتنی ئەم کەرستە و یادەوەرییانەی لەناو مۆزەخانەکەم کۆ کردوونەتەوە، زۆر ئاستەم بووە، بەڵام بە کارێکی پیرۆزی دەزانم و بەردەوامیش دەبم، دەست خۆشیش لە خێزان و خانەوادەکەم دەکەم، کە هاوکارم بوون.''[1]