ناونیشانی بابەت: یەکێتی هونەرمەندی میللی حەسەن حەیران گوللە باران دەکات
نووسین: #یوسف مەنتک#
حەسەن مامند ڕەسوڵ قادر، ناسراو بە حەسەن حەیران، لە خێزانێکی هەژار و کوردپەروەر لە یەکێک لە دێهاتەکانی سنووری شاری #هەولێر# لە ڕێککەوتی (01- 07-1953) لەدایکبووە، خاوەن دەنگێکی ساز و ڕەسەن بووە، هەمیشە کۆڕی مەجلیس و شایی گەرم و گووڕ بووە، خەڵکی تامەزرۆی دەنگەکەی بوون و گوێیان بۆ ڕادێراوە.
بوون بە پێشمەرگە: لە ساڵی 1979 لەگەڵ کەسایەتی ناسراو سەلیم خرینگە و کەسێکی تری گوندی پونگینەی دەشتی هەولێر، چەکی جەیشی شەعبی دەبەن و پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، شەهید حەسەن حەیران لە هێزەکەی مستەفا ناوپردانی دەبێت، کاتێک مستەفا ناوپردانی ڕادەست دەبێتەوە بە حکومەت حەسەن مامندیش لەگەڵی ڕادەست دەبێتەوە (دیارە مستەفا ناوپردانی و هاوسەنگەرانی باش ماهەییەت و مۆڕاڵی سەرکردەکانی شۆڕشیان ناسیوەو زانییانە هیچ لەبار نیین و شتێک نییە بەنێوی کوردایەتی) ناوپردانی چەک لە حکومەت وەردەگرێت، بەڵام حەسەن حەیران نابێت بە جاش دەبێت بە سائیقی (ڕیم - پاس) ی ماڵی مستەفا ناسراو بە مستە کەچەر لەنێو خزمان.
هێرشی بەربڵاوی هێزەکانی یەکێتی لەدەشتی هەولێر:
کات ساڵی 1983 یە تازە هێزەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# -جەلالی- بە فەرماندەی #شێخ جەعفەر# مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێستا هاتوونەتە خوارەوە و ڕاوە حسک دەکەن، سنووری دەسەڵاتی یەکێتی فراوان دەکەن، بۆ تۆقاندن و ترساندن و پاوانخوازی و سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەهایان دەست لە هیچ ناپارێزن تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنن، ئەوەی لەل بکات یەکسەر ڕەمی دەکەن، لەگەڵ هاتنە خوارەوەیان دەیان بگرە سەدان تاوانی کوشتن و ئازاردانی خەڵکی ئەنجام دەدەن، شێخ جەعفەر گوتەکی بەناوبانگی هەبوو لەنێو خەڵک باو بوو گوتبووی: لە هەر گوندێک دەبی باش و خەراپێک بکوژم، خەراپەکە ئەوە هیچ هەقی خۆیەتی، باشەکەش بۆ ئەوەی بترسێت نەتوانێت خەراپەمان بەرانبەر بکات. (خەراپ مەبەستی نەیارەکانی جەلالی بوو) . مام سدیقی میرەکانی حاجی مستەی مەنتکیش لەبەرانبەر ئەو قسەیە گوتبووی: جا باشە ئەو گوندە بەس ئەمن و مام جەمیلی لێیە، پیاو خەراپەکی لە کێندەر بینین لۆ شێخ جەعفەری هەتا لەگەرەمە ڕەمی بکات!.
$ڕەمیکردنی حەسەن حەیران لە فولکەی گوندی کانی بزرەی مەنتک - سەر شارەدێی قوشتەپە - هەولێر ڕۆژی هەینی 03-06-1983:$
تازییەک لە گوندی کانی بزرەی دەبێت، تازییەی دایکی ڕەحمان و عومەری شێخ ئۆمەری دەبێت، خزم و دۆست و ناسیاو بۆ سەرەخۆشی لە گوندەکان و شاری هەولێر و شارۆچکەکان دەچن بۆ تازییە، ڕۆژی هەینی ڕێککەوتی 03-06-1983، حەسەن حەیران بە پاسەکەی لە هەولێرە وە تازییەکاران دەبات، کە دەگەنە گوندی کانی بزرە، حەسەن دەناسنەوە و دەیگرن (حەسەن پێشتر گوتبووی من هیچ کێشەم نییە لەهەر شوێنیک تووشی پێشمەرگەی یەکێتی بم) ، شێخ جەعفەر دەلێ: کاتی خۆی بیکەیسی ڕادەست کردۆتەوە. حەسەن حەیران دەلێت: من ڕادەستم نەکردۆتەوە، مستەفا ڕادەستی کردۆتەوە بووە بەجاش، بەس من نەبوومەتە جاش، کاتی خۆشی کە بوومەتە پێشمەرگە چەکی خۆم پێبووە، کەچومەتەوەش چەکی خۆم بردۆتەوە.
دیارە خەڵکیش تەداخوڵ دەکەن و قسەی خێری لێدەکەن، شێخ جەعفەر دیارە بۆ چاو ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و سەپاندنی دەسەڵاتی یەکێتی لەناوچەکە، بە فرسەتی دەزانێت حەسەن حەیران ڕەمی بکات دەلێت: هەتا سعات یەکی دوای نیوەڕۆ چەکێکی بیکەیسیی نەهێنن گوڵلەبارانی دەکەم.
هەواڵ دەدەنە براکانی و خزمانی لە هەولێر، مام نادری برای و مام ڕەفیق بەرێ دەکەون بەرەو گوندی، مام ڕەفیق حاجی حمدئەمین دەلێت: من سەیارەکەم لەرەهن دادەنێم تا پارەی بیکەییسییەکیان لۆ دەهێنین با نەیکوژن، دیارە ئەوان درەنگ دەگەن کاتژمێر 01:20 (یەک و بیست) خولەک دەگەن کاتێک دەگەن دەبینن جەنازەی حەسەن لە فولکەی کانی بزرەیە بەتانییەکیان پێداداوە.
لە قسان شەهید حەسەن حەیران زۆر برادەری فەرماندەی یەکێتی ئەحمەد کوردەی بووە. (ح، ف) بۆی گێڕامەوە وتی: حەسەن منی نارد بۆ لای ئەحمەد کوردە، ئەحمەد گووتبووی بە هیچ شێوەیەک حەسەن مەدەنە دەستی شێخ جەعفەر دەیکوژێت. ڕۆژانی پێشتر پێشمەرگەکانی یەکێتی لە گوندی دووشیوانی مەنتک پرسیاریان لە خەڵکی کردبوو دیارە لە مێژبووە تاقیبیانکردووە.
ئەوکاتەی حەسەن لایان زیندان بووە پێش ڕەمیکردنی شێخ جەعفەر دیارە قسەی پێگووتوووە و ئیهانەی کردووە، شەهید حەسەن پێی گووتووە: بێ منەت بە بڕۆ ڕەمیم بکە.
(م، هه) بۆی گێڕامەوە وتی: من بڕیار بوو بچم چەکێک بهێنم و حەسەن ئازاد بکەن، بەڵام سەد مەتر دوور نەکەوتبوومەوە دەنگی دەستڕێژی گوڵلە هات، کە گەڕامەوە شەهید حەسەن لەسەر زەوی کەوتبوو لە فولکەی کانی بزرەی خوێنی لێدەچۆڕا، کاکە جەلالی مەبەستیان چەک نەبوو، هەر دەیان ویست ڕەمی بکەن ئەوە بوو ڕەمیان کرد، خوا هەقی بکات.
$دەبڵ مۆڕاڵی یەکێتی:$
مستەفا ئاغای ناوپردانی ڕادەست بە حکومەت بۆوە و بوو بەجاش، لە ڕاپەڕینەکەی کوردستان بەشداریکرد، بەرەو هەولێر دەچوون بۆ ئازادکردنی، لە نزیک کۆمەڵگەی شاوێس - هەولێر لە ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 11-03-1991 تۆپی حکومەتی بەردەکەوێت و شەهید دەبێت. دەبڵ مۆڕاڵی یەکێتی لەوەدایە نافیزی کوڕیان کرد بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بەدڵنیایەوە چەندین ئیمتیازاتی تریان پێداون!. پرسیار ئەوەیە شێخ جەعفەر و سەرکردەکانی جەلالی تا چەند بەر هەلستیان کردووە بەرانبەر بەوەو دژ بوون، کەچی کوڕە هەژارێک بە بیانووی ئەوەی چەکی ڕادەست کردۆتەوە ڕەمی دەکەن، لەکاتێکدا چەک هی خۆی بووە شەهید حەسەن حەیران.
بنەماڵەی مامەندی هەژار و کوردپەروەربوون، هەمیشە کوردایەتیان کردووە و بەشداری شۆڕشیان کردووە و قوربانیان داوە، نادر مامەند ڕەسوڵ قادری براشی ماوەی چەندین ساڵ پێشمەرگە بووە. کورێکیشی بەنێوی ڕەسوڵ نادر مامەند، لە هێرشە خۆ کوژییەکەی داعش بۆسەر ئاساییشی هەولێر لە ڕۆژی یەککشەممە ڕێککەوتی 29-09-2013 شەهید بوو. دیارە کە کوردپەروەران چوونەشاخ و بوونەتە پێشمەرگە دوای ماوەیەک بۆیان ڕوون بۆتەوە بنەماکەی هیچ و بۆشە، بۆیەش ڕادەست بوونەتەوە!. وەک نووسەری ئەم گووتارە ڕووداوی ئەم ڕۆژەم باش لەبیرە.
وێنەی منداڵەکە سلێمان شاباز و شەهید حەسەن حەیران لە کوێستانی تانجووکان لە چیای قەندیل لە دیوی ئێران لە ساڵی 1979 گیراوە سەردەمی پێشمەرگایەتی لەنێو ڕەوەندانی خزمانی مەنتک. وێنەکەی تر هی شەهید ڕەسوڵ نادر مامەندە.
15-02-2023 ڕۆژی چوارشەممە، $بڕوانە بۆ فایلی پەیوەندیدار$.
پەڕتووکی شۆڕش و تاوان. نووسینی یووسف مەنتک. بیرەوەرینامە، ئەم دەفتەرە زیاتر لە دووسەد تاوانی کوشتنی هاووڵاتی بێ تاوان و پێشمەرگە لە خۆ دەگرێت، لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوللەبارانکراون. [1]