ناونیشانی بابەت:پڕۆژەی مشتوماڵکردنی دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەکان جێبەجێ دەکرێت
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بە مەبەستی پاراستنی دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەکان لە خراپبوون و تێکچوونیان، شوێنەواری #سلێمانی# پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوێکی ناوخۆیی و بیانی جێبەجێ دەکات.
حسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: لە هەرێمی کوردستاندا ژمارەیەکی زۆری دەستنووس و بەڵگەنامەی مێژوویی هەن، بەڵام بڵاون و مەترسیی تێکچوون و لەناوچوونیان هەیە، بۆیە دەمانەوێت لە ڕێکەی پڕۆژەیەکەوە ئەو گرفتە چارەسەر بکەین.
وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە، ماوەیەکە پڕۆژەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ ڕێکخراوی بوژاندنەوەی کەلەپووری کورد و ڕێکخراوی گەردەهینکڵی ئەڵمانی، بە ڕەزامەندی و چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور دەست پێکردووە.
ڕوونیشی کردەوە: هەوڵ دەدەین ئەو پڕۆژەیە بکەینە دەزگایەکی ئەکادیمیی زانستی بۆ کۆکردنەوە و پاککردنەوە و چاککردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووسە مێژووییەکان و هەروەها ناوەندێک بۆ توێژینەوە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی داوای لە خەمخۆران و دڵسۆزانی مێژوو و کولتووری کوردی کرد، هەرکەسێک دەستنووس یان بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لایە، پەیوەندیی بکات بە ڕێکخەرانی ئەم پڕۆژەیە، تاوەکوو بتوانین کاری پاککردنەوە و چاککردنەوە و سکانکردنیان بۆ بکەین و بە هەموو لایەک ناوەندێکی دەوڵەمەند بۆ پاراستنی دەستنووسە مێژووییەکان و ئەرشیفێکی نەتەوەیی درووست بکەین.[1]