ناوی مۆزەخانە: مۆزەخانەی کەلەپووری کورد
مۆزەخانەی کەلەپووری کورد یەکێکە لە مۆزەخانە تایبەتەکانی شاری #سلێمانی# و لە بینایەکی کۆنی هاوچەرخ دامەزراوە، بەناوی میوانخانەی فەرەح یان هۆتێل فەرەح.
ئەم بینایە یەکەم هۆتێلە کە لە شاری سلێمانی دامەزرابێت و دەکەوێتە شەقامی مەولەوی و لەناو جەرگەی بازاڕی گشتیی ئەم شارەیە و لای هاووڵاتییانی ئەم شارە بە بەلەدییەکە ناسراوە.
ئەم مۆزەخانەیە وەک ناوەندێکە بۆ نیشاندانی شێوازی ژیان و کولتوور و بەرهەمی پێشەیی خەڵکی ئەم شارە و ئەو ڕێبوارانەی لەوێ تێپەڕیون. تەمەنی ئەم بینا کەلەپوورییە نزیکەی 95 ساڵە و بە دەستی حاجی تۆفیق مەحموود ئاغا (باوکی پرۆفیسۆر دکتۆر #جەمال نەبەز#) و #سەید مارف# ئاوەدان کراوە.
ساڵی 1923 لەلایەن وەستا مەردانی وەستا ئەحمەد کە وەستای تەلارساز بووە و عیزەت ئیسماعیل ئیخوانی کەرکووکی کە وەستای نەخشە و بنمیچ و شەناشیل بووە، دەست کراوە بە درووستکردنی و لە ساڵی 1926تەواو بووە.
ئەم بینایە دوو نهۆمە و نهۆمی یەکەم پێکهاتووە لە کۆمەڵێک دوکان و چێشتخانە و چایخانەیەک، بەڵام نهۆمی دووەمی تایبەت کراوە بە مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ بە ناوی مۆزەخانەی کەلەپووری کورد.
ئەم نهۆم و مۆزەخانەیە لە نۆ ژوور پێکهاتووە و نزیکەی هەزار 712 پارچەی کەلەپووری لەخۆ گرتووە و بەپێی یاسای شوێنەواری هەر پارچەیەک تەمەنی سەرووی 200 ساڵ بێت، دەبێتە شوێنەوار و زۆربەی پارچەکانی ناو مۆزەخانەی کەلەپووری لە پاش ئەوەی توێژینەوەی زانستییان لەسەر کراوە و سەلمێنراون کە کەلەپوورین، لەوێ دانراون.
لە ژوورە تایبەتەکانی ئەم مۆزەخانەیە دەتوانین ئەماژە بە ژووری کوردی کە وەک ژووری حەپسەخانی نەقیب دانراوە بکەین کە کۆمەڵێک پارچە و کەلوپەلی فۆلکلۆری کوردی کە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بەکار هاتوون، دانراون.
ژووری جوانکاریی ژنان ئەو کەلوپەلانەی تێدایە کە ژنانی سلێمانی و بە تایبەت جووەکان بەکاریان هێناوە.
ژووری مزگەر بۆ ئەو کەلوپەڵ و قاپ و قاچاخە مسینانەی کە بە مەبەستی درووستکرنی خواردن و کاری ناوماڵ و جووتیاری بەکار هاتوون، دانراون.
ژوورێکی تری ناو مۆزەخانەکە، ژووری چەکە کە تایبەت کراوە بۆ دانان و پێشاندانی جۆرە جیاوازەکانی چەک وەک چەکی ساچمەزەن کە هەر لە کوردستان و لە ناوچەکانی هەورامان و کفری درووست کراوە.
ژووری خەنجەر ئەو ژوورەیە کە خەنجەری سەردەم و کەسایەتییە مێژووییەکانی تێدا پێشان دەدرێت، وەک خەنجەری کەسایەتیی مێژووی کورد شێخ مەحموودی حەفید و خەنجەری بەشێک لە سوپاکەی و کۆمەڵێک خەنجەری خەڵکی سلێمانی بە ژن و پیاوەوە تێدا دانراوە.
ژوورێکی هاوبەش بۆ چەند پیشەی گرنگ و سەرەکی وەک زانستی ددانسازی و پیشەی جووتیاری و کاری سەرتاشینی پیاوان دانراوە کە پێشاندەری ئەوەیە، کە ئەم چەند پیشەیە دەمێکە وەک پیشەی سەرەکی لەم ناوچەیە هەبووە.
بۆ نمایشکردنی بەرهەمی کەلەپووری و پیشەی دەستی، ژوورێک دیاری کراوە بە ناوی ژووری ڕستن و چنین کە کۆمەڵێک پارچەی تایبەت بە کاری دەستی و کەلەپوورییە تێدا دانراوە کە سەلمێنەری دەستڕەنگینیی خەڵکی ئەم ناوچەیەیە.
لە شتە هەرە دیار و ناوازەکانی مێژوووی کورد پوولەکانی سەردەمی شێخ مەحموودی حەفیدە کە لەو سەردمەدا سێ جۆر پول درووستکراوە بە ناوی دەوڵەتی کوردستانی جنووبی. لەم مۆزەخانەیەش بەشێک لە خەزینەیەک تایبەت کراوە بۆ پێشاندانی پولەکانی سەردەمی شێخ مەحمودی حەفید.
ژووری دەستنووس لە ژوورە تایبەت و گرنگەکانی ئەم مۆزەخانە هاوچەرخەیە کە بە هەبوونی دان بە مێژوو و کۆنینەیی نووسین و درووستکردنی پەرتووک لە کوردستان دادەنرێت، لە دەستنووسە هەرە کۆنەکانی ئەم ژوورە نووسخەیەکی پەڕتووکی پیرۆزی قورئانە کە مێژووەکەی بۆ 220 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. ئەم بەشەی مۆزەخانەی کەلەپووری کورد یەکێک لەو بەشانەیە کە لەلایەن خەڵکەوە بەرهەمدار کراوە، واتە خەڵک زۆر پەڕتووک و بەڵگەی دەستنووسی مێژوویی پێشکەشی ئەوێ دەکەن.
لەبارەی چۆنیەتیی بە مۆزەخانە کردنی ئەم بینا کەلەپوورییە عیرفان عوسمان بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئۆتیل فەرەح کە هاوکات سەرۆکی ڕێکخراوی بووژانەوەی کەلەپووری کوردە، وتی: لە ساڵی 2006 بڕیار دار بە تێکدان و ڕووخانی ئەم بینایە بە مەبەستی درووستکردنی بینایەکی سەردەمی و بیست نهۆمی، بەڵام بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی و کەسانی خەمخۆر و دڵسۆز بە نەتەوە و شاری سلێمانی توانرا ڕێگری لەو بڕیارە بکەن و بپارێزرێت و دواتر لەسەر داوای ئێمە کرا بە مۆزەخانەیەکی کەلەپووری و سەرەتا بۆ ماوەی10 ساڵ وەرمانگرت، دوای نۆژەنکردنەوەی لە ساڵی 2015 و مانگانە کرێی دیاریکراو دەدەینە حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار لە ڕۆژی وەرگرتنییەوە.
بەڕێوەبەری ئەم مۆزەخانەیە وتیشی: زۆربەی ئەو پارچانەی کە لەناو مۆزەخاکەیە، ئێمە وەک کەسایەتیی خۆمان، لە پاش پڕۆسەی ئازادیی ئێراق لە ساڵی 2003 (کە لەو کاتە خەڵکی زۆر هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی ئەم پارچە شوێنەواری و کەلەپوورییانە بباتە دەرەوەی وەڵات) لەسەر گیرفانی خۆمان کڕیومانە و توانیمان نزیکەی 800 پارچەی کەلەپووری کۆ بکەیەنەوە و هەڵبەت ئەم کارە لەژێر چاودێری و ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی ئەنجام درا و بێجگە لەو کارەی کە خۆمان کردمان، چەند کەسانێک کۆمەڵێک پارچەی کۆن و کەلەپوورییان پێشکەش کردین و پارچەکان هەر بە ناوی خۆیانەوە لە مۆزەخانە نمایش کراون.
بە گوتەی عرفان عوسمان هەموو کار وچالاکییەکانی ئەم مۆزەخانەیە لەژێر چاودێریی حکوومەت و بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەوار و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی دایە و دەشبێت ئەو پارچانەی لە مۆزەخانەکە هەن، لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی ئەرشیڤ بکرێن.
لەبارەی ناوی فەرەحەوە عیرفان عوسمان دەڵێت: دوو بۆچوون هەیە بۆ ئەم ناوە ئەوەی یەکەمیان ئەوەیە کە وشەی فەرەح بە واتای فەرحانییەوە دێت ئەویش بەهۆی نزیکیی کاروانسەراکە بە ناوەندی بازاڕ و شمەک کڕینی ئەو بازرگانانەی لەوێ دەمانەوە ئەو ناوە بە کار هاتووە، بۆچوونێکی تریش هەیە کە دەڵێ وشەی فەرەح لە سەرەتاوە فەرەج بووە، بەڵام بەهۆی باران بارین و لێبوونەوەی بەشێک لە ناوی فەرەج بووەتە فەرەح.
ئەم بینایە کە کۆنترین میوانخانەی شاری سلێمانییە هەتا ساڵی 1986وەک میوانخانە پێشوازی لە خەڵک کردووە و دواتر چۆڵ بووە. لە جەنگی نێوان ئێران و ئێراق بیناکە بە تەواوەتی داڕووخاوە، بەڵام لە ساڵی 2006 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ کراوە و لە ساڵی2013بڕیار بە نۆژەنکردنەوەی درا و لە ساڵی 2015 نۆژەنکردنەوەی کۆتایی پێهاتووە و لە هەمان ساڵدا کراوەتەوە بە مۆزەخانەیەکی کەلەپووری کە ڕۆژانە خەڵکی زۆری کورد و بیانی سەردانی دەکەن بۆیە هەبوون و چالاکبوونی ئەم جۆرە مۆزەخانانە جوانییەکی تایبەت دەبەخشێت بە سیمای کەلەپووری شارەکانمان و ئەوە بێجگە لەوەی ئەم مۆزەخانانە ناوەندێکی ناسین و پاراستنی شوناس و کولتووری کوردین، بۆیە پێویستییان بە هاوکاری و پشتگیریی ماددی و مەعنەوییە هەم لەلایەن حکوومەتەوە و هەم لەلایەن خەڵکەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەم کارە نەتەوەییە پیرۆزە.[1]