هونەرمەند #کامەران نووری گوڵاڵە#: لەم ڕۆژەگارەدا کۆمیدیا بۆ بینەر چێژبەخشترە
هونەرمەند کامەران نووری گوڵاڵە، ئەکتەر و نووسەری چیرۆک و درامای کوردی، سەبارەت بە و ڕۆڵانەی وەک ئەکتەر لە درامای ڕەشەی پۆلیس و زنجیرە درامای گەردەلوول و چەندینی دیکە بەرجەستەی کردووە، لەم دیدارەی لەگەڵ (باسکورد) دا ڕوونتر قسەیان لەسەر دەکات.
(باسکورد) کامەران نووری کێیە و مێژووی کاری هونەرییت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
کامەران نووری: من کامەران نووری ناسراوم، بە (کامەران نووری گوڵاڵه) لەدایکبووی ساڵی 1966ی شاری سلێمانی، گەڕەکی ئیبراهیم پاشام، دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی - بەشی ئیدارە، یەکەم هەنگاوم بۆ ناو دنیای هونەر بە شانۆگەریی دواشەوی لۆرکا دەست پێکرد.
(باسکورد) تا چەند هونەرمەند لە ڕێی هونەری نواندنەوە ناوبانگ دەردەکات؟
وەڵام: بە بڕوای من، هەڵبژاردەی هونەر، یان کاری نواندن بۆ ناوبانگ و خۆدەرخستن نییە، تەنیا بۆ خزمەت و حەزێکی هونەری بوو، دواجار بە کار و توانا هونەرییەکان، بەبێ خواستی خۆت ناوبانگ درووست دەکەیت.
(باسکورد) ئێستا لێشاوێک لە هونەرمەندی گەنج لە بواری نواندن دەرکەوتوون، خوێندنەوەی تۆ بۆ ئەم گەنجانە چییە و تا چەند لە ئەدای کارەکانیان ڕازیت؟
کامەران نووری: دەرکەوتنی کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی زۆر باش و گەنج، ئاییندەیەکی زۆر گەشی پڕلە جوانیییان بۆ دەبینم، لە سەرجەم بوارەکانی هونەر، بەتایبەتی کۆلێژی سینەما، کە بە سەرچاوەیەکی زۆر باشی دەزانم، بۆ پێگەیاندنی ئەم گەنجانە، هەموو کات دەڵێم، خۆزگە لە کاتی ئێمە ئەو دەرفەتە هەبوایە، هەر بۆیە بە هاتنەپێشەوەی ئەم گەنجانە زۆر دڵخۆشم.
(باسکورد) ئێستا درامای باران، کە شەوانە پەخش دەکرێت، ئێوە خاوەنی نووسینی دراماکەن، دەپرسین تا چەند لەناو سیناریۆیەکەداخەیاڵ و ڕاستی کاری خۆیان کردووە؟
کامەران نووری: ئەتوانم بڵێم سیناریۆی درامای باران هەردوو بەشەکەی تیایە، هەم ڕاستی هەم خەیاڵ، بەپێی بینینم بۆ ئەو ڕووداوانەی ڕۆژانە لە کۆمەڵگەی ئێمە هەستی پێدەکرێت.
(باسکورد) وەک نووسەری درامای باران چ تێبینییەکت هەیە لەسەر دەرهێنەر؟ بە کۆی گشتی لە هەموو ڕوویەکەوە؟
کامەران نووری: دەبینم کە کاک ئاکۆ عەزیز میرزا، کاری دەرهێنانی بۆ نووسینی ئەم درامایە کرد، بەتەواوی مافی داوە بە سیناریۆکە و توانای سەرجەم ستافی درامای باران، گەیشتە ئەو ئاستە بەرزەی کە زۆربەی بینەرانی ڕازی کرد، بۆیە زۆر خۆشحاڵم.
(باسکورد) : لەگەڵ ئەوەی نووسەری دراماکەی، چۆن بوو خۆتان ڕۆڵتان تێدا نەبینی؟
کامەران نووری: بۆ نەدیتنی ڕۆڵ لە درامای باران، ئەوە ڕای دەرهێنەر ئاکۆ عەزیز بوو، کە هیچ ڕۆڵێکی تیا نەبوو بۆ من، ئەو بڕیارەی دەرهێنەر ئەوەی سەلماند، دابەشکردنی ڕۆڵ لە زنجیرە درامای باران بەپێی شایستەبوونە، نەک هاوڕێیەتی و شتی دیکە.
(باسکورد) خوێندنەوەت چییە بۆ ئەو بینەرەی تا ئێستا تامەزۆری درامای هەشتاکانە؟
کامەران نووری: بینەری کورد هەمیشە تامەزۆری دراما و فیلمی کوردییە، لە هەر سەردەمێکدا بەرهەمێکی درامی، یان فیلم کرابێت بینەری باشی هەبووە، چ ساڵەکانی پێشوو بێت یان بەرهەمەکانی ئێستا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕاستگۆیی هونەرمەندەکانمان لەگەڵ هونەرەکەیاندا.
(باسکورد) بە ڕای تۆ ئەگەر هونەرمەندان بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانی دراما، پێت وا نییە بینەر ماڵاوایی لە دراما تورکی و بیانییەکان دەکات؟
کامەران نووری: لەو باوەڕەدام، ئەگەر درامای تەلەڤزیۆنی بەردەوام بێتە بەر دیدی بینەران، بێگومان هۆکارێک دەبێت بۆ کەمبوونەوە و سەیرکردنی ئەو درامایانەی ئێستا پەخش دەکرێن، بەداخەوە هەندێ لە کەناڵەکان بێ گوێدانە هەستی بینەر، دابوونەریتی کۆمەڵایەتی، ئەو دراما دۆبلاژکراوانە دەخەنە بەردیدەمان.
(باسکورد) ئەوەی دەیڵێی کێشەکە لای دەرهێنەرەکانی کوردستانی باشوورە، یان هۆکاری تر، بۆچی ئێستا هەندێک لە دراماکان دەرهێنەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری تێدا دەکەن؟
کامەران نووری: لە کوردستان دەرهێنەری زۆر باشمان هەیە و بەرهەمیشمان هەیە، کە ئەڵێم کوردستان مەبەست لە هەر چوار پارچەی کوردستانە، ناکرێ جیای بکەینەوە، دەرهێنەر لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، گرنگ ئەوەیە کوردە و بەرهەمەکەی کوردییە.
(باسکورد) ڕۆڵی ئێوە لەنێوان دوو کارەکتەردا، یەکەمیان لە ڕەشەی پۆلیس و دووەمیان لە درامای گەردەلوول، کامیان بژارە و ناخی هونەرمەند کامەران نوورییە؟
کامەران نووری: شانازی بە و دوو کارە هونەرییەمەوە دەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە ئەو ڕۆڵە بەرجەستەی ناخی ئەکتەرەکە بێت، لەوانەیە بەروارد بە ژیانی تایبەتیی خۆم، لە هیچیاندا خۆم نەبینمەوە.
(باسکورد) وەک ئەوەی دەبینرێت حزب و کەسایەتییە باڵاکان دەبنە سپۆنسەری دراماکان، ئەمە تا چەند گونجاوە؟
کامەران نووری: زۆر لە کارە هونەرییەکان، بەشدار بووم و لەنزیکەوە ئاگاداری سەرچاوە داراییەکانیان بووم، بەر هیچ کارێکی هونەری نەکەوتووم، حزب یان کەسانی باڵای حزبی سپۆنسەری بووبێت، ئەگەر لە شوێنێک هەبێت شک نابەم، ئەگەر بووبێت ئەوە کارێکی نەشیاوه.
(باسکورد) بۆچی هونەرمەندان لە یەک بەرەی هونەریدا کۆ نەبوونەتەوە؟
کامەران نووری: بە پێویستی نازانم هونەرمەندان لە یەک شوێن یان لەژێر یەک چەتردا کۆ ببنەوە، چونکە بیرکردنەوە هونەرییەکان جیاوازن، هەر هونەرمەندێک بە تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆی بۆ بابەتەکە، هونەرمەند تەنیا لەو کاتەدا پێویستە کۆ ببنەوە کە لە بەرهەمێکی هونەریدا پێکەوە کار بکەن.
(باسکورد) کارکردن لە بەشی چوارەمی گەردەلوول بووەتە باسی سۆشیال میدیا، دەپرسین ڕۆڵی ئێوە لەم بەشەدا بەردەوام دەبێت وەک بڵێین پێتان گوتراوە؟
کامەران نووری: بە خۆشحاڵییەوە، هەواڵی بەشی چواری درامای گەردەلوول ڕاگەیاندرا، ماوەیەکی دیکە ئەچێتە بواری ئامادەکارییەوە، ئێستا کاری کاستینگ نەکراوە و هیچ هونەرمەندێک بۆ کاری نواندن ئاگادار نەکراوەتەوە.
(باسکورد) جگە لە نووسینی درامای باران، چ نووسینێکی دیکە هەیە لەسەر فیلم، یان شانۆ؟
کامەران نووری: سیناریۆی درامای باران، یەکەم ئەزموونی نووسینی منە، هیوادارم لە داهاتوودا بە نووسینی باشتر خزمەت بکەم.
(باسکورد) ئێستا بینەری شاشەی کوردی چی دەوێت؟ تراژدیا، یان کۆمیدیا؟
کامەران نووری: هەردوو بابەتەکە بینەری خۆی هەیە، کە چێژی لێ ئەبینێ، بەڵام لەم ڕۆژەگارەدا بۆ بینەر کۆمیدیا چێژبەخشترە.
(باسکورد) : هونەر بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ هونەرمەندان؟
کامەران نووری: بەداخەوە، لە سەرەتای درووستبوونی هونەری کووردی، تا ئێستا هونەرمەند بەگشتی هونەرەکەی نەبووەتە بژێوی بۆی، ئەگەر هەشبێت، زۆر کەمن کە لەسەر هونەرەکەیان بژین.[1]