ناونیشانی بابەت: نەورۆز و ساڵنامەی کوردی و سەلماندنی چەند ڕاستییەک: بەشی یەکەم
ئامادەکردن: #فاتیح عەبدوڵڵا شوانی#
لەڕاستیدا بوونی ساڵنامە و ڕۆژمێر لە کوردستانی دێریندا بوونی هەبووە و هیچ گومانێکی لێ ناکرێت، زۆر جار هەندێ لە نووسەر و توێژەران بەهۆکاری نەبوونی بەڵگەی زانستی و شوێنەواری ئەیانەوێت بەهەمان بیری نەیارانی کورد، وەک تورک وعەرەب و فارس شارستانی و کولتووری کوردستان تێکبشکێنن، کە گوایایە هێشتا بەڵگەیان لەبەردەستا نییە، بەڵام ئەوەیان لە بیرکردووە کە:-
یەکەم:- مێژوو و شارستانییەتی کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری وەک ئەکەد و ئاشوور و فارس و ئەسکەندەر و عەرەب و تورک و مەغۆل و عوسمانی و سەفەوی و دەوڵەتانی نوێوە تووشی چی وێرانکاری و سووتانێک بووە، هەروەها بەشێکی زۆری نووسین و داتاشراوەکانیان شکاندووە میلی سەرکەوتنی خۆیانیان لە جێی داناوە. لەسەردەمی ئەکەدەوە تائەمڕۆش چەند ساڵ جارێک لەلایەن داگیرکەرێکەوە کوردستان وێران دەکرێت. ئەگەر تاڵان و سووتانی ئەکەد و ئاشوورباس بکرێت باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەو ڕاستییانە کە بەوپەڕی دڵڕەقی ودڕندانە کوردستانیان وێران کردووە.
دووەم:- زۆر لایەنی شارستانی کوردستان دزراوە و کردوویانە بەموڵکی خۆیان. بۆ نموونە فارس، زۆربەی زاناکان باس لەوە دەکەن شارستانییەتی فارس بنەماکانی شارستانییەتی فارس هی ئیمپراتۆریەتی مادە کردویانە بەهی خۆیان، تەنانەت زۆربەی ئەوانەی باسی مێژوو شارستانییەتی ئێران دەکەن ناتوانن خۆیان لە ڕۆڵی گەورەیی میدیا کەم کەنەوە و زۆریشیان بەمێژووی شارستانییەتی ئێرانی دادەنێنن. ئەمەش ئەو ڕاستییەدەگەیەنێت سەرەڕای گۆڕانکاری و پێشکەوتنی سوپا لەسەردەمی ئەخمینیدا هێشتا کاریگەریی شێوازی سەربازی میدی لەرووی چەک و پۆشاکەوە بەسوپای ئەخمینییە.ە بەڕوونی دیارە.
سێیەم:- هەروەها هەرشتێکی کوردستان کە لەگەڵ ئایین و لایەنی ئەواندا نەگونجاو و نەبووبێت لەناویان بردووە، بۆ نموونە کاتێ ئەسکەندەری مەکدۆنی هاتە ناوچەکە، شاری پێرسیپۆلسی داگیرکرد دارای سێیەم پەڕتووکخانەیەکی یەکجار گەورەی هەبووە، یەکەم دەستنووسی ئاڤێستای زەردەشتی لەوێدا پارێزراوبووە کەسەرچاوەیەکی گرنگ و ڕەسەنی زمانی کوردی بووە، ئەوەی پەیوەندی بەزانست و فەلسەفە و ڕامیاری و ژینگە و ژیانەوە هەبووە و سوودی هەبووە بۆخۆیان بردوێتی، تاڵانی کردووە. پاشان بەشەکانی تری سووتاندوە ئەوەش کارەساتێکی گەورەی بەسەر شارستانییەت ومێژووی کوردستانداهێناوە.
چوارەم:- خاڵێکی تر کەزۆر گرنگە هەڵنەدانەوەی هەندێ شوێنەواری گرنگی کوردستانە وەکوو قەڵای کەرکووکی وتی و قەڵا بەناوبانگەکانی میدیەکان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بەتایبەتی شاری هەمەدان. سەرەڕای تێکدانی شوێنەوارەکانی میدیا و بەتاڵان بردن و لەناوبردنیان. لەگەڵ ئەوانەشدا کوردستان خاوەن پاشماوەیەکی شارستانی گەورەیە لەسەرئاستی جیهان و بگرە بەپێشەنگی شارستانییەتی جیهانیش دادەنرێت. لەسۆمەرەوە بگرە تاسوباری و وتی و کاشی و هۆری و میتانی و لۆلۆی و میدی ماننا و ئورارتو وکاردۆخی. کە هەریەک لەم گەلانە داهێنەر و بنیادنەری شارستانییەتییەکی گەورەی کوردستانن. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی لەدوای ڕووخاندنی دەوڵەتی مادەوە کوردستان هەرجارەی لەژێردەستەڵاتی داگیرکەرێکدا بووە و زۆربەی شەڕەکانی جیهانی کۆن لەسەرخاکی کوردستان ڕووی داوە، تەنانەت جەنگی یەکەمی جیهانی کوردساتنی گرتۆتەوە. سەرەڕای لەناوچونی شارسانی مید و کولتووری میدی و هەمەدان و تاڵانکردنی پاشماوە میدیەکان. ئەگەر کەسێک سەردانی قەلای هەگمەتانە بکات تێدەگات بۆچی دەوڵەت هەموو قەڵاکەهەڵناداتەوە یان بۆچی پشکنینی تەواوەتی بۆ ناکات، چونکە ئەگەر قەڵای هەمەدان هەڵبدرێتەوە مێژووشارستانی کوردستان زیاتر گەشاوەتر دەبن، هەروەها ئەمە بۆقەلای کەرکووکی وتیش ڕاستە.
پێنجەم:- ڕۆحی کولتوری، ئەوەی جێی بایەخە تاکوو ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لەشوێنەوارەکانی کوردستان کنەو پشکنینیان بۆکراوە و بەشێک لەشارستانی کۆنی کوردستانیان دەرخستووە و ڕوونکردۆتەوە، بەشێکی زۆری مێژوومان لەسەرچاوە نووسراوەکاندا تۆمارکراوە، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت لێرەدا تەنیا ئەوکەرەستانەی لەبەردەستن بەهەند وەرناگیرێن، بەڵکوو شتێکی تریش هەیە لەهاوشانی ئەوانە کە بەگیانی کولتووری دادەنرێت. ئێمە لێرەدا باسی ڕۆحی کولتووری دەکەین، مەرج نییە.ئەم ڕۆحە کولتوورییە بەڵگەی بەردەستی هەبێت ئەکرێت لەناو ڕۆحی خەڵک و هەڵسوکەوتیان و مامەڵەی ڕۆژانە و جل و پۆشاک و زمان و خۆراک و بیروباوەڕ و ئایین و فەرهەنگ و بۆماوەی و فۆڵکلۆری و ئەفسانە و چیرۆک و گێرانەوەکاندا بوونی هەبێت، ناکرێت جەژنێک کە پشتاوپشت نەوە دوای نەوە مابێتەوە تۆ لەبەرئەوەی بەڵگەی نووسراوت نییە.بەتاڵی بکەیتەوە، بڵیی بوونی نییە. تەنانەت ئەفسانەکانیش بەشێکن لە ڕابردوو ڕۆحی کولتووری نەتەوەیەک، تۆ ناتوانی بیسڕێتەوە یان بە کاریگەریی ئایینێکی نوێ سەرجەم کولتوور و شارستانییەتی و ئایینێکی تر بسریتەوە، با نووسراوی فەڕمیشی نەبێت. شتێک لەهەناوی تاکی کورددا هەیە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات لە باوانییە.ە پستاپشت بۆی ماوەتەوە لە مێژووی کۆنەوە لەهەڵسوکەوتی ڕۆژانەیدا بەکاری دێنێت و ڕەچاوی دەکات، بەڵام لە هیچ نووسین و بەڵگەیەکی بەردەستیدا وەری نەگرتووە.
ئەویش هەندێ ئاداب و بنەما و هەڵسوکەوتی ئایینەکانی کۆنی کوردستانە بەتایبەتی زەردەشتی. بۆ نموونە زۆرجار دایک و باوکمان پێمان دەڵێن؛ تف مەکەرەستەر زەوی خراپە، بۆچی؟ ئەمە لەچییەوە هاتووە؟ چۆن کێ پێی وتون باش نییە. بێگومان ئەمە دیاردەیەکی بۆماوەییە لەئایینی زەردەشتییەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە بووەتە بەشێکی ڕۆحی کولتووری و هیچ ئایین و ئایدۆلۆژیایەکی ڕامیاری و زانستی و پەروەردەیی نەیتوانییە.ە لێمان بسەنێتەوە چۆتە خوێنمانەوە. تەنانەت ئایینی ئیسلامیش کە زۆر بە تووندی زۆر لایەنی کولتووری کوردی سڕیوەتەوە، نەیتوانیوە هەندێ لایەنی کولتووری و ڕۆحی نەتەوەی کوێرکاتەوە، وەک نەورۆز و بۆنەکۆمەڵایەتییەکان و ئەم هەڵسوکەوتەی باسمان کرد. هەروەها پیرۆزی دایک یان ژن و خاک و ئاو و خۆر لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا ڕەگێکی دووری مێژوویی هەیە و دەگەرێتەوە بۆچاخەکانی پێش مێژوو لە کوردستاندا، کە لە گوندی چەرمو دەست پێدەکات و لای سومەر و هۆری و میدی و زەردەشتی تۆختر بۆتەوە تاکوو ئەمڕۆش. بۆچی دەبێت خانوو ڕووی لەرۆژهەڵات بێت؟ ئەم دیاردەیە خاڵێکی یەکجار گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، بۆچی خانوو ڕووی لەخۆر یان ڕۆژهەڵات بێت باشتر و گرنگ تر و بەبایەخترە، ڕەنگە پەیوەندی بەلایەنی کەشوهەواوە هەبێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەم ڕۆحە کولتووریە بنەمایەکی تری هەیە و پەیوەندی بە ڕابردووی دووری ئێمەوە هەیە، بەتایبەتی پەیوەندی بە ئایینی زەردەشتییەتەوە هەیە. کاریگەریی ئایینی زەردەشتی لەسەر کۆمەڵگی کوردی تائەمڕۆش دیارە یەکێک لەوانە ئەم بارەیە. ئاگر و ڕووناکی و ڕۆشنایی و کراوەی وەک بەشێکی گرنگی کولتووری ئێمە کاری لەسەردەکرێت.
پیرۆزی ئاگر و ڕووناکی وای کردووە زۆربەی خانووی گووندەکان ڕوویان لەخۆر بێت، وەک هێمایەک بۆ خواوەندی خۆر و ڕووناکی لە پێش زەردەشتیدا میترایی و خواوەندی خۆر لە کوردستاندا گرنگ بووە، بەڵام سەردەمی زەردەشتییەیەت زیاتر بایەخی سەند، ئەم مامەڵەکردنە پەیوەندی بەلایەنی ڕۆحی و ئایینی و کولتوورییەوە هەیە هەر بۆیە لە بازاڕدا ئەو خانوانەی ڕوو لە ڕۆژهەڵاتن نرخیان بەرزترە و خواستیان زیاترلەسەرە ئەگەرچی بەکاریگەریی کەشوهەوا و لایەنی گەرما و سەرماشەوە بێت، زیاتر بابەتەکە خۆر و ڕووناکییە.
شەشەم:- هەروەها سەلماندنی ئەو ڕاستییەی سۆمەر وەک گەلێکی دێرینی کوردستان لە ڕووی ڕەگەز و ڕەچەڵەکەوە سەر بە کۆمەڵە و دانیشتووانی خەڵکی کوردستانن. کاتێ سۆمەر بە شارستانییەتی کوردستانەوە گرێدەدرێت هیچ گومان لەپێشکەوتنی کوردستان ناکرێت، ئەوەمان زیاتر لەلا ڕوون دەکەنەوە کە کوردستان بەر لە2000ساڵ پ.ز ڕۆژمێری تێدا بەکارهاتووە وەک ئەوەی لە گردی بەکراوەی دەشتی شارەزوور دۆزرایەوە، کە بە ڕۆژمێری بەکراوە ناسرواە. گردی بەکر ئاوا تاتە قوڕ (الواح ) ی تێدا دۆزراوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زاین، هەروەها گرنگترین شتێ کە تێیدا دۆزراوەتەوە لولەیەکە کە نووسینی لەسەرە بە ڕۆژمێری بەکراوا بەناو بانگە کە لە (12) ستوون پێک هاتووە هەر ستونێک بۆ مانگێکی ساڵە و هەرمانگێک لە (30) ڕۆژ پێکهاتووە، دیارە ئەم جۆرە ڕۆژمێرانە بۆ تۆمارکردنی ڕووداو و ڕۆژە گونجا و نەگونجاوەکان بەکار هاتووە، ئەوەی بەکراوا تەنیا ڕۆژە گەونجاوەکانی تێدا بەدی دەکرێت. سەرکەوتن و گرتنی شارێک و ناخۆشی نامێنێ، ئەمانە نموونەن بۆ ڕۆژمێرەکە بەبێ ڕۆژانی مانگەکە، لە هەرساڵێکدا بەپێی لێکدانەوەکە ئەم ڕۆژمێرە بۆ سەدەی (20) پ.ز سەردەمی سۆمەرییەکان (بنەماڵەی ئوری سێ یەم ) بێت.
حەوتەم:- ساڵنامەی کوردی و بەراوردێک لەگەڵ دورست بوونی دەوڵەتی میدیا، زۆرجار لێرە و لەوێ گوێبیستی هەندێ بابەت دەبین سەبارەت بەناڕاستی و نادرووستی ساڵنامەی کوردی دیاری کردنی 700پ.ز وەک سەرەتای ئەو ساڵنامەیە و تەمەن و سەرهەڵدانی دەوڵەتی میدیای مەزن. ڕاستکردنەوەی چەمکی ساڵنامە و دامەزراندنی دەوڵەوتی میدیا بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت دەوڵەتی میدیا بەرلە ساڵی 700پ.ز هەبووە و زۆر توێژەر ساڵی 612 بەهەند وەردەگرن، لەراستیدا بەڵگە گەلێکی یەکجار زۆر لەبەردەستدایە بۆسەلماندنی ئەو ڕاستییانە. مەرج نییە ئەوەی زانستی و شوێنەوار نەیسەلمێنیت ئیتر ڕاست نییە، چونکە سەدان چیرۆک و ئەفسانە و ڕووداو و کولتووری و فۆڵکلۆری هەن کە لەلایەن گەڕیدە و مێژوونووسانی کلاسیک و شاعیرانەوە دەربارەی میدیەکان باس کراوە بەتایبەتی لای کەتسیاس وهێرۆدۆتس. هەروەها وەک هونەرێکی میلی پشتاوپشت هاتوون و لە مێژوو دا ڕەنگیان داوەتەوە و بوونیان هەیە لەسەرچاوەی ئایینییە.انیشدا وەک پەرتووکی پیرۆز ناویان هەیە و باس کراون، ڕۆڵیان خراوەتەروو. ئەمە جگە لەپاشماوە هونەری و تەلارسازییەکان و پەیکەر و داتاشراوەکان و گۆڕە بەردینەکان کە تاکە شاکاری دەستی میدیەکانە لە هەموو کوردستانی گەوەرەدا بوونیان هەیە. لێرەدا چەند بەڵگەیەکی گرنگی شوێنەوراری و مێژووی کۆن و کلاسیک قوتابخانە فەلسەفی و شارستانییەت و ئایینی، جوگرافی، پاشماوەی میدیا لەهەمەدان و گشت هەرێمەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان، بەردەنووسەکانی ئاشوور. دەخرێتە ڕوو بۆسەلماندنی بوونی دەوڵەتی میدیا پێش ساڵی 700 پ.ز بۆ پشتراستکردنەوەی ڕاستی و درووستی ساڵنامەی کوردی-مید. هەموو ئەو سەرچاوانە ڕیزدەکرێن بۆسەلماندنی ئەو ڕاستییە گرنگ و بەرچاوانە، دەتوانرێت ئەوە ڕوونبکرێتەوەکە میدیا بەرلە ساڵی 700پ.ز وەک دەوڵەت بوونی هەبووە، خاوەن پایتەخت و دامودەزگای بەڕێوەبردن و کارگێڕی و خۆ بەڕێوەبردن بوون و هەموو بنەماکانی دەوڵەتبوونیان تێدابووە.
سەرەتا با بە بەڵگەی شوێنەواریان بەردەنووسراوەکان دەست پێ بکەین:- ئەگەر بەوردی سەرجەم نووسین و بەردە نووسەکانی پاشایەک لەدوای یەکەکانی ئاشوورییەکان شیبکەینەوە لە تیگلات پلاسەری یەکەم 1273-1076پ.ز لەسەردەمی ئاشووری ناوەندەوە دەست پێدەکەین. ئەم پاشا ئاشوورییە لەبەردەنووسەکانی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات هێرشی کردۆتەسەر نەیارەکانی و گەیشتۆتە ناوچە سەخت و شاخاوییەکان و دەستی بەسەر چەندین هەرێم و ناوچەدا گرتووە و ناوی (30) هەرێم دێنێت، لەو نێوەندەشدا ناوی هەمەدانی بەشێوەی (ئامدانو-ئامدانا) هێناوە وەکوو شارێکی گرنگ کەجێی بایەخ و گرنگیدانی بووە. (11) ئەمەش بەڵگەیەکی گرنگە زانستی شوێنەوار ڕاستگۆیانە و بێلایەنانە باسی دەکەن و دان بەبوونی دەوڵەتی میدیا دادەنێین لەسەدەی 9پ.ز، چونکە هیچ پێوانەیەکی زانستی و فەلسەفی و شارستانی و ڕامیاری ئەوە پشتگوێ ناخەن کە پایتەختێکی وەکوو ئامادانە لەلایەن خێڵێکی شوانکارە و ئاژەڵدارەوە بەڕێوەبرابێت. واتە ناچێتە خانەی ئاوەزەوەکە خێڵێکی شوانکارە پایتەختی ڕامیاری و کارگێڕی و بەڕێوەبردنی هەبێت. بوونی پایتەخت لەهەرکات و شوێنێکدا و لەلای هەرگەل وڵاتێ هەبوو بێت مانای تایبەتی خۆی هەیە، جێگای لێکدانەوە و ڕاڤەی زۆرترە، مانای زۆری هەیە، بۆ نموونە بوونی پایتەخت واتە بوونی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا لەو ناوچەیە، واتە بوونی کۆشک و تەلار و پەرستگا و هێز و ئاوەدانی و خۆ بەڕێوەبردن. ئەم پایتەختەش نکوڵی لێناکرێت، ئەگەرچی ئەوسەرچاوەیەی باسی کردووە نەیاری میدیەکان بووە و زۆر شتی بەهێزی شاردۆتەوە، هەوڵیداوە میدیەکان بەکەم هێز وترسنۆک دابنێت، لەچاوهەیمەنەی خۆیاندا.
هەرچۆنێک بێت ئەو دانپێدانانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە میدیەکان خاوەن دەوڵەت و بنەماکای دەوڵەتداری بوون، لەکۆتای هەزارەی دووەمی پ.ز، هەروەها ئەگەر ئەوەی “تیگلات” باسی دەکات وەک شاریش ناوی هێنابێت هەر گرنگە، چۆن خێڵی دواکەوتوو ئاژەڵدار ئەتوانێ شار بەڕێوەبەرێ، گریمان وابوو بەڵام ئەی هێز و سوپا و بەرگریان چۆن لێکبدرێتەوە، ئەگەر دەوڵەتیش نەبێت وادانێ میرینیشنیان هەبووە، ئەشێ لەوکاتەدا سەرەتای گەشەیان بووبێت و دواتر لە میرنیشینەوە کردویانە بەدەوڵەت لەسەدەی 9-8پ.ز، چونکە لەشکرکێشییەکانی دواتری ئاشوور بەتایبەت ئاشووری نوێ 911-612پ.ز، ئەو ڕاستییە زیاتر دەسەلمێنن کە میدیا خاوەن هێزێکی تۆکمەی ڕێکخراوی ئامادەکراوە و ڕابەریکراوە، ئەوا ڕاستییەکان دەربارەی بوونی دەوڵەتی میدیا پێش700ساڵ پ.زهیچ بەڵگەیەکی تری ناوێت. هەروەها لەسەردەمی ئاشووری نوێ لەسەردەمی (ئادادنیراری دووەم911-891پ.ز) پاش ئەوەش پاشا (ئاشوورناسرپاڵی دووەم885-859پ.ز) لە لەشکرکێشیەکانی خۆیدا بۆ سەر وڵاتی میدیا کە لە چوار لەشکرکێشی جیاجیا ئەنجامی داوەناوی چەندین هەرێم دێنێت.، هێرشیان کردە سەر وڵاتی میدیا، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 836 پ.ز ناوی میدیەکانی وەک گەلێکی بەهێز هێناوە لەگەڵ ئەوەشدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆری دەوڵەتی میدیادا گرت، بەو پێیە پەیوەندی میدیا و ئاشووری بە شێوازی تووندوتیژی مایەوە تا هاتنی پاشایەکی تری بەهێزی ئاشووری بەناوی (تیگلات بلاسەری سێیەم 745- 727 پ.ز) لەم کاتەدا گۆڕانی گەورە لە ناوچەکەدا ڕوویان دا، ئەوە بوو کێشەی نێوان ئورارتو و ئاشووری پەرەی سەند و میدیا زیاتر گەشەی کرد و بەرەو بەهێزی هەنگاوی دەنا، تا وای لێهات جارێکی تربووە جێگای مەترسی بۆ ئاشوورییەکان، هەر بۆیە ئاشوورییەکان لە هاوشانی ئورارتوو هێرشیان کردۆتە سەر میدیەکان و گەیشتنە چیای دەماوەند. وڵاتی میدیای داگیرکرد و تاڵانی کرد زیاتر لە (65000 ) خەڵکی میدی بە دیل گرت و ڕایگوێزان بۆ ناوچەکانی تر، لە هەمانکاتدا جێگرەوەکانی “تیگلات پلاسەر” بەردەوام ئەو ڕەوتەیان پەیڕەو دەکرد تا ئەو کاتەی دیاکۆی سەرکردەی میدیەکان دەرکەوت و توانی شۆڕش دژی ئاشوور بەرپابکات و هاوپەیمانێتی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە بەتایبەت ئورارتوو درووست بکات، بەڵام لە شەڕەکانی دا سەرکەوتوو نەبوو، چونکە لە هەمان کاتدا (سەرجونی دووەمی ئاشوری 727 – 705 پ.ز) هاتە سەر دەسەڵات زۆر بە تووندی دژی میدییەکان وەستایەوە و دیاکۆو چل و دوو (42) سەرکردەی میدی بە دیل گرت و دووری خستنەوە بۆ حەماە. بەوەش جارێکی تر وڵاتی میدیا داگیرکرایەوە و کەوتەوە ژێردەستی ئاشوورییەکان. دواتر جارێکی تر میدیەکان خۆیان ڕێک خستەوە و دیاکۆیش کە ڕاگوێزرا بوو بۆ (حماە) لە ڕێگای ناوچە شاخاوییەکانی باکووری کوردستانەوە خۆی گەیاندە شۆڕش گێرانی میدیا، لەم کاتەدا (سنحاریب 704 -681 پ.ز) پاشای ئاشوور بوو، هەروەها دیاکۆ هاوپەیمانی لەگەڵ پارسوا و سیمیری و ماننا و ئورارتوو کرد و توانیان ئاشوورییەکان تێک بشکێنن لە جەنگێکی یەکلاکەرەوەدا. بەڵام زۆری نەبرد سەنحاریب لەشکرکێشی ئەنجام دایەوە بۆسەر میدیا، هەر لەم ماوەیەشدا دیاکۆ کۆچی دوای کرد و (فرائورتس- خشتریتا ) جێگەی گرتەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ڕیچارد فرای لە پەڕتووکەکەی خۆیدا ئاماژەبەوەدەکات کەمیدیەکان لەساڵانی 744پ.زدا خاوەن دەوڵەت بوون، وشەی شانشین (کینگدۆم) بەکاردەهێنێت ودەڵێت ئەسپی وڵاتی میدیا بەناوبانگ بووەولەهاوشانی میدیاشدا باسی بەهێزی ئورارتوو دەکات. (20) کەواتە بەکارهێنانی وشەی شانشین لەلایەن ئەو ئێرانناس و زانایەوە دەبێت باوەڕ بەوەبکەین کە میدیا پێش 700پ.ز خاوەن دەوڵەت بوون، چونکە لەبیری ڕامیاریدا شانشین بەمانای بوونی پاشایەتی و دەسەڵاتداری دێت. هەروەها خاڵیکی گرنگترلەمانەی سەرەوە ئەوەیە کەنووسەری پەڕتووکی لە میسرەوە بۆ بابل (پاول کولینس) لەریزکردنی سیستەمی دەسەڵاتی گەلانی ناوچەکەدا میدییەکانی وەک گەلێکی بەهێز و خاوەن دەزگا و ڕێسای بەڕێوەبردن داناوە لە ساڵی 700پ.ز دا، ناوچەکەشیان بەناوەندێکی فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵاتێکی بەهێز دادەنێت کە لەلایەن میدیەکانەوە فەرمانرەوایەتی کراوە.
فرائورتس دەستی کرد بە ڕێکخستنی ناوخۆیی و هەرێمی و ئاشووریش لەگەڵ ئیلام و بابل دا لە شەڕدا بوو، لە هەمان کاتدا لە ساڵی 681 پ.ز سەنحاریب بە دەستی کوڕەکانی لە نەینەوا کوژرا دواتر (ئەسەرحەدون کوڕی سەنحاریب -680-646پ ز ) کرایە پاشای ئاشوور لێرەوە پەیوەندی میدیا و ئاشوور دەبێتە پەیوەندییەکی ئاشتی و ڕێککەوتننامە لەنێوان فرائورتس و ئەسەرحەدون مۆرکرا، ساڵی 672 پ.ز لە نەینەوا نوێنەری فرائورتس بەناوی (راماتایا) بە مەرجەکانی ئەسەرحەدون ڕازی بوو، بەو پێیەش ئاشتی و برایەتی لەنێوان ئاشوور و میدیادا ڕاگەیەنرا ئەمەش زیرەکیەکی بێ وێنەبوو لەلایەن (فرائورتس) ەوە، چونکە لە ماوەی ئاشتی دا هەوڵی بەهێزی و خۆ ڕێکخستنەوە و درووست کردنی بەرەی هاوپەیمانی دا، تا بتوانێ لە شەڕێکی گەورەدا ئاشور لەناو ببات، هەر بۆیە دوای ئەوەی لەتواناکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی دڵنیا بووە، پەیماننامەکەی نێوان میدیا و ئاشووری شکاند فرائورتس لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وەک ئەسکیسی و ئورارتوو و سیمیرییەکان شەڕی دژی ئاشوور ڕاگەیاند. سەرەتا هەرێمەکانی پارسوا و ماننای لە ئاشوور سەندەوە و بەرەو نەینەوا بەرێکەوت فرائورتس لەم کارەدا پەلەی کرد، ئەوە بوو لە شەڕێکدا لەبەرانبەر ئەسەرحەدوون کوژرا بەهۆی ناپاکی کردنی ئەسکیسییەکانەوە، چونکە لەو کاتەدا ئاشوورییەکان توانیان ئەسکیسییەکان لە فرائورتس هەڵبگەڕێننەوە، بەوەش میدیەکان شکستێکی گەورەیان خوارد و ئاشووریەکانیش هەموو وڵاتی میدیایان بە ئەسکیسەکان سپارد، بۆ ماوەی بیستو هەشت (28) ساڵ تا ئەو کاتەی (کەیئەکسار – کەیخوسرەو ) 626 – 585 پ.ز کوڕی فرائورتس وەک پاشایەکی بەهێزی میدی دەرکەوت و توانی ئەسکیسەکان لەناو ببات و سەربەخۆیی بۆ میدیەکان گەڕاندەوە. دەستی کرد بە ڕێکخستنەوەی میدیا و زیرەکانە توانی هاوپەیمانەکانی وەک ماننا و ئورارتوو، لەدەرەوەش پەیوەندی لەگەڵ بابل بەست دژی ئاشوورییەکان، بەوەش توانی ڕوووبەڕوی گەورەترین ئیمپراتۆرییەتی ئەوکات کە ئاشوورییەکان بوو ببێتەوە، لەسەردەمی پاشایەتی ئاشوور بانیباڵ و ئاشوور ئۆبڵاتی دووەم، ئەوە بوو یەکەم هێرشی میدی و بابلی ساڵی 621 پ.ز بۆسەر ئاشوور دەستی پێکرد لە ماوەی نۆ ساڵی شەڕدا توانیان دەوڵەتی ئاشوور بروخێنن دوا پاشای ئاشوور (سین- شار – أشکون ) خۆی و کەسانی بنەماڵەکەی لە کۆشکی پاشایەتی نەینەوا سووتاند دوای ئەویش پاشماوەی ئاشوورییەکان لە شاری (حران) لە ڕۆژاوای کوردستان بەرگریان کرد، بەڵام سوپای میدیەکان و بابلیەکان توانیان ئەو شارەش داگیر بکەن لە610 پ.ز و بۆ دوا جار ئیمپراتۆریەتی ئاشووری ڕووخا و بەشێکی گەورەی سنوورەکەی کەپێشتر هی سوباری و هۆری و گۆتی و لۆلۆیی بوون خرایەوە سەر دەوڵەتی میدیا بەوەش پەیوەندی نێوان میدیا و ئاشوور پێچەوانە بووەوە، چونکە لێرە بەدواوە ئاشوریەکان بوون بە بەشێک لە دانيشتوانى کوردستان.
هەروەها خاڵیکی گرنگتر لەمانەی سەرەوە، ئەوەیە کە نووسەری پەڕتووکی لەمیسرەوە بۆ بابل (پاول کولینس) لە ڕیزکردنی سیستەمی دەسەڵاتی گەلانی ناوچەکەدا، میدیەکانی وەک گەلێکی بەهێز و خاوەن دەزگا و ڕێسای بەڕێوەبردن داناوە لە ساڵی 700پ.ز دا، ناوجەکەشیان بە ناوەندێکی فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵاتێکی بەهێز دادەنێت کە لەلایەن میدیەکانەوە فەرمانڕەوایەتی کراوە. بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییە بسەلمێنرێت کە دەوڵەتی میدیا پێش ساڵی (700) پ.ز بوونی هەبووە پێویست دەکات بەوردی بەسەر چاوە کلاسیکی و یۆنانییەکاندا بچینەوە وەک هیرۆدۆتس و کتسیاس و….هتد. جارێ با لە هێرۆدۆتسەوە دەست پێبکەین. هێرۆدۆتس دەڵێت؛ (دیاکۆ یەکخەری سەرجەم خێڵە میدیەکانە لەچوارچێوەی یەک نەتەوەدا، لەو پێناوەشدا ڕۆڵی سەرەکی خۆی گێڕاوە و شوێن دەستی دیارە لەو کاتەدا، (53) ساڵ حکومی کرد، هەروەها دەڵێت؛ (دیاکۆ پیاوێکی بەهێز و دادگەربووە، هەموو کات هەوڵی ئەوەی داوە لەناوخەڵکەکەی خۆیدا دادپەوەربێت، چونکە پێی وابوو نادادی و ستەمکاری شەڕ و کێشە درووست دەکات لەناوخەڵک و لایەنەکاندا. ئەوخەسڵەتانەشی وای کرد لای خەڵک خۆشەویست بێت، وەک سەرۆکی خۆیان هەڵیبژێرن و ببێتە فەرمانڕەوا و پاشایەکی بەهێزی دادپەروەر. هەروەها لەو ماویەدا لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی میدیا دزی و ڕاو و ڕووت بڵاوبۆتەوە، بۆیە دیاکۆ دەیەوێت یاسایەک دابنێ و ئەو دیاردەیە بنبڕبکات.
بۆئەم مەبەستە بە هاوکاری کەسە نزیکەکانی خۆی و نوێنەری هەموو ناوچەکانی میدیا، توانی ئەو کارە ئەنجام بدات، لەم ڕوانگەوە هەستا بەدرووستکردنی ڕاوێژکار بۆخۆی لەکاروباری دەوڵەدا، هەروەها درووستکردنی دەستەیەک لەهاوڕێ و کەسە بەتواناکان تابتوانن دەوڵەت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەهێزدەوڵەت بەریوەبەرن. لەم پێناوەشدا هەموولایەک هاوکاری بوون. لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژ و دەمڕاستی دانا بۆدەوڵەتەکەی، بەوەش حکومەتێکی بەهێزی دامەزراند. لەدوای جێگیرکردنی ئەم بنەماگرنگانە ئاشتی و ئارامی باڵی کێشا بەسەر هەموو ناوچەکاندا. ئەوەی لێرەدا گرنگە هێرۆدۆتس وشەی حکومەت و کارگێڕی و شانیشین بەکاردێنی بؤئەم دەوڵەتە درووستکراوە. هەروەها باس لەوەش دەکات وەک شانیشینێکی بەهێز بەگفتوگۆ و ڕاوێژ کردن بڕیار لەسەر کاروبارەکانی دەوڵەت دراوە بۆ هەر بابەتێک کۆبوونەوە و گفتوگۆکراوە لەلایەن ڕاوێژکارانەوە دواخاڵی بڕیاریش لای دیاکۆبووە. کۆبوونەوەکانیش لەسەرکێشەکان مانگی یەکجاربووە ئەوەش بەسەرپەرشتی خودی پاشا دیاکۆ خۆی بووە. بۆ نموونە بریاردان لەسەرشوێنێکی نوێ بۆ درووستکردنی پایتەختی دەوڵەتی میدیا بە ڕاوێژ بووە، هەرئەم لایەنانە وای کردووە دیاکۆ وەک پاشایەکی بەهێز دەرکەوێت. دواجار بڕیار درا لەسەردرووستکردنی کۆشکێکی گەورەی شاهانە لەهەمەدان. دواتریش هەستابە دانانی پاسەوان لە هەمووخەڵکی نەتەوەجیاجیاکانی وڵاتی میدیا. هەروەها بەم شێوەیەش باس لەکۆشکی پاشایەتی لەهەمەدان دەکات. (شاری هەمەدان شارێکی گەورەبوو، دیاکۆ کۆشکێکی گەوەری تیا درووستکرد و لەچواردەوری کۆشکەکەش ماڵی خەڵک هەبوون، دیاکۆ ئەوشارەی وەک پایتەخت ناساند و سەرجەم نوێنەر و ڕاوێژکارەکانی دیاکۆ لەوێدا کۆدەبوونەوە، چاویان بەیەک دەکەوت. هەر بۆیە شوێنی هەمەدان مانای شوێنی یەکتر بینین، یان چاوپێکەوتن دەگەیەنێ. دیوارەکانی ئەوشارە درێژ و پان و فراوان بوون، بازنەیەکی بتەوی بەدەوری کۆشک و شاردا پێکدەهێنا، ئەندازیاریەکی هونەری گەورەی تیا بەکارهێنراوە و بۆ هەردیوارێک چەندین قولەی سەربازی و چاودێری درووستکراوە بە مەبەستی بەرگری و هێڵی پاراستنی شارەکە بووە، دیوارەکان یەک لەدوای یەک درووستکراون، ئەمەش لەسەربەرزاییەک یان گردێک هەڵکەوتوبوو، سەرجەم دیوارەکان بەدیمەنی کاری هونەر وشێوازی ئەندازیاری ڕازاوە بوون، ژمارەی دیوارەکان حەوتبوون، لەناوەڕاستیدا کۆشکی پاشایەتی (رۆیال پالاس) هەڵکەوتبوو، لەگەڵ گەنجینەیەکی گەورەدا، کە سەرجەمیان بەهونەری جوانکاری بەشیوازێکی جوان ڕازێنرابوونەوە.
هەروەها دیوارەکانی دەرەوەی تاق و تاقداربوون بۆشوێنی شەڕ، هەروەها بەئاگردان ڕازابووەنەوە وەک ئەوانەی ئەسینا وابوون. دیوارە سەربازییەکان ڕەنگیان سپی بوو، دووەم دیوار ڕەنگی ڕەش بوو، سێیەم دیوار ڕەنگی سوور (قورمزی) ، چوارەم دیوار ڕەنگی شین بوو، پێنجەم دیوار ڕەنگی پرتەقاڵی بوو. دوو دیوارەکەی تریش بەرەنگی سلڤەر و ئاڵتونی ڕەنگ کرابوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەمانە بەرەنگی ڕەنگاورەنگ و کاری هونەری وێنەکێشان نەخشێنرابوون، ئەم دوو دیوارەش بەدوا دیواری دەرەوەی شارەکە دادەنرێت چونکە قولەی سەربازییان هەبووە. هەموو ئەم قایمکاری لێزانینەش دەگەریتەوە بۆ بەهێزی دیاکۆ، کۆشکەکەشی لەبازنەی ناوەڕاستی شارەکە بووە، واتە دیواری یەکەم کە ڕەنگی سپی بوو لەدەوری کۆشکی پاشایەتی بووە، پاشان خەڵک و دانیشتووان بەدەوری کۆشکی پاشایەتیدا بڵاوبوونەتەوە. دوای تەواوکردنی کۆشکەکە لەم شارەدا ئاهەنگی گەورە ڕێکخراوە، دیاکۆ وەک فەرمانڕەوایەکی دادپەروەر کاروباری بەڕێ دەکرد و لەخۆی نەگۆڕا، بەڵام تۆڕێکی هەواڵگری درووست کرد بۆ گەیاندنی هەواڵی ئەوانەی تاوان ئەنجام دەدەن، پاشان تاوانباران ئاگادار دەکرانەوە و تاوانباران بەئاشکرا دادگایی دەکران و سزای خۆیان وەردەگرت. هەروەها خەڵک توانیویەتی سکاڵا بگەیەنێتە دەستی پاشا دیاکۆ لە ڕێگای نووسینگەی تایبەت بەخۆیەوە کە لە چەند کەسێک پێکهاتوون. هەموو ئەمانە بەهێزی لایەنی یاسای و کارگێڕی و دەسەڵاتداری سەردەمی دیاکۆ دەردەخەن، هەروەها هێرۆدۆتس لەبارەی میدیاکانەوە دەڵی؛ (ئاشووریەکان ئیمپراتۆرێتێکی بەهێزیان درووست کرد هەموو ئاسیای گرتەوە بۆ ماوەی 520ساڵ، بەڵام کاتێ میدیەکان هاتنە ناوچەکەو دەستیان کرد بەراپەڕین و سوپاو چەکیان بەکارهێنا و دژی دەسەڵاتی ئاشوور بۆ بەدەست هێنانی ئازادی و گەڕانەوەی سەروەرییان، ئاشوورییەکان تووشی سەرسوڕمانی گەورە هاتن لەئازایەتی میدیەکان، تا ئازادی و سەربەخۆی خۆیانیان بەدەست نەهێنایەوە وازیان لە خەباتکردن نەهێا. لەهاوشانی ئەمانیش کۆمەڵێ نەتەوەی ترهەبوون، هەروەها دەڵێ زۆرجار میدیەکان تێکشکاون، بەڵام بەردەوام بوون و بێ ئومێد نەبوون هەروەک چۆن کەسێک بەناوی فرائورتس کە یەکێک بووە لە کوڕەکانی دیاکۆ ئارەزووی درووستکردنەوەی دەوڵەتی هەبووە، هەوڵی خۆ ڕێکخستنەوەی داوە و لە ناوچە گوندییەکان و شاخاوییەکانی وڵاتی میدا و تەواو سەربەخۆبووە، هیچ پەیوەندی بەناوەندی دەسەڵاتی ئاشوورەوە نەبووە، ئەم باسەی هیرۆدۆتس ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە دەوڵەتی میدیا پێش ساڵی 700پ.ز هەبووە بەتایبەتی سەردەمی دیاکۆی مەزن وەک پایتەخت و دەوڵەتداری مامەڵەی کردووە و هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی بوترێ دەوڵەتی میدیا پێش ئەو ماوەیە نەبووە، بگرە بەڵگەی بەهێزی درووست بوونی دەوڵەتی مەزنی میدیایە لەسەرەتای 700پ.ز کە دەکرێ بەسەرەتای ساڵنامەی کوردی میدی دابنریت. چونکە سەرجەم سەرچاوە ئاشوورییەکان و کلاسیکییەکان بەراورد بکرێت یەکتری پشتڕاست ئەکەنەوە، واتە بەردەنووسەکانی ئاشوور لەسەر بوون و هێز و دەوڵەتی میدیا وای کرد وتەکانی هێرۆدۆتس ببنە جێی متمانە و کەڵکی تەواوەتی لێوەربگیرێت و گومانی لێنەکرێت. کەواتە ئەگەر (700) ساڵ پ.ز بکرێتەسەرەتای ساڵنامەی کوردی-میدی ئەوە ئەو گومانە دەڕەوێتەوە کە دەڵێت ساڵنامەی کوردی کەموکووڕی هەیە و ڕاست دەرناچێت، بەتایبەتی لای ئەوکەسانەی (612) پ.ز ڕووخاندنی ئاشوور و دامەزراندنی ئیمراتۆریەتی میدیا دەکەونە سەرەتای ساڵی کوردی، چونکە لەم بابەتەوە ئەوە ڕاست دەبێتەوە دەبێت ئەو بزانین میدیا لەسەردەستی دیاکۆ وەک دەوڵەت دامەزرالە ساڵی (700) پ.زودواتر کەیخوسرەوگەیاندیەپلەی ئیمراتۆریەت لە (612) پ.زدا.
=KTML_Bold=سەرچاوە و پەراوێزەکان:-=KTML_End=
(1) فاتیح عەبدوڵڵا موحەمد: مێژووی دێرینی کوردستان، کوورتەیەک لە مێژووی شارستانییە.ی دێرینی کوردستان ، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووی ڕامیاری شارستانییە، بەرگی یەکەم ، سلێمانی، 2016چاپخانەی کارۆخ، ل67-81.
(2) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p77-78.
3) Richard Frye; The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, Mesa,California,1993,p116.
(4) ف فاتیح عەبدوڵڵا موحەمد: مێژووی دێرینی کوردستان، ، بەرگی یەکەم ، سلێمانی، 2016 ل160-161
(5) فاتیح عەبدوڵڵا موحەمد: مێژووی دێرینی کوردستان ، بەرگی یەکەم ، سلێمانی، 2016ل 220-221
(6) إسماعيل حسين حجارة: التنقيب في سهل شهرزوور، ياسين تبة الموسوم الاول1973، سومر، ج1، 31، 1975، ص275.
(7) Herodotus; The Persian War,First Book , p3-4.
(8) الکتاب المقدس، العهد القديم، ط4، بيروت، 1995.ص976
(9) فاتیح عەبدوڵڵا موحەمد: مێژووی دێرینی کوردستان ، بەرگی یەکەم ، سلێمانی، 2016ل137-138
(10) فاتح عبداللة محمد: العلاقات السياسية و العسکرية بين الاشوريين و الميديين ، ڕسالة ماجستير ، غير منشورة ، جامعة السليمانية ، 2008 ، ص 25
(11) ,A.K.Grayson Babylonia in Ancient Civilizations Edited by Arthur Cotterell,London,1992,p90.
(12) فاتح عبداللة محمد: العلاقات السياسية و العسکرية بين الاشوريين و الميديين ، ، ص41
(13) Grishman R., Iran From The Earllest Times , 196,p90.
(14) Custis,J,.Lates Mesopotamia and Irantribes and Empire1600-539B.C,London,1995 ,p28.
Richard Frye; The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, costa Mesa,California,1993,p63.
(15) Girshman, R., – Iran. P. 95
(16) Girshman, R., – Iran. P. 96
p46 (17) Rogers, R. W. Ahistory of Babylon and Assyrain,vol, (II) ,1990.
(18) ) فاتح عبداللة محمد: العلاقات السياسية و العسکرية بين الاشوريين و الميديين، ص 107
(19) ) Rollinger,R,”MEDIEN” Herrschronologien der antiken Welt,Band (1) ,Germany,2004p112
) 20 () Richard Frye; The Heritage Of Persia,p76-77
(21) Paul Collins: From Egypt toBabylon,the International age 1550-500B.C,First published,British Museum ,2008,p8.
(22) Rollinger,R,”MEDIEN” Herrschronologien der antiken Welt,Band (1) ,Germany,2004p112
(23) Custis,J,.LatesMesopotamiaandIrantribesandEmpire1600-539B.C,London,1995 p61
(24) Frye R.N: The Heritage of Persia. p 72
(25) Girshman, R., – Iran. P. 98
(26) Huart, Clement, Ancient Persian and Civilization Iranian. London. 1972. p.29-30
27) هاري ساکز: عظمة بابل، موجز حضارة وادي دجلة والفرات القديمة، ترجمة عامر سليمان ابراهيم، جامعة الموصل، 1979، ص 166.
(28) Custis,J,.LatesMesopotamiaandIrantribesandEmpire1600-539B.C,London,1995 p62
(29) Rollinger,R,”the western expansion of Median EMPIRE are-examination”History Of
the Ancient Near East,Vol, (V) ,p292.
(30) Laessoe. J. the people of Ancien Assyria their inscriptions and correspondence 1963.P99.
(31) Paul Collins: From Egypt toBabylon,the International age 1550-500B.C,First published,British Museum ,2008,p8.
(32) Herodotus; The Persian Wars,First Book , p55-58.
(33) Herodotus: The Persian Wars,First Book , p56.
(34) Herodotus; The Persian Wars,First Book , p57.
(35) Herodotus; The Persian Wars, ,First Book , p55.
[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە=KTML_End=