ناونیشانی بابەت: کێلی تۆبزاوە لە دەڤەری برادۆست مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 715 ساڵ پێش زایین
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
شوێنەواری کێلی تۆبزاوە دەکەوێتە گوندی تۆبزاوە، کە حەوت کیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆچکەی سیدەکان، لە دەڤەری برادۆستەوە دوورە، ئێستا ئەو کێلە لە #مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر# پارێزراوە. پسپۆرێکی شوێنەواری و کەلەپوور بۆ (باسکورد) ، زانیاری لەسەر ئەم کێلە شوێنەوارییە دەخاتە ڕوو.
د. #زێدان برادۆستی#، پسپۆری شوێنەواری و کەلەپوور و مامۆستای زانکۆ، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: کێلی تۆبزاوە ئەو هەڵکەنراوەیە، دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی سیدەکان لە دەڤەری بردادۆست، لەو شوێنەی پێی دەگوترێت گوندی تۆبزاوە، لە بەردێکی شێوە لاکێشەیی پێکهاتووە و لەسەر بنچەیەک چەسپێندراوە، بە هەمان شێوە و جۆری هەڵکەنراوی بەردی کێلەشین، کە دوور نییە لە ناوچەکانی گۆلی ورمێوە هێندرابێت. هەردوو هەڵکەنراوەکەی تۆبزاوە و کێلەشین، هەڵکەنراوی یەک سەردەم نین، بەڵام تا ڕاددەیەکی زۆر هەردووکیان لەیەک دەچن. بەرزیی کێلی تۆبزاوە لە (1.16 م) پانییەکەی و (92 سم) و ئەستوورییەکەیشی (33 سم) ە. ئەم هەڵکەنراوەیە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە بە کێلە گەورە (گاور/ کافر) ناسراوە، کەوتبووە سەر ڕێگایەکی سەرەکی، کە دوور نییە ئەم ڕێگایە هەمان ڕێگا بووبێ، کە ئۆرارتییەکان بەکاریان هێنابێت، بۆ گەیشتن بە شاری موساسیری پایتەختی ئایینییان، کە مەڵبەندی خوداوەندی سەرەکیی ئۆراتییەکانی خالیدی بووە. هەندێ لە ڕۆژهەڵاتناسان سەردانی ئەم هەڵکەنراوەیان کردووە و توێژینەوەیان لەسەری کردووە، لەوانەش جەنەڕاڵ (وڵنسون 1841) و (مورگان 1849) .
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەم هەڵکەنراوە هەر بەهەمان شێوەی هەڵکەنراوی کێلەشین، لە هەردوو دیوەکەیدا دەقی نووسراو هەیە، دیوێکیان بە زمانی ئەکەدی (دیالێکتی ئاشووری) و دیوەکەی دیکەیش بە زمانی ئۆرارتی، ئەمەش بووەتە کار ئاسانییەک بۆ تێگەیشتن لە زمانی ئۆرارتی. مێژووی هەڵکەنراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشای ئۆرارتی (روسای یەکەم 714- 735 پێش زایین) . پێدەچێت هەڵکەنراوەکە لە ساڵی (715 پ.ز) درووست کرابێت، بە بۆنەی ئەوەی کە ڕووسا، بۆ هاوکاریی ئورزانای فەرمانڕەوای موساسیرەوە چووە و لە دەستی ئاشوورییەکان ئازادی کردووە و بۆ ماوەی 15 ڕۆژ لە موساسیر ماوەتەوە و ئاهەنگی گێڕاوە و قوربانیی پێشکەشی خوداوەندی نەتەوەی ئۆرارتی کردووە.
دەقی وەرگێڕدراوی هەڵکەنراوەکە: (ئورزانا پادشای شاری موساسیر، داوای کۆمەکی لە ڕووسا کرد، کوڕی پادشای خاڵدی ساردوری) بۆ پارێزگاریکردن لە ژیانی و قورتارکردنی لە دەستی ئاشوورییەکان و بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵیدا، فەرمانی کردووە بە بەهێزکردنی سوپاکە و دوعا و نزای خێری لە خوداوەندەکان کردووە، بۆ پادشای موساسیری ئورزانا. خوداوەندی خالیدی نزای پاڵپشتیکردنی ڕووسای قبووڵ کردووە، ڕووساش هاوپەیمانیی لەگەڵ ئورزانا قبووڵ کردووە و وەک پاشای موساسیری دایناوە و لەو ساڵەدا پاڵپشتیی کردووە، لەوکاتەدا ڕووسا لە موساسیری وەستاوە و هاوپەیمانیی ڕاست و دڵسۆز و پاکی لەگەڵ پادشای خالیدی ڕووسا بەستووە و قوربانی و کەلوپەلی کانزایی پێشەکەشی خوداوەندی خالیدی کردووە.
ڕووسا پەرستگایەکی بۆ خوداوەندی خالیدی لە موساسیر درووست کردووە و ئۆرزانا لەگەڵ سوپاکەی لەلای دەروازەی پەرستگاکە وەستاوە و هەموو ئەو هێزەی کە هەیبووە، داویەتی بە پاشا ڕووسا و خوداوەندی خالیدی فەرمانی کردووە بە هێرشکردن، ڕووساش بەناو شاخەکانی وڵاتی ئاشووردا ڕۆیشت و کۆتایی هێنا بە سەرجەم هێزەکانی بەرگریکاری ئاشوورییەکان لە شاخەکانی موساسیردا. پێشکەشکردنی قوربانی و ئاهەنگ گێڕان لە وڵاتی موساسیر بۆ ماوەی 15 ڕۆژ و چەسپاندنی فەرمانڕەوای ئورزانا و پاراستنی ژیان بەردەوام بووە.
لەدواییدا ڕووسا گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی، نووسینەکەشی بەم چەمکە کۆتایی پێ هێناوە: (من ڕووسا، خزمەتکاری خوداوەندی خالیدی، شوانێکی دڵسۆز بۆ خەڵک، سەرکەوتنم بەدەست هێناوە بۆ هاوکاریی خوداوەندی خالیدی و سوپاکەم کە ترس نازانن، دژی داگیرکەران سەر کەوتن. خوداوەند خالیدی هێز و سەروەریی پێ بەخشیوم، تا بتوانم ساڵانی فەرمانڕەواییم بەخۆشی و پتەوکردنی وڵاتی ئۆرارتۆ و بە بەش بەشکردنی وڵاتی شەڕانگێز بەسەر بەرم. خوداوەندەکان ڕۆژانی خۆشیان زۆر کردم و خۆشییان بۆم نزیک کردەوە و لە دڵمیاندا بڵاویان کردەوە، دوای سەرکەوتنێکی تەواو و جێگیرکردنی ئاشتی، دڵنیایی پێ بەخشیم. هەرکەسێک ئەم هەڵکەنراوە دەسڕێتەوە، یان تێکی دەدات و ئەو کارانە دەکات، ئەوا خوداوەندی خالید و ئەدەد و شەمس، هەموو خوداوەندەکان ڕەچەڵەکی لەناو دەبەن و نەوەکانی تەفروتونا دەکەن) . ئەمەش بە مەبەستی ئەوە بووە، کە کەس زیان بە کێلەکە و نووسراوی هەڵکەنراوی نەگەیەنێت.[1]