$ئەو خوشک و برایەی ویستیان بەغدا بهەژێنن$
#کاوە ئەمین#
#02-02-2022#
چیرۆک و بەسەرهاتە تراژیدییەکانی نەوەکانی پێش راپەڕین، هێشتا تینووی گێڕانەوەن، ئاخر هەر گەرەکێک لە هەر شارێکی کوردستان بگریت، بەشی خۆی لەو چیرۆکە نەگێڕدراوانەی پەنهان کردووە کە بە تێپەڕبوونی کات تێکەڵی لەبیرچوونەوە و فەوتان دەبن. بەسەرهاتی ئەو خەباتکارانەی کە بوونە مۆم بۆ دڕدان بە شەوەزنگی داگیرکاری، دەبوو بکرانەیە وانە و لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێن بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا بیانپارێزین، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوومان بزانن داگیرکەر چی بەسەر وڵات، خاک، باب و باپیرانیاندا هێناوە.
دەڤەری بادینان بەگشتی و شاری #دهۆک# بەتایبەتی چەندین بابەت و چیرۆکیان لەنێو خۆیاندا هەڵگرتووە کە دەیانبیستیت هەندێک جار مرۆڤ بڕوا بە گوێیەکانی خۆی ناکات، وادەزانێت لە گوێ ئاگردانێکدا دانیشتوویت و داپیرە بەدەم سەرخوراندنەوە باسی ئەفسانەیەکت بۆ دەکات.
فەوزییە ژنێکی کوردستانە کە بەدەست ئازاری پشت ئێشەوە دەناڵێنێت، زووزوو باسی ئەو برغوانە دەکات کە بڕبڕەکانی پشتیان بە یەکەوە بەستووەتەوە، باسی سەردەمێکی شکۆمەندی دەکات کە چۆن وەک ئافرەتێک لە تەمەنی لاوێتیدا دەیەوێت ببێتە یەک پارچە ئاگر و پایتەختی دەوڵەتی داگیرکاری ئێراق بهەژێنێت.
هێشتا زۆر بەسەر نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولدا تێنەپەڕیبوو، براگەورەکەی فەوزیە، عەبدولڕەحمان حەمدی دەیخزێنێتە نێو ڕێکخستنەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ەوە، بەڵام ئەمجارەیان نایەنەوێت چالاکییەک بکەن کە تەنیا گوندەکانی کوردستانی پێوە بسووتێت، بەڵکوو چاویان لە بەغدا و موسڵە. خوشک و برا ڕێکدەکەون کە گواستنەوەی تەقەمەنی و دەمانچە لە کوردستانەوە بۆ بەغدا بە فەوزییە بسپێردرێت، ئاخر بە حوکمی ئەوەی ئەو ژنە و بەخۆی و جلە کوردییەکانی و عەباکەیەوە کەمتر چاوی دوژمنی لەسەر دەبێت، تەقاندنەوە و بە سزا گەیاندنی پیاوەکانی بەعسیش بە برا گەورە دەسپێردرێت. کاروانی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی چەندین جار لە دهۆکەوە بۆ بەغدا بەردەوام دەبێت، چەند چالاکییەکی شۆڕشگڕانە ئەنجامدەدەن، بەشێوەیەک بەغدا دەهەژێنن کە پیاوەکانی بەعس ئاقڵیان بۆ ئەوە ناچێت خوشک و برایەکی کورد لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانەوە وا خەریکن بەغدا دەهەژێنن. ساڵی 1977ە، بۆیە پیاوەکانی بەعس خەیاڵیان بۆ ڕێکخراوێکی دەرەکی دەچێت، ڕێکخراوێکی وەکوو (موساد) ی ئیسرائیلی یان ئێران، تەنانەت دەگاتە ئەوەی تارق عەزیز لێدوان بدات و موساد تاوانبار بکات بە تەقینەوەکانی ناو بەغدا، بۆیە پیاوەکانی بەعس چاوێکیان دەکەنە دە چاو.
ڕۆژێک فەوزییە بۆ کڕینی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان ڕوو لە بازاڕە قەرەباڵخەکانی بەغدا دەکات، عەبدولڕەحمانیش لە ژوورە هەژارانەکەیاندا ئامادەکاری بۆ چالاکییەکی نوێ دەکات، بێئاگا لەوەی کە چواردەوری ئەو ماڵەی تێیدان بە پیاوانی ئەمن و موخابەراتی ئێراقی گیراوە، کاتێک سووسەی ئەوە دەکات کە چواردەوری گیراوە و تازە کار لە کار ترزاوە، عەبدولڕەحمان بۆ ئەوەی بەزیندوویی نەکەوێتە دەستی پیاوانی بەعسەوە، چەند تەقەمەنییەک بەخۆیدا دەتەقێنێتەوە و خۆی شەهید دەکات، بۆیە پیاوەکانی بەعس زارەترەک دەبن و بە ئازایەتی ئەو کوردە کۆڵندەرە دەحەپەسێن، هەموو کۆڵانەکە دەخنە ژێر چاودێرییەکی وردەوە. فەوزییە بێئاگا لەوەی کە براکەی شەهیدبووە و پیاوەکانی بەعس گەمارۆی کۆڵانەکەیان داوە، دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، بۆیە بەگەیشتنی پیاوەکانی بەعس ئامبازی دەبن و دەیڕفێنن بۆ ئەمنی گشتی بەغدا. ماوەی سێ ڕۆژ دەیخەنە ژێر ئەشکەنجەیەکی قوورسەوە، بەڵام ناتوانن بچووکترین سەرەداوی پێ ئاشکرا بکەن، ناچار جەستەی پارچەپارچە بووی براکەی نیشاندەدەن، بەڵام لاشەکەی وا شێواوە کە بە ئاستەم بەهۆی نیشانەیەکەوە دەیناسێتەوە، بەڵام بڕیارێکە و داویەتی یان دەبێت وەکوو براکەی شەهیدبێت یان دەبێت هەموو نهێنییەکان بەنهێنی بهێڵێتەوە. دوای ئەوەی کە لێی بێ هیوا دەبن و لەبەرئەوەی هێشتا تەمەنی نەببووە هەژدە ساڵ، دوای چەند مانگێک لە ئەشکەنجەدان، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەکەنە زیندانی هەتاهەتایی، بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی درکاندبێت یان هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە بێت.
ماوەی چەند مانگێک کەسوکاری ئاگایان لە فەوزییە نابێت تاوەکوو دواجار لە ڕێگەی چوار ژنی کوردەوە کە ئەوانیش بەهۆکاری سیاسی حوکم دراون، نامەیەک بۆ ماڵەوەیان دەنووسێت و ئاشکرا دەبێت کە لە یەکێک لە زیندانەکاندا گیراوە.
کاتێک سەدام لە ساڵی 1979 دا دەبێتە سەرۆک کۆمار، فەوزیە و دەیان زیندانی سیاسی دیکە بەر لێبووردنە گشتییەکەی دەکەون و ئازاد دەکرێن. لەنێو زیندانی ژناندا تەنیا ئەو پێنج ژنە کوردە بە تۆمەتی کاری سیاسی گیراون، هەموو ئەو ژنانەی دیکە لەسەر کاری دیکە زیندانی کراون، ئەوان دەزانن کە فەوزییە بۆچی گیراوە بۆیە وەکوو تانە لێدانێک ناوی “دایکە قومبەلەی” بەسەردا دەبڕن، کاتێکیش ئازاد دەکرێت ژنەکان نارەزایی دەردەبڕن کە چۆن دەبێت “دایکی قومبەلە” ئازاد بکرێت، دوای ئازادبوونیشی فەزییە دیسان درێژە بە کاری ڕێکخستن دەدات. ساڵی 1984 برا تاقانەکەی کە پیشمەرگە دەبێت، لە شەڕی داگیرکەراندا شەهید دەبێت، ئیدی فەوزییە و خوشکەکەی جێگەی براکانی دەگرنەوە و بەڵێن دەدەن کارە تەواونەکراوەکانی براکانیان تەواو بکەن و درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان لەنێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دا دەدەن.
فەوزییە کە دەکرێت ناوی لەیلا قاسمی بادینانی لێ بنرێت، ئێستا لە دهۆک لەگەڵ منداڵ و هاوژینەکەیدا دەژیت. کاتێک لێم پرسی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپای خەبات و ماندووبوونتان هیچیان بۆ کردوون؟
لە چاوەکانیدا کەمێک هەست بە تووڕەبوون لەو پرسیارەی لێمکرد دیاربوو و دەڵێت: بۆچی ئێمە لەپێناو پاداشتدا خەباتمان کردووە، مەگەر نرخی ئەو ئازادییەی بەدەستمان هێناوە، بە هەموو پارەی دنیا دەقەبڵێندرێت؟
$وێنەی فەوزییە حەمدی و عەبدولڕەحمان حەمدی$
$بڕوانە فایلی پەیوەندیدار$
[1]