ناونیشانی بابەت: مەبەست لە خوێندنی سەرهێڵ چییە؟
ئامادەکردن: #لائیق حەمە#
مێتۆدەکانی فێرکردن فراوان و بەگشتی قسەی زۆر هەڵدەگرن و شارەزایانی بوارەکەش پێیان وایە، کە ئەگەر باسی تەکنۆلۆجیاش بکرێ لەگەڵی، دەبێ بزانین لە چ چوارچێوەیەکی فیکریدا قسەی لەسەر دەکەین. ئەگەر ئاگادارنەبین، تەنیا ئەنجامدان دەمانکاتە چالاکێکی بێمێشک و تەنیا بیرکردنەوەش بێکردارمان دەکات. بەم کوورتە پێشەکییە ئاسانترە کە بتوانم قسە لەسەر لایەنە ئاسانەکەی بکەم ئەویش پێداویستی بوونی خوێندنی سەرهێڵە -ئۆنڵاین- بۆ کۆمەڵگە پێشکەوتوو و دواکەوتووەکانیش.
=KTML_Bold=مەبەست لە خوێندنی سەرهێڵ چییە؟=KTML_End=
بە پێناسایەکی کوورت بریتییە لە جێگرتنەوەی چونە پۆل یان موحازەرەیەکی زانکۆ بەوەی لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە قوتابی یان فێرخواز هەمان زانست وەربگرێ کە لە مامۆستایەکی وەردەگرێ بێئەوەی ڕووبەڕوو یەکتر ببینن. گرنگە ئاوا پێناسەی بکەین چونکە لە سەردەمی پێش پەتایەکی وەک کۆرۆنادا خوێندنی سەرهێڵ زیاتر بریتی بوو لە MOOC یان ئەو کۆرسانەی کە زۆرجار بەخۆڕایی و کراوە بوون بۆ هەموو کەسێک کە بتوانێ سوودیان لێ وەرگرێت. هەروا ئەو کۆرسانەش کە بۆ بەهێزکردن یان فێرکردنی بوارێکی تایبەت بەکاردێن و بەکاردەهاتن. لێرەدا مەبەست لە جێگرتنەوەی خوێندنی ناو هۆڵێلکە بە فێربوونی سەرهێڵ کە پێداویستی پەتایەکی وەک کۆرۆنا هێناویەتییە کایەوە. بەمەش کۆتایی نایەت، شارەزایان دەڵێن دەبێ نزیک 80٪ی فێرکردنەکە سەرهێڵ بێت ئەنجا بە “سەرهێڵ” دادەنرێت (=KTML_Bold=بڕوانە خشتەکە بە ئینگلیزی لە فایلی پەیوەندیدار=KTML_End=) .
لە ڕوە تەکنیکییەکەیەوە گرنگە لەلام شتێکی تر بنووسم لەو تێگەیشتنەی لای زۆر کەس درووستبوە. خوێندنی سەرهێڵ بریتی نییە لە گوێگرتن لە مامۆستاکە لە پرۆگرامی زووم یان ڤیدیۆیەکی سەر یوتیوب. بەڵێ دەکرێ ئەوە بەشێکی سەرەکی فێرکردنەکە بێ، ئەوە خوێندنی تەقلیدی هەندێ وڵاتە وا دەکات مامۆستا چەقی فێربوون بێت. دەنا لە مێتۆدێکی وەک مۆنتەسۆریدا، منداڵ سەرچاوەی فێربوونە و مامۆستا تەنیا هانی حەزە زیندوەکانی منداڵ دەدات بۆ فێربوون، کە بوارێکی یەکجار فراوانە و مەبەست ئەمە نییە. بەڵکوو مەبەست ئەوەی کە تەکنۆلۆجیا بۆ ئەوە بەکاربهێنرێ، بۆ نموونە مامۆستایەک یان مامۆستایەکی زانکۆ سەختە بتوانێ حەزی فێربوونی فێرخوازێک تێر بکات، لە کاتێکدا هەبوونی زۆربەی هەرەزۆری زانیاری مرۆڤ دەکرێ لەم تۆڕە فراوانەی ئینتەرنێتدا نەک تێنوێتیی حەزەکەی بشکێنێ، بەڵکوو بیگەیەنێتە ئاستێک کە هیچ مامۆستایەک نەتوانێت بیریشی لێ بکاتەوە. لەمەشدا سیستمە جیاوازەکانی فێربوونی سەرهێڵ Learning Management Systems ئەو ڕۆڵە گرنگە دەبینن کە لە وڵاتانی ئێمە و هەتا وڵاتە پێشکەوتووەکان خۆشیان نوێیە و پەتایەکی وەک کۆرۆنا وای کردووە بەم گەرمییە بکەوینە باسکردنی.
=KTML_Bold=کاردانەوەکان:=KTML_End=
لەبەر ئەوەی بابەتەکە بە کوردی دەنووسم ناچارم باسی دۆخی هەرێمێکی بچووکی وەک هەرێمی کوردستانی ئێراق بکەم دەنا قسەکردن لەسەر بوارەکە یەکجار فراوانتر و ئاسانترە. لەو ڕوەشەوە ناچارین هێما بۆ ئەوە بکەین کە ڕوون نییە ئایا خوێندنی باڵا لە سەرەتای مانگی ئایار -ئەگەر ڕێککارییەکان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەڵنەگیرێن- بەڕاستی دەست بە خوێندنی سەرهێڵ دەکەن؟ وڵاتە جیاوازەکان جیاواز ڕووبەڕووی قەیرانەکە بوونەتەوە. بۆ نموونە زۆربەی هەرە زۆری زانکۆکانی بەریتانیا خوێندنیان گواستەوە سەرهێڵ لە کاتێکی یەکجار کەمدا. زانکۆی لیدس یەکێکە لەو زانکۆیانەی کە لە نزیکەوە ئاگادارم کارەکان چۆن گوازرانەوە و وانەکان چۆن ئامادە دەکرێن. هەروا قوتابخانە ئاسایییەکانی بەریتانیاش بە هەمان شێوە کە هەتا قوتابخانە سەرەتایییەکانی بەریتانیا گوازراونەتەوە سەرهێڵ و قوتابی پۆلی سێی سەرەتایی لەگەڵ مامۆستاکەی ڕۆژانە خەریکە. ئەمە لە ئاست قوتابخانەیەکی سادە نەوەک قوتابخانە ئاست بەرزەکان یان قوتابخانە تایبەتەکان کە بەدڵنیایییەوە توانای زیاتریان هەیە. وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی بەریتانی خۆشی لیستی کۆمەڵێک ماڵپەڕی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ماڵەوە قوتابییان بەردەوام بن لە فێربوون. قوتابخانە هەرە نایابەکانی دنیا کە جێگای پەروەردەکردنی سەرۆک وەزیران و شازادەکانی بەریتانیان وەک ئیتن کۆلێج، کۆرسی خۆڕاییشیان ڕاگەیاندوە بۆ قوتابخانە ناوەندییەکانی تر. ئەمە لە کاتێکدایە هەردوو تاقیکردنەوەکانی GCSE با بڵێین پۆلی 9 و هەروا A-Levelیش واتە پۆلی 12 ئەنجام نادرێن بەڵام خوێندن بەردەوامە لە سەرهێڵ.
لە وڵاتێکی زەبەلاحی وەک چیندا کە دەگوترێ 270 ملیۆن خوێندکاری هەیە و نزیک 20 ملیۆن مامۆستا و کادری زانکۆی هەیە [4] گواستنەوە سەرهێڵ کارێکی ئاسان نییە. هۆکارەکەی تریش ئەوەیە کە چین وڵاتێکی تاک-حیزبی فەرمانڕەوایە و زۆربەی هەرە زۆری بڕیارەکان ناوەندییە و دەبێ لەسەرەوە بڕیارەکە بدرێ تا خوارەوە بتوانن جێبەجێی بکەن. بۆیە شارەزایان دەڵێن کە زۆر ڕێگای جیاواز بەکارهاتوون تا زانکۆ و قوتابخانەکانی چین بەردەەوام بن لە خوێندن لەو جێگایانەی کە هاتوچۆ تێیاندا وەستاوە بۆ ڕێگری لە پەتاکە. لەوانەش پەخشی تەلەڤزیۆن و ڕێگای تری جیاواز هەموو لەژێر بانگەشەی فراوانی وەزارەتی خوێندنی چین بە ناوی “پۆل داخراوە بەڵام وانە بەردەوامە” هەڵمەتەکەی بەرەو ئەوە دەچێت کە زەبەلاحەکانی بواری تەکنۆلۆجیا وەک ئەلیبابا و چەندینی تر هاریکار بن لەوەی کە گەورەترین گواستنەوە بۆ سەرهێڵ لە چیندا ئەنجامبدرێ.
=KTML_Bold=چی ڕێگرە 100٪ سەرهێڵ بین؟=KTML_End=
بە بڕوای من هەبوونی ئینتەرنێت کێشە سەرەکییەکە نییە. وەک کەسێک کە لە 2000ەکان و سەرەتای درووستبوونی پەیوەندی تەلەفۆنی لە سیمکارتە گرانەکانی ئاسیا و هەروەها سەنتەرەکانی تەلەفۆن ئاگادارم کەوا ئەمە نابێتە کێشەی گەورە، واتە کەمینەیەک دەبن کێشەی بەردەوامیان دەبێت. بەڵام هەموو دەتوانن لە کاتی جیاوازدا دەستیان بگات ئینتەرنێت و بە ئامێری هەرزانیش. دیسان ساڵانێکی زۆرە لەسەر ئەوە دەنووسم کە ئامێری کۆمپیوتەری یەکجار هەرزان هەیە و بگرە هەرزانییەکەی وای کردووە ئێمەی کورد کەمتر بەکاریانبهێنین. کەوابێ نە هێڵی ئینتەرنێت نە ئامێری کۆمپیوتەریش بە بڕوای من ڕێگر نابن، سرووشتی کۆمەڵگەی کوردیش کە خەڵکانێکی زۆر ئامادەن هاریکاری یەکتر ببن، چ دراوسێ چ خزمایەتی و بوونی پەیوەەندی قایمی خێزان و گەڕەک ئەم ئاستەنگە کەمتردەکاتەوە یان نایهێڵیت.
دیسان بە بۆچوونی من، کە بەداخەوە داتا یان ڕاپرسییەکم ئەنجامنەداوە تا پشتی پێ ببەستم، گەورەترین ڕێگر بریتییە لە توانای مامۆستا و کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکەدا. بۆ نموونە لە هەوڵێکی بچووکی بەندەدا بۆ ئەوەی دەستی دامەزراوەیەک بگرم کە خوێندن بگوازنەوە سەرهێڵ، بینیم کێشەکە لە نەبوونی چارسەری گونجاودا نییە (نەرمەکاڵا یان سۆفتوێر مەبەستمە) ، بەڵکوو لە نەبوونی توانای مامۆستایاندایە کە ناتوانن ئەوەی پێویستە بۆ خۆڕاهێنان لە بەکارهێنانی سەرچاوە دیجیتاڵیەکاندا ئەنجامیبدەن تا بتوانن پێش قوتابییان و خوێندکاران بکەون. دەنا دڵنیام لەوەی لە قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایییەوە تا پۆلی 12ی ئامادەیی، هەلەکە یەکجار گەورەیە و ئەوان دەتوانن ئەو سەرچاوە دیجیتاڵییانەی پێویستە بۆ خوێندنی سەرهێڵ هەموو بە ئەوپەڕی تواناوە بەکاربهێنن. هەرچی زانکۆکانە دەبێ پێشەنگ بن لەمەدا، وەک ساڵانی پێشووش هانمان داون بەتایبەتی کاتێک یەکەمجار کۆرسە بەخۆڕایییەکانی زانکۆ گەورەکانی دنیا لە 2013دا دەرکەوتن، ئێستاش ئامادەین چاوساغییان بکەین و دەستیان بگرین.
لە کۆتاییدا، توێژینەوە هەن دەربارەی کواڵیتیی فێربوونی سەرهێڵ و ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە فێربوونی سەرهێڵ وەک دەرەوەی هێڵ سەرکەوتووە. هەندێک لە بوارە تایبەتەکانی وەک تەکنۆلۆجیای زانیاری خۆی دەبێ سەرهێڵ باشتر بێت. هەندێ بواری تریش بۆخۆی گوازراوەتەوە سەرهێڵ وەک ڕۆژنامەگەری و زۆر بواری تریش کە پێش ئەوەی ببنە پێداویستی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی تەواوی تەکنۆلۆجیایی زانیاری خۆیدا گوازراونەتەوە سەرهێڵ. هەروا دەتوانین بەئاسانی بڵێین 100٪ی بوارەکانی فێربوون لانی کەم 10٪یان ئێستا کارەکان دەبێ سەرهێڵ ئەنجامبدرێن. بۆ نموونە خودی وەرگرتنی خوێندکار لە هەرێمێکی وا بچکۆلەدا ئێستا سەرهێڵە (زانکۆلاین) . کەوابێ جگە لە ویستێکی بەهێزی سیاسی و کەمێ گەنجبوونەوەی مامۆستایان یبەڕێز چی ڕێگرە لەوەی خوێندن بەردەوام بێ لە کاتێدا پۆلەکان داخراون؟ [1]