ناونیشانی بابەت: مۆنۆمێنتی درەختی ئازادیی شەهیدانی سۆران
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
درەختی ئازادیی مۆنۆمێنتی شەهیدانی #سۆران#، لە پارکێکی بچووکی دەروازەی شاری سۆران درووست کراوە، بەڕێوەبەری شەهیدانی شارۆچکەی سۆرانیش دەڵێت: لەبەرنامەدایە خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە شوێن و مۆنۆمێنتەکە بکرێت.
عەبدولڕەزاق مەمەندی، دیزاینەری پڕۆژەی مۆنۆمێنتی درەختی ئازادیی شەهیدانی سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: لەسەر بیرۆکەی کرمانج عزەت، کە ئەوەکات قایمقامی شارۆچکەی سۆران بوو، داوای کرد درەختێک وەک مۆنۆمێنتی شەهیدان لە دەروازەی شاری سۆران درووست بکرێت و لەسەر گەڵاکانییدا ناوی شەهیدان تۆمار بکرێت، دوای ئەنجامدانی ڕێکارەکان و دەستنیشانکردنی شوێنێک لەلایەن شارەوانیی سۆران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە، لە پارکێکی بچووکی بەردەم هۆڵی بۆنەکانی سۆران، دەست کرا بە درووستکردنی مۆنۆمێنتەکە.
ئاشکراشی دەکات: دوای ئامادەکارییەکان، خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارێکی سنوورەکە بەناوی (عەبدلواحید مەلەکی) تێچووی مۆنۆمێنتەکەی گرتە ئەستۆی خۆی، لەسەرەتاوە دەوروبەری 15 هەزار دۆلاری بۆ تەرخان کرد، بەڵام پێویستی بە تێچووی زیاتر بوو، بۆیە بڕە پارەیەکی زیاتری بۆ تەرخان کرد و دەست کرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.“
لای خۆیەوە ئەشقی مەلا، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی شارۆچکەی سۆران، بە (باسکورد) ی گوت: مەبەست لە درووستکردنی مۆنۆمێنتی درەختی ئازادیی شەهیدانی سۆران، زیاتر وەک ڕێزگرتنێک بوو بۆ خوێنی پیرۆزی شەهیدان، بەمەش دوای درووستکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ناوی زیاتر لە 134 شەهیدی شەڕی داعش، کە لە سنووری شارۆچکە و شارەدێکانی ئیدارەی سۆران شەهید ببوون، لەسەر گەڵاکانی نووسراوە، جگەلەوەش، لە پارکێکی بچووکی بەردەم هۆڵی بۆنەکانی سۆران داندرا و سیمایەکی شارستانی بە شوێنەکە بەخشی.
بەڕێوەبەری شەهیدانی شارۆچکەی سۆران، دەشڵێت: بەپێی زانیارییەکانمان، ئێستا لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کار لەسەر پێشەکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە شوێنی مۆنۆمێنتەکە دەکرێت، ئەمەش بە گرنگ و پێویستی دەزانین، وەک ڕێزێک بۆ شەهید و قوربانییان و سیمایەکی جوانتریش بە شوێنەکە دەدا.“ [1]