گەلێک چەپڵە بۆ دوژمنەکانی لێدەدات ماڵئاوا پەڕڵەمانی کوردستان
د.#کامەران مەنتک#
#04-06-2023#
بەشی یەکەم
دۆخی هەرێم گەیشتۆتە ئاستێک. کە زۆر کەم بەشێوەیەکی ئەقڵانی سەیری ڕووداوەکان دەکرێت، میدیا ڕۆڵێکی ترسناک لەو ململانێیە ناتەندرووستەدا دەگێڕێت، کە لەنێوان بەناو ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەگوزەرێک، دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنێک. کە هەردوولایان تا سەر ئێسقان کەوتوونەتە ناو زەلکاوی خیانەت، دەسەڵات سی ساڵە، جگە لە دادۆشین و بەکارهێنانی هەرێم بۆ دوژمنانی کورد و لێدان لەمەسەلەی نەتەوایەتی کوردی، هیچ شتێکی تری لێبەرهەم نەهاتووە، ئۆپۆزسیۆنێکی بێبەرنامە و هەلپەرستی واش، کە یاری بەگەڵاکانی هیوای خەڵکی تووڕەو بێئومێد دەکات ولەژێرەوەش قەدی دارەکە دەبڕێتەوە!
زۆر ئاشکرایە ، کە لە کۆتایی قۆناغێک و سەرەتای قۆناغێکی تر دەژین، هەردوو حیزبی سەرەکی کوردستان بەرانبەر خەڵک ڕیسوابووینەو لەناوەخۆشیاندا داهێزراون، ڕۆشنبیری کوردی بەدوای شەپۆلە میدییاییەکاندا کەوتووە و ناتوانێت بیر لەمەسەلە نیشتمانی و ستراتیژییەکان بکاتەوە، هەموو بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و سیاسی و کەلتوورییەکان چرووک کراون، خەڵکی کوردستان لە جیاتی چاوی لەوە بێت، لە ناوەخۆدا چارەسەر بۆ ئەو دۆخە بدۆزێتەوە، کە بێگومان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام تاکە ڕێگەی تەندرووستە، پەنا بۆ بەغدایەک دەبات، کە خۆی لەناو زەلکاوی گەندەڵێدا دەناڵێنێت، دەزگاکانی حکومەتی ئێراق لە ناوەخۆیاندا شەرعیەتیان نەماوە، کەچی سیاسەتمەدارە نەخوێندەوارەکانی کورد شەرعیەتی بۆ دەگەڕێننەوە و مەرجەعیەتی پێدەدەن، کڕنووشی بۆ دەبەن ودەیانەوێت شەرعیەت لەو وەربگرن، کاتێک مرۆڤ لەدەرەوەی کۆمەڵگەکەی بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێت وبێهیوا دەبێت، هیچ جیاوازییەکی نامێنێت، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارانەی، کە بەخیانەتی نیشتمانی تۆمەتباریان دەکات.
لە پەنای ئەو گەڕەلاوژە وهەست بە بەرپرسیاریەتی نەکردن و تێنەگەیشتن لە دۆخە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکە دا هەیە، دەوڵەتی قووڵ لە بەغدا خەریکی خۆڕێکخستنەوەیەوە و وردەوردە و بەهێمنی کار لەسەر بنکۆڵکردنی هەرێمی کوردستان دەکات، سەرەتا بە ڕاگرتنی نەوت ودواتریش بەداماڵێنی چەتری شەرعیەت لە پەڕڵەمان، کە ئەمانە، هەمووی هەنگاوی گەورەن بۆ هەڵتەکاندن وداڕماندنی هەرێمی کوردستان کار دەکات، کێشە لەوەدایە بەهۆی گەندەڵی وئئەو پاشخانە مێژووییەی دەسەڵاتدارانی کورد هەیانە، خەڵکی کوردستان پێشوازی لەم هەنگاوانە دەکات، کە بەپلەی یەکەم دژی ئەون! کەواتە لە هەموو کایەکان مەترسیدارتر، درووستبوونی ڕایەکی تا ڕادەیەکی زۆر گشتی لە کوردستان، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە ڕووخانی ئەو هەرێمە دەکات، کە خەونی ملیۆنان کوردی لەسەر بەندە ولە ماوەی یەک سەدەدا خوێنی گەنجەکانی کوردی بۆ کراوەتە قوربانی، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا ئەو خۆشحاڵییەشی تێپەڕاندووەو هەموو ئەوانەش بە قەومچی و .... هتد تاوانبار دەکات، کە وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی ونەتەوەیی سەیری هەرێم دەکەن.
هەندێک ڕاستی هەیە، کەس ناتوانێت درکی پێنەکات و نەیبینێت، ڕاستە پەڕڵەمانی کوردستان، لەرووی کردەییەوە ماوەیەکی زۆرە شەرعییەتی لەدەستداوە، نەک پەڕڵەمان، بگرە قەزاو حکومەت و هەموو دەزگاکانی تری هەرێم بەشێوەیەکی زۆر خراپ لەلایەن دوو حیزبی دەسەڵاتدار لەلایەک و بێدەنگی هێزەکانی تر لەلایەکی تر، کە وەکوو خەڵک جگە لەگلەیی و هاتوهاوار هیچیان لەدەست نایەت و وەک دەڵێن لە هەورازان دەڕوانن ولەنشێوانیش لێی دەخۆن، دەزگا فەرمییەکانی هەرێمیان لە دەزگایەتی نیشتمانی کردۆتە دەزگایەک. کە جگە لەبەرژەوەدییەکانی خۆیان بیر لە هیچی تر ناکاتەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەو دەزگایانە دەزگای نەتەوەین وخەڵک دەبێت جیاوازی بکات لەنێوان خودی ئەو دەزگایانەو ئەو هێزانەی ئەو دەزگایانە بەڕێوە دەبەن، دەبێت بیر لە گۆڕینی هێزەکان و پاراستنی دەزگاکان بکرێتەوە، نەک بیر لە وێرانکردنی هەردوولا بکرێتەوە، چونکە جیاوازییەکی گەورەیان لەنێواندا هەیە، ڕاستە ئێستا پەڕڵەمان، کە (نەما) و حکومەت بەدەستی یەکێتی و پارتییەوە، بەڵام ئەو دوو هێزە خاوەنی پەڕڵەمان وحکومەت نین، پەڕڵەمان وحکومەت لە بنەڕەتدا موڵکی خەڵکی کوردستانە! هەموو میللەتێک لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا وەک زەرورەت دەبێت سیستەمی سیاسی خۆی بگۆڕێت، بەڵام هیچ میللەتێک بیر لە ڕووخاندنی قەوارەی سیاسی خۆی و ڕاکێشانی دەستی دۆستانی ڕوکەش و دوژمنانی ئیسقان شکێن ناکاتەوە!.
دەبێت لەو فەوزایە سیاسی ومیدیاییەدا لەجیاتی ئەوەی خۆمان ببینە داردەستێک بۆ ئەوەی دوارۆژی خۆمان بسووتێنین، لە بنەمای کێشەکان تێبگەین، نابێت خەڵکی ئێمە دڵی بەو بچووک بوونەوە و شکستانەی هەرێم خۆش بێت، چونکە وەک ئاماژەی پێکرا، زەرەرمەندی یەکەم لەمەدا خەڵکی کوردستانە، وەک هەموو جووڵانەوە چەکدارییەکانی تر، بەرپرسەکانی ئەو دوو حیزبە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و هێندەیان سامانی ئەو وڵاتە دزیوە، کەبەشی نەک دەیان بگرە سەدان نەوەی دوای خۆشیان دەکات، کە لەهەرشوێنێکی دنیا بێت پاشایانە بژین، ئەوەی دەکەوێتەوە تەنگەتاوی وبندەستی، ئەوە خەڵکی کوردستانە، کە ئێستا هەموو کێشە نیشتمانییەکانی لە هاتن و نەهاتنی مووچە دا کوورت کردۆتەوە!.[1]