تیرۆری (خواناس) ئاوا دەبینم
هۆمەر عومەر
#26-06-2023#
لە ئێستادا سەلەفیەت بەتایبەتی و ئیخوان بەگشتی ئەرکدارن بەوەی کلتوری کوردی سوک و قێزەون بکەن و کلتوری عەرەبی و تورکی بەسەردا بسەپێنن.
چونکە ئەوەی هەتا ئێستا کوردی بەپێوە هێشتووەتەوە شوناسە کلتوریەکەیەتی، بەواتایەکی تر ئەوەی کوردی لەفەوتان پاراستووە هێزی چەکدارنییە بەڵکوو کلتورە، زمان و جلوبەرگ و داب ونەریت و ئەدەب و هونەریش یەکێکە لەرەگەزە گرنگەکانی شوناسی کلتوری کوردی. بۆیە دەیانەوێ ئەو ئامرازە لەکورد بسەننەوە.
یاخود تەواو بێهێزی بکەن. هەرهیچ نەبێت سوکی بکەن. بۆیە من ناتوانم تیرۆرکردنی خواناس بە هەڵچونی گەنجێکی توندرەوی ئیسلامی ببینم. بەڵکوو بەتیرۆرێکی ئامانجداری دەزانم لە زەمینەیەکی ڕەخساودا. بەڵام کە هەندێک دەیانەوێ دۆسێکە وانیشانی ڕای گشتی بدەن گوایە لەئەنجامی کوفرەوە بووە، ئامانجیان دیزە بەدەرخۆنە کردنە. دەنا کوشتنی (خواناس) کوشتنی تاکە کەسێک نییە، بەڵکوو هێرشەکە بۆسەر داهێنەرێکی هونەرە و ئامانجەکەش تۆقاندنی هونەرمەندانی کوردە!
وەرن دیقەت بدەن بۆئەم ئەرکە چۆن زەمینەسازی دەکرێ و چۆن ئایینی ئیسلام بەکاردێنن ؟ لەکوێوە دەستیان پێکردووە: (نوێژ بەدشداشەوە، چون بۆ جەماعەت بەدشداشەو نەعالەوە) وەک بڵێی نوێژ بەشەرواڵ و جامانەوە قبووڵ نەبێت ؟! زاڵکردنی زمانی عەرەبی بەبیانوی ئەوەی قورئانی پێنووسراوەتەوە ؟ هەموو بیرمانە کە گۆرینی ناوی کوردی کچان و کوڕان یەکێک بوو لەهەوڵی ئیسلامییەکان لە کوردییەوە بۆ ناوی عەرەبی بۆ نموونە (کاروان و ئازاد بۆ ئوسامەو نبیل و ئاوازو گوڵزار بۆ فاتمەو شەیما) بەبیانوی ئەوەی ناوی کوردی جائیز نییەو ناوە عەرەبییەکان ناوی پیرۆزن) سوککردنی زمانی کوردی هونەری کوردی نووسەری کورد و هەموو جوانییەکی کورد. بەپلان بەڕێوە دەچێ.
بزانن جلی کوردی ژنان خۆ ڕووت نییە ئەی بۆچی جائیز نییە ؟ لەبەرئەوەی پڕە لەرەنگ و گوڵ و زەوق .. حەرام کردنی جلی کوردی هیچ پەیوەندییەکی بەئایینەوە نییە بەڵکوو ئامانجێکی سیاسیەو ئایین کراوەتە ئامرازی ئەو سیاسەتە.
کوشتنی شانۆکارو هونەرمەندێک دەچێتە خانەی تیرۆری سیاسییەوەو بەپلەی یەکەمیش دەسەڵاتداران لێ بەرپرسیارن و تۆمەتباری یەکەمیش بانگخوازەتوندرەفتارەکانن.[1]