#ڕێبوار جەمال سەگرمە# شارەزای بواری فۆلکلۆر و کلتوری کوردی دەڵێت: لە دوای تێکچوونی فیدراسیۆنی ماد تا ئێستا شەڕ لە دژی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت بەڵام بە هێزی ڕەگ و ڕیشەی ئەو گەلە پێشی لە توانەوەی گرتووە.
یەکێک لە ڕێبازەکانی شەڕی تایبەت بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی کورد لەلایەن داگیرکەرانەوە شەڕی لەناوبردنی کلتورە لە ڕێگەی هێرشی کلتوری و فەرهەنگی، مامۆستا ڕێبوار جەمال سەرگرمە کە ماوەی 25 ساڵە کار دەکات لە بواری کلتور و ئەرشیفکردن، هاوکات ناوبراو خاوەنی 10 پەڕتووک و دەیان لێکۆڵینەوەی تایبەتە لەو بوارە. دەربارەی ئەو هێرشانەی کە لەسەر گەلی کورد هەیە لە بواری فەرهەنگی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
=KTML_Bold=لە تێکچونی فیدراسیۆنی ماد تا #داعش# شەڕ لە کوردستان ڕانەوەستاوە=KTML_End=
ڕێبوار جەمال سەرگرمە لە سەرەتای قسەکانی سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕەگ و ڕیشەی گەلی کورد و ئەو هێرشە کلتوریانەی کە لەسەر ئەو گەلەیە، بەم شێوەیە نرخاندنی کرد: کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە گەلە دێرینەکانی ناوچەکە، بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان کە ئاماژەیان پێداوە، لە سەردەمی سۆمەر و ئاشورەوە کە دەکاتە نزیکەی چوار هەزار و 200 ساڵ پێش زاین لەم ناوچەیە شەڕ هەیە، بە هیچ جۆرێک ئەو جەنگە ڕانەوەستاوە، واتا لە جەنگی ئاشور تا دەگاتە ئەنفال و داعش ئەو ئاگری شەڕە درێژەی هەیە، جەنگێکە بەرانبەر هەموو کلتور و فەرهەنگی کورد، لەو جەنگەش ئامانجیان ئەوەیە کورد لە کلتور و فەرهەنگی خۆی دابماڵن، بەڵام ئەوە ڕاستییەکە تەنیا گەل کە تاکوو ئێستا بەرانبەر داگیرکاری و توانەوە بەرخۆدان دەکات و لە چیاکان چەکی بەشانەوەیە ئەوە گەلی کوردە.
هاوکات دەربارەی هۆکاری هێرشی کلتوری و داگیرکاری بۆ سەر گەلی کورد ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای تێکشکانی کۆنفدراسیۆنی ماد داگیرکەران گەیشتنە ئەو ڕاستییەی کوردستان یان گەلی کورد تەنیا بە داگیرکاری خاک ناسڕێتەوە بەڵکوو هەنگاوێکی دیکەیان گرتە بەر ئەویش سڕینەوەی زمانە، بەڵام مێژووی داگیرکاری زمان و کلتور زیاتر لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو زیاتر چڕ بۆیەوە لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی ئەتاتورک و حافز ئەسەد لە هەر یەک لە دەوڵەتانی تورکیا و سووریا، ئەمەش هەنگاوێکی شکستخواردویی داگیرکەران بوو چونکە نەیان توانی ئامانجی خۆیان بپێکن.
=KTML_Bold=تێکشکاندنی گەلی زاگرۆسی ئاسان نییە=KTML_End=
ناوبراو تیشک دەخاتە سەر هۆکاری شکستی داگیرکەران لە سڕینەوەی کورد و بەم شێوەیە باسی پتەوی ڕەگ و ڕیشەی کورد و شکستی داگیرکەران دەکات: تا ئێستا هەموو داگیرکەران شکستیان خواردووە لە سڕینەوەی گەلی کورد، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کورد گەلێکی دێرینن و مێژووەکەیان لەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ دەیان هەزار ساڵ پێش زاین، کورد لە ناوچەکە خاوەن ژیار و بەڕێوبەرایەتییەکی بەهێزی خۆی بووە، ئەو ڕەگ و ڕیشە بەهێزە وایکردووە تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی زاگرۆسی (گەلی کورد) ئاسان نەبێت، بۆیە هەر سیستەمێک هاتبێت بۆ ئەوەی گەلی زاگرۆسی تێک بشکێنیت ئەوە تووشی شکستێکی گەورە بووە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەلی زاگرۆسی.
دەربارەی کاریگەرییەکانی هێرشی داگیرکاری لەسەر گەلی کورد بە تایبەتی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو ئەو شارەزایەی بواری زمان و کلتور وتی: ئەو کاریگەریە نەرێنیانەی هێرشەکان وایکردووە کە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا قەدەغە بکرێت، هاوکات قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی لە هەریەک لە باکوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و تا دەگاتە سڕینەوەی کلتوری پۆشینی جلی کوردی. لە ڕاستیدا ئەوان توانیویانە زۆر شتی گەلی کورد زەوت بکەن بەڵام ئەوەی تا ئێستا نەیتوانیوە زەوتی بکەن بیری کوردبوونە، ئەوەش خاڵە جەوهەریەکەیە.
=KTML_Bold=سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە خزمەتی داگیرکەرانەوە=KTML_End=
ئەو شارەزای بواری فەرهەنگ و کلتورە بێ هیوایی خۆی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارتە جیاوازەکانی ئەو حکومەتە نەشاردەوە و وتی: ئەوەی کە دەبوو بۆ گەلی کورد بیکەن نەیان کردووە، بەڵکوو بە شێوازێک لە شێوازەکان لە ڕێی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە چوونەتە خزمەتی سیاسەتی دەوڵەتە فاشیستەکانی وەک تورکیا، ئێران و سووریا. دەبێت لەبەرانبەر ئەو هێرشە فراوانەی مەکینەی ڕاگەیاندنی داگیرکەران لەسەر کلتورەکەمان ئێمەش بکەوینە ئەرشیفکردنی هەموو بوارەکانی کلتوری خۆمان کە تا ئێستا ماونەتەوە، چونکە هەر کەسێک کە دەمرێت بەشێک لە گەنجینەی کلتور لەگەڵ خۆی دەبات، بۆ ئەوەی کلتورمان نەچێتە ژێر خاکەوە دەبێت ئەرشیف و بەدۆکۆمێنتی بکەین و بیپارێزین. بەداخەوە تا ئێستا وەزارەتی ڕۆشنبیری نەهاتۆتە سەر خەت بۆ ئەرشیفکردن و پاراستنی کلتور بەڵکوو ئەوەی تا ئێستا کاری ئەرشیف دەکات کەسانی خۆبەخش و وڵاتپارێزن.
=KTML_Bold=پێویستە کاری ڕێکخراو و تاکەکەسییەکان بەرز بنرخێنن=KTML_End=
لە کۆتای قسەکانی سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو ڕێکخراو و گرووپانەی کە بەخۆبەخشی کاری ئەرشیفکردن ودۆکۆمێنتکردنی کلتوری کورد دەکەن، کارەکەیانی بەرز هەڵسەنگاند و سەرنجی ڕاکێشایە سەر ماڵپەری (#کوردیپێدیا#) -و وتی: ئەو ماڵپەرە زیاتر لە 500 هەزار بابەتی کلتوری و فەرهەنگی ئەرشیفکردووە بە شێوازێکی ئەکادیمی لە کاتێکدا ئەوە کاری وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری وێڕای ئەوەی خۆی کارەکە ناکات هاوکاری هیچ گرووپ و ڕێکخراوێکیش ناکات بۆ ئەو کارە.
ﮪ . ب.[1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=502314&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بینینی ڤیدیۆی ڕێپۆرتاژەکەی ڕێبوار جەمال سەگرمە: بەهێزیی ڕیشەی کورد ڕێگر بووە لە توانەوەی=KTML_Link_External_End=