لە شاری سلێمانی پێشانگای ژنانی ڕۆژاوا و باشوور کرایەوە.
#13-07-2023#
بە ناونیشانی پێشانگای دەنگە پڕ لە ڕەنگەکان، پێشانگای ژنانی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان کرایەوە کە دەیان تابلۆی ئازار و بەرخۆدانی ژنانی باشوور و ڕۆژاوای کوردستانی تێیدا نمایشکراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و نوێنەرایەتی باکوور و ڕۆژاوای سووریا، پێشانگای “دەنگە پڕ لە ڕەنگەکان”، لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە کرایەوە، کە بریتیبوون لە تابلۆی هونەری ژنانی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان.
هاوکات بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندانی وێنەکێش و نواندکار و نووسەرانی شاری سلێمانی ئامادەی پێشانگاکە بوون، بڕیارە پێشانگاکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت بەشێک لە ژنە هونەرمەندەکانی ڕۆژاوای کوردستان، لە پێشانگەکە دەبن و پێشوازی لە میوانانی پێشانگاکەیان دەکەن، تابلۆی ژنانی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، گوزارشتیان لە بەرخۆدانی ئازار و بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنانانیان دەکرد.
یارا حەسکۆ- هونەرمەند
یارا حەسکۆ، یەکێکە لە ژنە هونەرمەندەکانی ڕۆژاوای کوردستان، خەڵکی عەفرینەو لە دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە، لە قامیشلۆ ژیان دەکات، لە بارەی پێشانگاکەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وتی: هاتینە باشووری کوردستان و شاری سلێمانی، خەڵکی سلێمانی ئێمەیان لە باوشکرد و زۆر دڵخۆشبووین، 13 ژنی ڕۆژاوای کوردستان بەشداریان کردووە، هەر یەکێک لەو هونەرمەندانە خەڵکی شارە جیاوازەکانی ڕۆژاوای کوردستانن، خۆشحاڵین لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستان پێکەوە ئەم پێشانگایەمان کردووەتەوە.
لەوچوارچێوەیەدا نوورهین حسێن، یەکێکی دیکەیە لە ژنە بەشداربووەکانی پێشانگاکە، کە لە ڕۆژاوای کوردستانەوە بەشداری کردوووە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: یەکەمین جارە لەدەرەوەی ڕۆژاوای کوردستان وێنەکانمان بڵاو دەکەینەوە و نیشانیان دەدەین، کارە هونەرییەکانی من بە تایبەت لەسەرشۆڕشی ژنانی ڕۆژاوای کوردستان و دایکی شەهیدانە.[1]