ناونیشانی بابەت: باڵەک لە سەردەمی عوسمانییەکان بووە بە شارەدێ
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، چەند سەدەیەک لەمەوبەر، بۆ یەکەمینجار لە سەردەمی #عوسمانییەکان#، باڵەک کراوە بە شارەدێ، دواتریش ناوەکەی گۆڕاوە بۆ شارەدێی #گەڵاڵە# .
مێژووی کردنە شارەدێی باڵەک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان، کە زیاتر لە 500 ساڵ حوکمیان لە ناوچەکەدا گێڕاوە، ئەوکات شارەدێی باڵەک سەر بە ویلایەتی مووسڵ بووە، لە ساڵی 1890 شارەدێی باڵەک 60 گوندیش لەخۆ گرتبوو، کە بەڕێوەبەری شارەدێی باڵەک عەبدولڕەحمان ئەفەندی بووە و کاتبەکەیشی سدیق ئەفەندی بووە. لە ساڵی 1895 بەڕێوەبەری شارەدێ مەعروف ئاغا بووە، کاتبەکەیشی ئەمین ئەفەندی بووە، بەڵام کاتبی باج عەبدولغەنی بەگ بووە. لە ساڵی 1906 بەڕێوەبەری شارەدێ عەبدی ئەفەندی بووە و کاتبەکەیشی حاجی وەیسی ئەفەندی بووە، کاتبەکانی باج حاجی ئەلیاس ئەفەندی و تۆفیق ئەفەندی بوونە، لە ساڵی 1912 بەڕێوەبەری شارەدێ عەبدی ئەفەندی بووە، کاتب حاجی وەیسی ئەفەندی بووە، ئەسلیحداریش حیسامەددین ئەفەندی بووە، لە ساڵی 1923 و شۆڕشی ڕاپەڕینی ئێراق دژ بە ئینگلیز و حوکمی مەلەکی بۆ ئێراق، کە مەلیک فەیسەلی یەکەم هاتووەتە سەر دەسەڵات، تا ساڵی 1933 باڵەک بووەتە شارەدێی مەلەکی ئێراق، مەرکەزەکەیشی لەگەڵاڵە بووە، سەرەتا عەونی بووە بە بەڕێوەبەری شارەدێ، دوای ئەویش کەمال بەگ بووە بە بەڕێوەبەری شارەدێکە.
کاتێک لە ساڵی 1933 مەلیک غازی بووەتە مەلیکی ئێراق، تا ساڵی 1939 بەڕێوەبەری شارەدێی باڵەک شێخ نووری، خەڵکی #سلێمانی# بووە، دوای ئەوەش کەسانی عەرەب بوونەتە بەڕێوەبەر، هەروەها لە ساڵی 1939 عەبدولئیلا بووە بە وەسی لە شوێنی مەلیک، چونکە پێویست وابوو مەلیک فەیسەلی دووەم ببێتە مەلیک، بەڵام لەبەر تەمەنی بچووکی، عەبدولئیلای خاڵی بوو بە وەسیی ئێراق، ئەویش خایاندی تا تەمەنی بلووغی مەلیک فەیسەڵی دووەم. لە ساڵی 1953 مەلیک فەیسەڵ حوکمی مەلەکی لە ئێراقدا گێڕا، تا ساڵی 1958 و گۆڕانی حوکمی مەلەکی بۆ کۆماری، کە عەبدولکەریم قاسم بوو بە سەرکۆماری ئێراق، بەڵام لە ساڵی 1970 لەگەڵ بەیاننامەی 11ی ئازار، وشەی باڵەک وەک شارەدێ نامێنێ، گەڵاڵەش دەبێتە شارەدێیەکی سەربەخۆ، واتە شارەدێی گەڵاڵە. ئەو دەڤەرە لە ساڵی 1890 تا ساڵەکانی 1970 بە شارەدێی باڵەک ناوزەد کراوە و سەنتەری شارەدێش لەگەڵاڵە بووە، لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ناوەندی شارۆچکەی #ڕواندز# بووە و دواتریش خراوەتە سەر شارۆچکەی چۆمان.
شارەدێی گەڵاڵە دەکەوێتە سنووری باڵەکایەتی، سەربە شارۆچکەی چۆمانە، بەنزیکەیی 3 کلیۆمەتر لە #چۆمان#ەوە دوورە، لە ساڵی 1890 بووەتە شارەدێ، شارەدێیە و سەرەتا ناوی (باڵەک) بووە، بەڵام لە ساڵی 1970 ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ #گەڵاڵە#، ڕووبەری ئەم شارەدێیە 6 هەزار و و 446 کم دووجایە، کە بەم شێوەیە دابەش بووە (دەشت: 15٪، گرد: 10٪، چیا: 25٪) .
بەهۆی ستەم و زۆرداریی ڕژێمەکانی ئێراق، شارەدێی گەڵاڵە چەندین جار وێران کراوە و خەڵکەکەی ئاوارە بوون، لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی باشووری #کوردستان#، (گەڵاڵە) وەک سەرەتایەک ئاوەدان دەبێتەوە و ژمارەیەک ماڵ ڕووی تێ دەکەند. لە ساڵی 1991 تا ساڵی 2000 نزیکەی 69 گوندی لەخۆ گرتووە. لە ساڵی 2000 دا شارەدێی سمیلانی لێ بووەتەوە و تەنیا 32 گوندی ماونەتەوە، دوای داواکاری و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووانی شارۆچکەی #قەسرێ# ، ئەو شارۆچکەیەش بووە بە شارەدێ، بەمەش ئێستا تەنیا 14 گوند سەربە شارەدێی گەڵاڵە ماوەنەتەوە، واتە تەنیا گوندەکانی ڕێگای هامڵتۆن لەخۆ دەگرێت، لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا چەندین بەڕێوەبەری شارەدێ تیایدا دەستبەکار بوونە.
باڵەکایەتی ڕووبەرێکی فروانی بەرز و نزمی هەیە، بەشێکی بەرچاوی زەویی کشتوکاڵیی تێدا هەیە، خەڵکی ئەو ناوچەیە بەزۆری بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری خەریکن و بەرهەمەکانی جۆراوجۆر و بەزۆری دوو وەرزین (هاوین و پایز) یین، ئاووهەواکەی لە زستاندا سەخت و ساردە و لە هاوینشدا گەرم و مامناوەندە، ڕێژەی باران بارینی وەرزییە و باران لەو ناوچەیە مامناوەندییە، ئاووهەواکەشی شێدارە، لە وەرزی زستانیشدا ڕێژەی بەفربارین بەرز دەبێتەوە.
سەرچاوەکان:
- شارەدێی باڵەک، لاپەڕە (9) پەرتووکی شۆڕشی ئەیلوول لە باڵەکایەتی، نووسینی #ئیسماعیل گوندەژۆری#. - بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی گەڵاڵە.
- هەڵکەوتەی باڵەکایەتی و چەند زانیارییەک لەبارەی شارەدێی گەڵاڵە، ماڵپەڕی پارێزگای #هەولێر#.[1]