ناونیشانی بابەت:” پلانمان هەیە لەداهاتوودا بیکەینە شوێنەوارێکى گەشتیارى “
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى #سلێمانى# ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە کارى کنە و پشکنین لە گردى کونارە، کە گردێگى شوێنەوارییە و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا.
حسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى، بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: گردى کونارە، کە گردێکى شوێنەوارییە، دەکەوێتە نزیک #ئەشکەوتى هەزارمێرد# لەنزیک شارى سلێمانى و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا.
وتیشى: ”ئەو گردە شوێنەوارییە لە چلەکانى سەدەى ڕابردوودا دۆزراوەتەوە و لە شوێنەوارى ئێراق تۆمار کراوە، کە دەرکەوتووە شارێکى کۆنى سەردەمى میزۆپۆتامیا و زاگرۆسەکان و #لولەبییەکان# بووە.
بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى باسى لەوەش کرد: کۆمەڵێک نووسینى مێخى و خواردن و مامەڵەى بازگانى لێ دۆزراوەتەوە و پێشبینى دەکەین شتى گرنگ و باشترى مێژوویى و شوێنەواریى دیکەشى لێ بدۆزرێتەوە.
ئاماژەى بەوەش کرد: ئێستا کارى کنە و پشکنین لەو گردە، بە هاوکاریى تیمێکى فەڕەنسى دەستى پێ کردووەتەوە و بەهۆى گرنگیى شوێنەکەش، پلانمان هەیە لەداهاتوودا بیکەینە شوێنەوارێکى گەشتیارى.[1]