ناوبژیوانییەکی “شێخ مەحمودی حەفید” لە چەند بەڵگەنامەیەکدا
لەلایەن د. کارزان محەمەد
“شێخ مەحمودی حەفید” وێڕای ئەزموونی حکومڕانییەکەی کە گەشترین لایەنی بریتی بوو لە ڕەخساندنی ئازادییەک دوور لە ئینتیداب و دەسەڵاتی داگیرکەران، هەمیشە وەک کەسایەتییەکی مەزن تا لە ژیاندا مابوو، سەرقاڵی ناوبژیوانی و چارەسەری گرفتی هەر هاووڵاتییەکی کورد بووە کە لەبەر هۆکاری جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە زێدی خۆیان پەرتەوازە ببوون. لە چەند دیکۆمێنتێکی نوێدا، “شێخ مەحمودی حەفید” هەوڵی چارەسەری کێشەی دوو بەگزادەی ناسراوی مەریوان و هەورامان دەدات کە بریتین لە: “جەعفەر بەگ”ی گوندی “دەرگا شێخان”، “محەمەد شەریف بەگ”ی گوندی “وەیسە”.
ئەم دوو بەگزادەیە کە بەهۆی هەلومەرجی سیاسی ئەو سەردەمە، ئاوارەی کوردستانی باشوور دەبن، لە ڕێگەی شێخی نەمرەوە هەوڵ دەدەن بەئاشتەوایی بگەڕێنەوە بۆ نێو کەسوکاری خۆیان.
بەپشتبەستن بە دەقی یەکێک لەو دیکۆمێنتانە کە تایبەتە بە نامەیەکی “شێخ مەحمودی حەفید” بۆ کونسوڵگەری ئێران، داوای بەخشین بۆ ئەم دوو کەسایەتییە دەکات و تیایدا هاتووە:-
حضور حضرت محترم أقای قونصولگری دولتی شاهنشاهی ایران شهزاده عالی مقام زیده لطفه العالی
پس از ادای ارادت امیدوارم همیشە در لباس صحت و سعادت بودە باشید محترما از جهه أقایان رشید بیگ و جعفر بیگ ساکن قریە ویسە و درکاە شیخان می باشند و سایری محبان برادر زادەام جلال هر چە بە عرض برساند سخن مخص (احتمالا مخلص) است امیدوارم کە بە لطف خودتان سرافرازم فرمائید. زیادە عرضی نیست. حفیدزادە”.
“شێخ مەحمودی حەفید” لەم نامەیەدا وێڕای سڵاو و ڕێز، ئاماژەی بەوە داوە کە “شێخ جەلال”ی برازای بۆ گەیاندنی پەیامەکەی سەبارەت بە هەردوو بەگزادەی ناوبراو، سەردانی کونسوڵگەری دەکات.کونسوڵگەریش بەشێوەیەکی (نهێنی و بەپەلە) نامەیەکیان ئاراستەی سەفارەتی ئێران لە بەغداد کردووە، تیایدا ئاماژەیان بەو داخوازییەی شێخی نەمر داوە. لە نامەکەدا ئەوەیان خستۆتەڕوو کە پێیانباشە داخوازییەکەی “شێخ مەحمودی حەفید” بهێنرێتەدی، تیایدا هاتووە:- جەنابی شێخ مەحمود نامەیەکی بەهۆی شێخ جەلالی برازایەوە بۆ ئێمە ناردووە، داوای کردووە سەبارەت بە دوو هاووڵاتی کوردی ئێرانی کە لە ساڵی (1323-1944) لە ئێران هەڵاتوون و ئێستا لە دەوروبەری هەڵەبجەن، بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ ئێران، دەیانەوێ سەرلەنوێ لەلایەن دەوڵەتی شاهەنشاهییەوە لێ بوردنیان بۆ دەربکرێت.
دەوڵەتی شاهەنشاش گرەنتیان بداتێ تا بەرەو زێدی خۆیان بگەڕێنەوە. هەردوو ناوبراو یەکێکیان جەعفەر بەگی نیشتەجێی گوندی دەرگا شێخانە و ئەویتریان شەریف بەگی نیشتەجێی گوندی وەیسەی ئێرانن”.
“ئەبولفەزڵ شاهرۆخی”ی کونسوڵی ئێران نوسیویەتی: وێرای سڵاو، شێخ مەحمود بەهۆی برازاکەیەوە پەیامی بۆ ناردووین کە خودی خۆی بەڵێن دەدات و گرەنتیمان دەداتێ کە ئەم دوو کەسە نەک تەنها تا دواساتی تەمەنیان لە ئێران گوێڕایەڵ دەبن بەڵکو هەمیشە درێژە بەخزمەتی نیشتیمانیانە دەدەن”.
کونسوڵ لە درێژەی نامەکەیدا دەنوسێ:- شێخ مەحمود لە ڕێگەی شێخ جەلالەوە داوای لێبوردەیی بۆ عەبدوڵڵا دزڵی کوڕی مەحمود خانی دزڵیش لە دەوڵەتی شاهەنشاهی کردووە، بۆ ئەوەی ناوبراو بگەڕێتەوە زێدی خۆی و بچێتەوە نێو عەشیرەتەکەی”.
سەبارەت بەو داواکارییە، کونسوڵگەری بۆچوونی وایە:- ئەگەر هەنگاوەکانی سەفارەتی شاهەنشاهی ئەنجامی هەبێ و داخوازییەکەی شێخ مەحمود لەلایەن دەوڵەتی شاهەنشاهی پەسەند بکرێت، لە ڕاستیدا بە ئەنجامدانی ئەم داخوازییەی ناوبراو، ئەوا نزیکایەتی و خۆشەویستی شێخ مەحمودمان بەدەستهێناوە و لە ئایندەدا دەشێ ئەم بابەتە بۆ دەوڵەتی شاهەنشاهی ببێتەمایەی سودێکی گشتی” (1) .
دوای ناردنی نامە لەلایەن سەفارەتی ئێران لە بەغداد بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، جێگری وەزیری دەرەوە لە نامەیەکدا بە ژمارە (984) لە مێژووی (24-2-1325/14ی ئایاری 1946) بۆ سەرۆک وەزیران (واتا ئەحمەد قەوامولسەڵتەنە) (2)
داوای بڕیارێکی لەوبارەیەوە لێکردووە. لە نامەیەکدا “محەمەدعەلی هۆمایۆن جاە”ی جێگری وەزیری دەرەوە لە وەڵامدا نوسیویەتی:- “لەلایەن کونسوڵگەری سلێمانییەوە، ڕاپۆرتێک گەیەنراوەتە سەفارەتی شاهەنشاهی بەغداد سەبارەت بە داخوازییەکی شێخ مەحمودی حەفید بەهۆی شێخ جەلالی برازای، داوای لە کونسوڵگەری کردووە کە دەوڵەتی شاهەنشاهی گرەنتی بداتە دوو کوردی هەڵاتوو لە ئێراق بەناوەکانی جەعفەر بەگ نیشتەجێی گوندی دەرگا شێخان و محەمەد شەریف بەگ نیشتەجێی گوندی وەیسە تا بگەڕێنەوە بۆ ئێران.
جێگری وەزیری دەرەوە لە درێژەی نامەکەیدا وێرای نیشاندانی بێ ئاگایی خۆی لەبارەی هۆکارەکانی هەڵاتنی ئەم دوو کەسە بۆ خاکی ئێراق، نوسیویەتی:” ئەگەرچی وەزارەتی کاروباری دەرەوە ئاگادار نییە لە هۆکاری هەڵاتنی هەردوو ناوبراو بۆ خاکی ئێراق و پێشینەیان نییە، بەڵام پێمانوایە بەهۆی نفوزی “شێخ مەحمود” لەناو کوردان و ئەو ڕێزەی کۆمەڵگای کوردی لە ناوبراو و بنەماڵەکەی دەگرن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە “شێخ مەحمود” لەگەڵ کار و ڕەفتاری تێکدەرانەدا نییە و تائێستاش شتێکی ئەوتۆ دەربارەی ناوبراو نەبیستراوە کە بەپێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی شاهەنشاهی بێت، هەربۆیە داواکارین داخوازییەکەی ناوبراو بۆ گرەنتیدان بە جەعفەر بەگ و محەمەد شەریف بەگ پەسەند بکرێت، لە ڕێگەی کونسوڵگەری سلێمانییەوە وەڵامی ئەرێنی بە شێخ مەحمود بدرێتەوە”.
ناوبراو لە کۆتایی نامەکەیدا نوسیویەتی کە هەڵگری پەیام و ناوبژیوانەکە “شێخ جەلال”ی برازای شێخ مەحمودە، کەسایەتییەکی سیاسی خاوەن پێگەیە، چەندین خولیش نوێنەری شاری سلێمانی بووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق.
لە پەراوێزی نامەکەی وەزارەتی دەرەوەدا، سەرۆک وەزیر فەرمانی داوە تا پرسیار لە وەزارەتەکان جەنگ و ناوخۆ بکرێت کە چ پێشینەیەکیان دەربارەی ئەو دوو کەسە هەڵاتووە بەرەو ئێراق هەیە، بۆچوونی خۆیان دەربارەی ڕەزامەندی یاخود ڕەتکردنەوەی ئەو داخوازییەی شێخ مەحمود و وەزارەتی دەرەوە بخەنەڕوو.
بەدواداچوونەکان ئەوە دەخەنەروو کە وەزارەتەکانی ناوخۆ و جەنگ ڕەزامەندیان لەسەر ئەم داخوازییەی شێخ مەحمود دەربڕیوە.
(فەرەیدوونی) ی سەرپەرشتیاری وەزارەتی ناوخۆ لەوبارەیەوە بۆ (قەوام) ی سەرۆک وەزیری نوسیوە:- “جەنابی سەرۆک وەزیر سەبارەت بەو دوو کوردەی بەرەو ئێراق هەڵاتوون، پرسیار دەربارەی کرۆکی بابەتەکە لە فەرمانداری سننە کراوە، بەپێی وەڵامەکەیان گەڕاونەتەوە بەرەو شوێنی خۆیان لە خاکی ئێران و سەرقاڵی کاروباری خۆیانن”.
هەروەها سەرلەشکر (هیدایەت) لەلایەن وەزارەتی جەنگەوە لە وەڵامی فەرمانەکەی “ئەحمەد قەوام”ی سەرۆک وەزیردا بەم چەشنە ڕاپۆرتیان داوە:” جەنابی سەرۆک وەزیری بەڕێز، سەبارەت بە ڕاسپاردەکەی وەزارەتی کاروباری دەرەوە دەربارەی بەخشینی گرەنتی بەو دوو کەسە هەڵاتووە لە ناوچەی کوردستاندا بە خزمەتتان ڕادەگەیەنین: هەردوو ناوبراو لە ساڵی (1944) لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە حەمەڕەشیدخانی بانە، بەرەو ئێراق هەڵاتوون و ناوەکانیشیان لە لیستی ئەو هەڵاتووانەدایە کە لەلایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوە داواکراو بوون. بۆ گێڕانەوەشیان ڕێوشوێنی پێویست گیردراوەتەبەر.
بەهۆی ئەم بابەتەوە هەردوو ناوبراو پەیوەندییان بە فەرماندەی باڵای کوردستانەوە کردووە، بەڕادەستکردنی ژمارەیەک لە چەکەکانیشیان گرەنتیان پێدراوە، ئێستاش لە زێدی خۆیان نیشتەجێن، هەربۆیەشە ئاگاداری وەزارەتی کاروباری دەرەوە کراوەتەوە.
سەرچاوە:
احسان هوشمند، وقتی شیخ وساطت می کند، ماهنامە فرهنگی، اجتماعی، اقتصادی و سیاسی چرو (گسترە توزیع غرب کشور) ، دورە جدید، سال سوم، شمارە 23، صفحات 10-14، مرداد ماە 1393.
(1) – ئەم دیکۆمێنتە لە (مرکز اسناد ملی ایران) بە ژمارە (102006/1070) تۆمار کراوە، نامەی کونسوڵگەریش بە ژمارە (19) لە مێژووی (12/2/1225) دەرکراوە.
(2) – ئەحمەد قەوام (1873-1955ز) ناسراو بەقەوامولسەڵتەنە، ماوەی پێنج جار سەرۆک وەزیرانی ئێران بووە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=