ناونیشانی بابەت: هادى فەتاح.. ئەو شێوەکارەى هەموو وێنەکانى تایبەت کردووە بە سرووشت و شوێنەوار
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
هونەرمەندى شێوەکار هادى فەتاح، ماوەى پێنج ساڵە دەستى کردووە بە کارى کێشانى تابلۆ، کە ئەگەر زۆر ورد نەبیت، هەست ناکەى تابلۆکان بەدەست درووست کراون. ئەو دەڵێت: وێنەکانى تایبەتن بە بوارى سرووشت و شوێنەوار و لەسەر خواستى داواکار دەیانکێشێت.
لەوبارەیەوە، هادى فەتاحی شێوەکار بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: خولیاى وێنەکێشان هەر لە منداڵییەوە لەمندا هەبوو، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى و دواى خانەنشینبوونم لە ساڵى 2018 دەستم پێ کرد.
وتیشى: وێنەکێشانەکەى من شێوازی کلاسیکی، یان شێوازی ڕاستەقینەیی پێدەگوترێت، چونکە تابلۆکان لە ڕاستییەوە نزیکن و لەسەر داواى داواکار دەیانکێشم، بەو واتایەى کە ئەو وێنەیەکى فۆتۆگرافەرى دەهێنێت و من بەشێوەیەکى دەستکرد درووستی دەیکێشمەوە، کە هەست دەکەیت تام و چێژى بینین و #کورد#ەوارى و فۆلکلۆریى پێوە دیارترە.
هادى فەتاح باسى لەوەش کرد: تابلۆکان لەسەر قوماش (کانڤاس) دەکێشم، ڕەنگی ئەکرلیک و هەندێ جاریش ڕەنگی زەیتی بەکار دێنم و هەموویان لە بوارى سرووشت و شوێنەواریدان، چونکە سرووشت کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم هەیە، سرووشتی کەژ و کێو و دار و درەخەت و ئاو و ڕووبار، هەمووی هۆکارن بۆ ئارامکردنەوەی دڵ و دەروون و چێژ و خۆشییەکی زۆر لە تاماشاکردنیاندا هەیە و هیچ کات لێی بێزار نابیت.
ئەو شێوەکارە وتیشى: زۆربەی خەڵک حەزی لە تابلۆی سرووشتە، بە تایبەت سرووشتی ناوچەکەی، یان گوندەکەی خۆی، ئەو کەسانەى تابلۆکەیان بۆ دەکێشم، حەز دەکەن تابلۆیەکی ناوچەکەی خۆیان هەبێ و لە ماڵەکانیاندا هەڵیواسن.
لەبارەى بەشداریی لە پێشانگەکاندا، هادى فەتاح باسى لەوە کرد: من تابلۆ لەسەر داواکاریی خەڵک و بە پارە دەکێشم، هەر تابلۆیەک دەکێشم دەینێرم بۆ ئەو کەسەی، کە داوای کردووە، بۆیە تا ئێستا بوارى کردنەوەى پێشانگەم نەبووە، تابلۆی سرووشتیی ڕاستی، یان گوندێکی #کوردستان# کاتێکی زۆری دەوێت تا تەواو دەکرێت، تەنانەت وێنەی گوندی واهەیە هەفتەیەک یان دە ڕۆژ کاری دەوێت، بۆیە دەتوانم بڵێم، ئەو کارە لە هونەر دەرچووە و وەک کاری کرێکاری لێهاتووە، خۆی نرخی هونەر دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا بڕێکی زیاترت دەست بکەوێت، بەڵام خولیا و خۆشەویستى و ڕەزامەندیى خەڵک و بینەرى تابلۆکان، ئەو ماندووبوونەى نەهێشتووم.[1]