ناونیشانی بابەت: دەرگا و پەنجەرەى خانووە کەلەپووورییەکانى کۆیە دەبرێن
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
چالاکوانێکى بوارى شوێنەوار دەڵێت: لەلایەن هەندێک کەسەوە دەگار و پەنجەرەى خانووە کەلەپوورییەکان دەبرێن و بەڕێوەبەرى شوێنەواریى کۆیەش دەڵێت ”سنوورێکمان بۆ ئەو دیاردەیە داناوە.“
شەماڵ ئەحمەد، نووسەر و چالاکوانى بوارى شوێنەوار، بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: بەداخەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین کەرەستە و کەلوپەلی دێرین لە خانوو و کۆشکە دێرینەکانی گەڕەکە کۆنەکانی #کۆیە# بەتاڵان براون، ئەوە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لایەنە ئەمنییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو دیاردەیە دەستگیر نەکراوە.
وتیشى: کەلوپەلەکان، وێڕاى دەرگا و پەنجەرە و کەرەستەکان، مێژووى هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا، بە جۆرێک، دوایین کەرەستە کە دیار نەماوە، ڕاگری یەکێک لە کۆشکەکانی بنەماڵەی چەلەبییەکانە، کە بە نەخش و زەخرەفەی فارسی هەڵکۆدراوە.
لاى خۆیەوە یەکێتیى واحید، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى کۆیە، وێڕاى پشتڕاستکردنەوەى قسەکانى ئەو چالاکوانەى شوێنەوار، بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: بەهۆى ئەوەى لە خانووى چوارگەڕەکى کەلەپوورى ناو شارى کۆیە تەنیا چوار خانوو هى فەرمانگەى شوێنەوارن، نەمانتوانیوە مامەڵەى پاراستن و نۆژەنکردنەوەى خانووەکان وەک پێویست بکەین.
وتیشى: بەڵام دواى هەستکردنمان بەو دیاردەیە، بە فەرمى هێزە ئەمنییەکانمان بۆ چاودێرى و لێکۆڵینەوە لە دیاردەکە ئاگادار کردووەتەوە و ئەوانیش لاى خۆیانەوە کارى پێویستیان کردووە و هەست دەکەین دیاردەکە تا ڕادەیەکى باش کۆنتڕۆڵ کراوە و نەماوە، لە چاودێریکردن و پاراستنیشیان بەردەوام دەبین.[1]