ناونیشانی بابەت: سێ ڕاسپاردە لە کۆنفرانسى ڕۆژاوای زاگرۆس گەڵاڵە دەکرێن
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
مامۆستایەکى بەشى شوێنەوار لە #زانکۆى سلێمانى# ڕایگەیاند، سێ ڕاسپاردەیان لە (کۆنفرانسى ڕۆژاوای زاگرۆس لە هەزارەی یەکەمی زایینی) گەڵاڵە کردووە، کە هەفتەى ڕابردوو لە زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچوو.
دڵشاد زاموا، مامۆستاى شوێنەوار لە زانکۆى سلێمانى، بە (باسکورد)ى ڕاگەیاند: ئەو جۆرە کۆنفرانسانە گرنگیى خۆیان هەیە و وا دەکەن بابەتى شوێنەوار لە ناوخۆوە ببێتە پەیوەندییەکى زانستیى شوێنەواریى نێودەوڵەتى، بەتایبەت ئەو کۆنفرانسە، کە بە هاوبەشیی زانکۆی ساپێنزای ئیتاڵی بەڕێوەچوو.
وتیشى: لە کۆنفرانسەکەدا چەندین توێژینەوە و بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتى شوێنەوارى خرانە ڕوو، کە سەلمێنەرى پیشاندانى پاشماوەى کولتووریى باب و باپیرانمانن، کە هەر لە دێرزەمانەوە لەسەر ئەو زەوییە ژیاون و پەرەیان بە شارستانى و ڕەسەنایەتیى خۆیان داوە.
دڵشاد زاموا ئاماژەى بەوەش دا: لایەنەکانى ڕێکخەرى کۆنفرانسەکە، کە زانکۆى #سلێمانى# و بەڕێوەبەرایەتیى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى و زانکۆی ساپێنزای ئیتاڵی بوون، لە کۆتایى کۆنفرانسەکەدا سێ ڕاسپاردەیان گەڵاڵە کرد، کە کارى لەسەر بکەن، ئەوانیش ئەمانەن:
یەکەم: کۆنفرانسەکە بکرێتە زنجیرە کۆنفرانس و هەر دوو ساڵ جارێک کۆنفرانسی ڕۆژاوای زاگرۆس ببەسترێت.
دووەم: کۆنفرانسی ساڵی 2025 لە زانکۆی ساپێنزای ڕۆماى وڵاتى ئیتاڵیا ببەستین.
سێیەم: پەرتووکی کۆنفرانس بە زمانی ئینگلیزی لە ساڵی 2024 لە زانکۆی ساپێنزای ڕۆما چاپ دەکرێت و پوختەی کوردیی لەگەڵ دەبێت، هەروەها کار دەکەین بۆ وەرگێڕانی پەرتووکەکە و بڵاوکردنەوەی لە زانکۆی سلێمانی.
جێى وەبیرهێنانەوەیە، ڕۆژانى چوارشەممە و پێنجشەممەى هەفتەى ڕابردوو 13 و #14-09-2023# لە هۆڵى زانکۆی سلێمانی، (کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ڕۆژاوای #زاگرۆس# لە هەزارەی یەکەمی زایینیدا)، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و کەسانی پسپۆڕی بواری شوێنەوار لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و ڕۆشنبیران و کەسایەتییە ناسراوەکانی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. [1]