ناونیشانی بابەت بەوێنە.. قشڵەى کۆیە نۆژەن دەکرێتەوە
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
لەسەر بودجەى #حکوومەتى هەرێمى کوردستان#، #قشڵەى کۆیە# نۆژەن دەکرێتەوە، کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى عوسمانییەکان، لە نیوەى دووەمى سەدەى نۆزدەى زایینى. بەڕێوەبەرى فەرمانگەى شوێنەوار و کەلەپوورى کۆیە ڕایگەیاند، پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەى قشڵەى کۆیە لەسەر بودجەى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار، بە بڕى 76 ملیۆن دینار کارەکانى جێبەجێ دەکرێن.
#یەکێتی واحید#، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى شوێنەوار و کەلەپوورى کۆیە بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: نۆژەنکرنەوەى قشڵەى کۆیە چەند بڕگەیەک لەخۆ دەگرێت، وەک درووستکردنى دیوارى ڕاگر و پارێزەر بۆ بەشى باکوور، باشوور و ڕۆژاواى قشڵەکە، کە پێشووتر نەیبوو، بەوەش بیناى قشڵەکە دەپارێزرێت.
باسى لەوەش کرد: هاوکات ئاوەڕۆ لە چواردەورى قشڵە لە بەشى ناوەوە درووست دەکرێت و بە ئاوەڕۆى دەرەوە دەبەسترێتەوە، ئەوەش قشڵە لە ئاو تێچوون و لافاو لە ورزى بارانبارین دەپارێزێت.
بەڕێوەبەرى فەرمانگەى شوێنەوار و کەلەپوورى کۆیە ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: ئەو دیوارانەى مەترسیى داڕمانیان هەیە، بە بەرد و گەچى تایبەت نۆژەن دەکرێنەوە، بەدەر لەوەش، سسیتەمى ڕووناکى لەناو حەوشەى قشڵە، هەروەها سیستەمى کامێراى چاودێرییش بۆ زۆربەى شوێنەکانى قشڵە دادەنرێت.
بە گوتەى یەکێتیى واحید، بە تەواوبوونى ئەو پڕۆژەیە، ژمارەى سەردانیکارانى قشڵە زیاد دەبێت و سیماى شارستانی و شوێنەواریى قشڵە بە پارێزراوى دەمێنێتەوە.
بەپێى سەرچاوە مێژووییەکان، قشڵەى کۆیە لە سەردەمی والیی عوسمانی، فەرمانڕەوای بەغدا مەدحەت پاشا (1869-1872.ز) درووست کراوە، کە پێشووتر بە مەبەستی سەربازی سوودى لێوەرگیراوە.[1]