ناونیشانی بابەت: بەوێنە.. سەیرانگەی گەلی عەلی بەگ؛ ئەو تاڤگەیەی وێنەی لەسەر پارەی ئێراقی نەخشێنراوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
تاڤگەی گەلی عەلی بەگ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی سرووشتە ناوازەکەیەوە وێنەی لەسەر دراوی پێنج هەزار دیناریی ئێراقی نەخشێنراوە، لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵیش گەشتیاران سەردانی دەکەن.
سەیرانگەی #گەلی عەلی بەگ#، یەکێکە لە تاڤگە جوانەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هەرێمی #کوردستان#، 95کم لە ناوەڕاستی شاری #هەولێر#ەوە دوورە، هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کەوتووەتە نێوان چیای کۆڕەک و چیای برادۆست، بە درێژایی 12کم و بە بەرزیی 800م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و پلەی گەرمای لە هاویندا دەگاتە 31 پلەی سیلیزی و لە زستانیشدا دەچێتە10 پلەی سیلیزییەوە.
تاڤگەی گەلی عەلی بەگ بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی کوردستان و ئێراق دادەندرێت، جگە لە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و ئێراق، لە ئێران و وڵاتانی دیکەشەوە گەشتیار ڕووی تێ دەکەن، بەمەش لە ناوچەکەدا هەلی کار بۆ دەیان گەنج ڕەخساوە. [1]