تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی وڵاتی ئێراق بەشداری لەپاڵەوانێتی کاراتێ شۆتۆکانی شاری ئەردەبیلی لە وڵاتی ئێران کرد و توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بەو دەستکەوت و ئەنجامەیان ئەرسەلان مورادی ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاند، کە بە فەرمی و لەلایەن سەرپەرشتیارانی پاڵەوانێتی شۆتۆکانی ئەردەبێل بانگێشت کراین بۆ بەشداری لەپاڵەوانێتیی ناوبراو کە چوار وڵات تێیدا بەشدار بوو، هەروەک ئەرسەلان ئاماژەی پێکرد کە بە سوپاسەوە یانەکەیان وەک هەمیشە هاوکاریان بوون بۆ بەشداری تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە کە جێگری سەرۆکی یانە و سکرتێر و کارگێڕی هەماهەنگیان بوون و ئەوەش جێگەی پێزانینی ئەوان بووە، ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا وتی، تیمەکەمان بە حەوت یاریزانی لاو و بە ئەزموونەوە توانی لە دوایی کێبڕکێیەکی بەهێز لە یاری کۆتایی لە بەرانبەر هەڵبژاردەی ئەفغانستان یاری بکات و دوایی ڕکابەرییەکی توند یاریزانەکانی پێشمەرگە بە ئەنجامی 3 یاری بەرانبەر بە 2 یاری سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و میدالیایی ئاڵتونیان لە مل کرا.
مورادی وتیشی، ساڵانە لە وڵاتی ئێران چەندین پاڵەوانێتی هاوشێوە بەڕێوە دەچێت بەڵام لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵانەدا سەرجەم ئەو پاڵەوانێتیانە لە 3 تا 4 تیم زیاتر بەشداریان تێیدا نەکردووە ئەوەش لە دوای ئەوەی بەندە لەگەڵ هەردوو ئاغای ناسری و ئاغای عەتای سەرۆکی یەکێتی کاراتێی تاران و سکرتێری سەپکی شۆتۆکانی ئێران کە وتووێژمان لەو بارەیەوە کردووە و ئاماژەیان پێداوە.
سەبارەت بە بەهێزی ئەو پاڵەوانێتییەی پێشمەرگە تێیدا بەشدار بوو ڕاهێنەری تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە وتی، بەهێزی ئەو پاڵەوانێتییە تەنیا لە تیمەکانی دەرەکی خۆی نەدەبینییەوە بەڵکوو بەهۆی بەهێزی هەڵبژاردەی پارێزگەکانی ئێران کە هەر تیمێکیان هەڵبژاردەیەک بوون ڕکابەرییەکان توندوو قوورس بوون کە خۆشبەختانە ئێمە وەک یانەی پێشمەرگە بە پلەی یەکەم هاتین و ئەفغانستان بە دووەم و هەڵبژاردەی شاری ئەردەبێل-یش سێیەم بوون.
لە دوا وتەی ئەرسەلان مورادی وتی بەهۆی ئاست بەرزی یاریزانانی یانەی پێشمەرگە لە ئێستادا 2023 تیمەکەمان بانگێشتی پاڵەوانێتی کاراتێی کراوەی وڵاتی ئەرمینیاکراوین کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلولی 2023 بەڕێوە دەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکارییەکان دەست پێدەکەین .
[1]