شاری #سلێمانی# و هۆڵی داخراوی #یانەی وەرزشی سلێمانی# میوانداری لەپاڵەوانێتییەکی بەهێزی ئاستی پیشەگەران لە یاری موایتای کردوو تێیدا یاریزانێکی پێشمەرگە توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.
لە ڕۆژانی (21و22-09-2023) یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە بەڕێوەچوو کە خۆی لە چوار ڕکابەر دەبینیوە، یاریزان (مونزر عەلی) لە #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بەو ئەنجامەیان بەهمەن محەمەد ڕاهێنەر لە تیمی موایتایی یانەی وەرزشی پێشمەرگە تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاندوو وتی، تیپەکەمان چەندان یاریزانی پاڵەوانی تێدایە کە لەنێو خۆ و دەرەوەی وڵات توانیویانە ڕکابەری بۆ ئەنجام بکەن.
بەهمەن وتیشی، ئەم پاڵەوانێتییە لەلایەن (RFL) و بە هاوکاری یەکێتی موایتایی ئێراق ئەنجام درا کە یاریزانانی پیشەگەرانی ئێراق تێیدا بەشدار بوون و خۆشبەختانەش یانەی پێشمەرگە وەک هەمیشە توانی میدالیایی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
بەهمەن لە درێژەی وتەکانی وتی، مونزر عەلی یاریزانمان لە کێشی 51 کغم و بۆ تەمەنی 21 ساڵ کە لە هەمان کات یەکێکە لە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێراق ڕووبەڕووی یاریزان ئەحمەد محەمەد بووەوە کە بە هەمان شێوە یاریزانی هەڵبژاردەی ئێراقە و هەروەک پاڵەوانی عەرەبە توانی لە سێ ڕواندی 3 خولەکی سەرکەوتن بە دوایی سەرکەوتنی بەسەر تۆمار بکات و بەو ئەنجامەش پلەی یەکەم و خەڵاتی (RFL) و یەکێتی موایتایی ئێراقی پێ بەخشرا.
دواجار ڕاهێنەری تیمەکەی یانەی پێشمەرگە وتی، ئەم جۆرە پاڵەوانێتیانە گرنگە و ئاستی پاڵەوانان دیاری دەکات کە ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ بەرهەم محەمەد وەک دەستەی ڕاهێنەران بێوچان دەبن بۆ درووست بوونی پاڵەوانان و بە دیهێنانی خەون و ئامانجەکانیان بۆ یانەی پێشمەرگە.
[1]