بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە باری تەندرووستی، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە #15-10-2023#، تیمی لاوانی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە ئامادەبوونی وسام محەمەد بازگ سەرپەرشتیاری گشتی تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە و ستافی مەشقی و ڕاهێنەران و سەرجەم یاریزانانی تیپی تۆپی پێی لاوانی یانەی پێشمەرگە سەردانی یاریزانی تیمەکەیان (پەیوەست عومەر) کرد کە لە یاری کۆتاییان لە بەرانبەر لاوانی یانەی سەناعات کارەبا تووشی پێکان هات.
پەیوەست لەو یارییەدا توانی بە ئاستێکی بەرز ببینرێت و بووە خاوەن تاکە گۆڵی یاری نێوان هەردوو تیم و ئەو گۆڵەش سەرکەوتنی بۆ پێشمەرگەکان دەستەبەر کردوو گەیاندنیە ڕیزی یانە نایابەکانی ئێراق بۆ وەرزی داهاتوو.
لەو سەردانەدا، وسام محەمەد بازگ بە ناوی کارگێڕی یانەکەیان، یانەی وەرزشی پێشمەرگە هیوایی چاکبوونەوەی بۆ پەیوەست عومەر خواست و بە یەکێک لە یاریزانە بە ڕەوشت و ئاست بەرزەکانیش لەگەڵ هاوڕێکانی لەقەڵەمی داو وتی، ئەم تیمە لە سەرەتاوە بەو ڕۆحیەتە گەرمەوە یەک دەست هەوڵیان دا تا ناوی یانەکەیان بگەینە ڕیزی گەورەکانی ئێراق پێش تیپی تۆپی پێی پێشکەووتوانیان کە لە ئێستادا 2023 چاوەڕوانی دەستپێکی یارییەکانی خولی پلە یەکن و بە گەیشتنی تیمی لاوانمان بۆ ئاستی نایابی ئێراق ئێمە هەست دەکەین تەواوی بەرهەمی وەرزەکانی ڕابردومان چنیوەتەوە و ماندوبوونمان بە هەدەر نەچووە، هەر بۆیە دەستی ماندوو بوونی تەواوی یاریزانان و دەستەی ڕاهێنەران دەگوشین و هیواداریشین لە یاری کۆتایی بۆ دەست نیشان کردنی پاڵەوانی خولەکە بتوانین پێکەوە جامی ئێراق بهێنینەوە شاری سلێمانی.
لە کۆتایشدا بنەماڵەی پەیوەست سوپاسی خۆیان ئاڕاستەی یانەی پێشمەرگە و ستافە دڵسۆزەکەی تیپی تۆپی پێ کردوو دووپاتیان کردەوە کە پەیوەست، پەیوەستە بە یانەکەی، یانەی وەرزشی پێشمەرگەی خۆشەویست.
[1]